ISSUE 95 (2022)

نووچەنامەى ژماره‌ 95، مانگى 11 ى 2022


لە فاکەڵتیی پەروەردە گفتوگۆی نامەی ماستەری ژمارەیەک لە خوێندکاران بەڕیوەچوو

لە مانگی تشرینی دووەمدا 9 گفتوگۆی نامەی ماستەر لە بەشە جیاوازەکانی فاکەڵتی پەروەردەدا بەڕێوەچوو

دوو توێژەری بەشی مایکرۆبایۆلۆجی کتێبێکیان وەرگێڕایە سەر زمانی کوردی

دوو توێژەری بەشی مایکرۆبایۆلۆجی لە فاکەڵتیی زانست و تەندروستی زانکۆی کۆیە لە هەنگاوێکی گرنگ و پێشکەوتووانەدا کتێبێکی زانستییان لە بواری مایکرۆبایۆلۆجی وەرگێڕایە سەر زمانی کوردی.

"مایکرۆبایۆلۆجی، ڕێبەریی تاقیگەیی" ناونیشانی کتێبێکی زانستی بواری مایکرۆبایۆلۆجییە و لەلایەن "جەیمیس کاپۆچینۆ" و " چاد وێڵش" نووسراوە و دوو توێژەری چالاکی زانکۆی کۆیە " ئەژی ئارام" و "عەلی ئازاد" وەگێڕدراوەتەوە سەر زمانی کوردی.

هاوکات کتێبەکە بە یەکەم کتێبی زانستی لە بواری مایکرۆبایۆلۆجی بە زمانی کوردی دادەنرێت.

ئەژی ئارام، کە یەكێکە لە وەرگێڕەکان لە دیمانەیەکدا لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندنی زانکۆی کۆیە باسی لەوە کرد کە وەرگێڕانی ئەو کتێبە هەنگاوێکی گرنگە بۆ خزمەتکردنی بواری مایکرۆبایۆلۆجی چونکە سەرچاوەی زانستی لەم بوارەدا بە زمانی کوردی بەردەست نییە و گوتی:

" ئەم کتێبە دەتوانێت یارمەتیدەرێکی باش بێت بە تایبەتی بۆ خوێندکارانی قۆناغی یەکەم و هاوکات ئەم کتێبە گشت تاقیکردنەوەکانی بواری تاقیگە لەخۆدەگرێت و هەنگاو بە هەنگاو شی دەکاتەوە."

ئەژی ئارام، گوتیشی:

"ئامانجی ئێمە لەم وەرگێڕانە پڕکردنەوەی کەلێنی نەبوونی سەرچاوەی کوردی لە بواری مایکرۆبایۆلۆجییە بە تایبەتی بۆ خوێندکارانی قۆناغی یەکەم لە بەشە پزیشکییەکاندا و هاوکات ئەم کتێبە وەک سەرچاوەیەک بۆ خوێندکارانی ئەم بوارە یارمەتیدەر دەبێ".

ئەژی ئارام کەریم، دەرچووی بەشی میدیکەڵ مایکرۆبایۆلۆجی زانکۆی کۆیە، لە ساڵی خوێندنی ٢٠١٥-٢٠١٦ خوێندنی بە یەکەمی سەر ئاستی بەش و فاکەڵتی و زانکۆ تەواو کردووە و سەرەڕای ئەرکە وەزیفییەکەی خۆی لە فاکەڵتیی زانست و تەندروستی توێژەرێکی چالاکە و تاکو ئێستا چەند توێژینەوەیەکی لە گۆڤارە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان بڵاو کردووەتەوە.

توێژەری دووەمی کتێبەکە بەڕێز علی ئازاد عزیز کە ئەویش دەرچووی بەشی میدیکەڵ مایکرۆبایۆلۆجی زانکۆی کۆیەیە، یەکەمی سەر ئاستی بەش بۆ ساڵی ٢٠٢٠-٢٠٢١. ئێستا وانەبێژە لەو بەشە.

لە فاکەڵتیی زانستە مرۆڤايەتى و كۆمەڵايەتييەكان گفتوگۆی نامەی ماستەری ژمارەیەک لە خوێندکاران بەڕیوەچوو

لە مانگی تشرینی دووەمدا 3 گفتوگۆی نامەی ماستەر لە بەشە جیاوازەکانی فاکەڵتی زانستە مرۆڤايەتى و كۆمەڵايەتييەكاندا بەڕێوەچوو


لە فاکەڵتیی پەروەردەی وەرزش گفتوگۆی نامەی ماستەری ژمارەیەک لە خوێندکاران بەڕیوەچوو

لە مانگی تشرینی دووەمدا 2 گفتوگۆی نامەی ماستەر لە بەشە جیاوازەکانی فاکەڵتی پەروەردەی وەرزشدا بەڕێوەچوو


لە فاکەڵتیی زانست وتەندروستی گفتوگۆی نامەی ماستەری ژمارەیەک لە خوێندکاران بەڕیوەچوو

لە مانگی تشرینی دووەمدا 2 گفتوگۆی نامەی ماستەر لە بەشە جیاوازەکانی فاکەڵتی زانست وتەندروستی بەڕێوەچوو


سیمینارێک دەربارەی بەرنامەی Fulbright بەڕێوەچوو

لە هۆڵی سەرۆکایەتی زانکۆی کۆیە سیمینارێک دەربارەی بەرنامەی Fulbright

ساز کرا

ڕۆژی چوارشەممە ٢ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢ بەڕێوەبەرایەتی پەیوەندییەکانی زانکۆی کۆیە بە هەماهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوی ئەمیدستی ئەمریکی AMIDEAST سیمینارێکیان ڕێکخست تایبەت بە چۆنیەتی پێشکەش کردن بۆ بەرنامەی Fulbright Visiting Scholar Program for Iraq بۆ سەرجەم مامۆستایانی زانکۆ هەڵگرانی بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرا.

سیمینارەکە بە ئامادەبوونی ژمارەیەک مامۆستا لە هۆڵی (B) لە سەرۆکایەتی زانکۆی کۆیە بەڕێوەجوو و لەلایەن بەڕێزان هەندرێن باڵەکی و د. تۆڵە فەرەجەوە پێشکەشکرا و تێیدا باس لە دەرفەتکانی مامۆستایانی زانکۆ بۆ دروستکردنی پەیوەندیی زەمالەی ئەکادیمی لەگەڵ دامەزراوەیەکی خوێندنی باڵای ئەمریکی بۆ ماوەی سێ مانگ لە ساڵی ئەکادیمی ٢٠٢٢-٢٠٢٣ کرا.

ڕێوڕەسمی حەڤدەهەمین خولی دەرچووانی زانکۆی کۆیە

٢٠٢١-٢٠٢٢

هۆڵی فاکەڵتیی وەرزش

رۆژی یەکشەممە ٦ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢

کاتژمێر ٣ی پاش نیوەڕۆ

#KOUCLASSOF2022

#KOUCLASSOF2022

#KOUCLASSOF2022

لیژنەی نوێی بەرزکردنەوەی نازناوی زانستی دەستبەکاربوون

یەکشەممە ١٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢

ئەمڕۆ بە سەرپەرشتی بەڕێز سەرۆکی زانکۆ پ.ی.د. محمد حسیب صدیق و ئامادەبوونی بەڕێزان یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا پ.ی.د. حیدر لەشکری و یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری کارگێڕی و دارایی پ.ی.د. رۆستەم سەلام عەزیز ڕێوڕەسمی دەستاودەستکردنی ئەرکی لیژنەی بەرزکردنەوەی نازناوی زانستی بەڕێوەچوو.

لە دەستپێکی ڕێوڕەسمەکەدا بەڕێز سەرۆکی زانکۆ سوپاسی سەرۆک و ئەندامانی لیژنەی پێشوو کرد و ستایشی ئەرک و ماندووبوون و کارەکانیانی کرد و پیرۆزبایی لە سەرۆک و ئەندامە نوێکانی لیژنەکە و ئاماژەی بە قورسی و هەستیاریی ئەم ئەرکە کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆیان خواست.

لەلای خۆیەوە بەڕێز سەرۆکی پێشووی لیژنەی بەرزکردنەوەی نازناوی زانستی پ.د. لطیف محمد حسن، سوپاسی سەرۆکی زانکۆ و یاریدەدەرانی سەرۆکی زانکۆی کرد و کارەکانیان لە ماوەکانی رابردوو لەو لیژنەیە خستەروو و هیوای سەرکەوتنی بۆ سەرۆک و ئەندامانی نوێی لیژنەکە خواست.

سەرۆکی نوێی لیژنەی بەرزکردنەوەی نازناوی زانستی پ.ی.د. أیاد حازم حسن سوپاسی سەرۆکی زانکۆ و ئەنجوومەنی زانکۆی کرد بۆ پێدانی ئەو متمانەیە و سوپاس و دەستخۆشی لە سەرۆک و ئەندامانی لیژنەی پێشوو کرد.

هاوکات لە میانی رێوڕەسمەکەدا بەڕێز سەرۆکی زانکۆ فەرمانی زانکۆیی پێدانی سوپاس و پێزانینی بەخشییە سەرۆک و ئەندامانی پێشووی لیژنەی بەرزکردنەوەی نازاناوی زانستی.

لیژنەیەکی تایبەت بۆ دیجیتاڵ ئەرشیف کردنی کتێب و دەستنووسەکانی مەلای گەورە پێکدەهێندرێت

سیشەممە ١٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢

بەڕێز سەرۆکی زانکۆ پ.ی.د. محمد حسیب صدیق بە یاوەری بەڕێز یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا پ.ی.د. حەیدەر لەشکری، بەڕێز یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری کارگێڕی و دارایی پ.ی.د. رۆستەم سەلام عەزیز و بەڕێز یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری خوێندکاران پ.ی.د. قارەمان نادر سەردانی کتێبخانەی ناوەندیی زانکۆیان کرد و لەلایەن بەڕێزان بەڕێوەبەری کتێبخانەی ناوەندیی زانکۆ د. ئارام سامی و بەرپرسی کارگێڕیی کتێبخانەی ناوەندی بەڕێز شاخەوان محمد پێشوازییان لێکرا.

لە میانی سەردانەکەدا بەڕێز سەرۆکی زانکۆ بەشەکانی کتێبخانەکەی بەسەرکردەوە و لەلایەن بەڕێز بەڕێوەبەری کتێبخانەی ناوەندییەوە زانیاری تەواوی دەربارەی شێوازی کارکردن، پۆلێنکرد، ژمارەی کتێب و جۆری کتێبەکانی وەرگرت و گوێی لە گرفت و ئاستەنگەکانی بەردەم کارەکانی کتێبخانە گرت.

بەڕێز سەرۆکی زانکۆ، بە تایبەتی جەختی لە پاراستن و ئەرشیفکردنی کتێب و دەستنووسەکانی مەلای گەورەی کردەوە و بۆ ئەم مەبەستەش بریاریدا لیژنەیەکی تایبەتی لە کەسانی پسپۆر لە بواری دەستنووس و ئەرشیف کردن پێکبهێندرێت.

سەبارەت بە بەستنەوە و دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ کتێبخانە نێودەوڵەتییەکان بەرێز سەرۆکی زانکۆ ئاماژەی بە گرنگیی ئەم پرسەی بۆ زانکۆ و خویندکاران و توێژەران کرد و جەختی لەسەر زیادکردنی هەوڵەکان بۆ بەستنەوەی کتێبخانەی زانکۆ بە یەکێک یان زیاتر لە کتێبخانەیەکی نێودەوڵەتی کردەوە.

پەرلەمانتار بەدریە حسین سەردانی زانکۆی کۆیەی کرد

پێنجشەممە ١٧ی تشرینی دوومەی ٢٠٢٢

بەڕێز سەرۆکی زانکۆ، پ.ی.د. محمد حسیب صدیق پێشوازی لە بەڕێز ئەندامی لیژنەی خویندنی باڵا لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، خاتوو بەدریة حسین کرد.

لە میانی دیدارێکدا کە هەریەک لە بەڕێزان یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا پ.ی.د. حەیدەر لەشکری، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری کارگێڕی و دارایی پ.ی.د. رۆستەم سەلام عەزیز ئامادەیبوون، تاوتوێی هەماهەنگیی نێوان زانکۆی کۆیە و زانکۆ و دامەزراوەکانی سەر بە وەزارەتی خوێندنی باڵای حکوومەتی فیدڕاڵ، کاریگەرییەکانی لیژنەی خویندنی باڵا لە ئەنجوومەنی نوێنەران وچەند پرسێکی دیکە کرا.

بەڕێز سەرۆکی زانکۆ، خۆشحاڵی خۆی بە سەردانەکەی خاتوو بەدریة حسین دەربڕی و ئاماژەی بە گرنگیی پێگەی بەڕێزیان وەکو ئەندامی لیژنەی خویندنی باڵا لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کرد و باسی لە گرفتەکانی زانکۆی کۆیە بە تایبەتی دانپێنانی فاکەڵتیی پریشکی لە لایەن وەزارەتی خوێندنی باڵای حکوومەتی فێدراڵ و ئەو هەنگاوانەی کە بەو ئاراستەیەدا نراوە کرد.

لەلای خۆیەوە پەرلەمانتار بەدریة حسین خۆشحاڵی خۆی بە سەردانەکە دەربڕی و ئامادەیی هەموو هاوکارییەکی بۆ زانکۆی کۆیە نیشاندا و بەڵێنی دا بەدواداچوون بۆ گرفتەکان بکات.

یەکەم وۆرکشۆپی هاوبەشی نێوان زانکۆی کۆیە و زانکۆی ئەڵستەر بەڕێوەچوو

دووشەممە ٢١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢

ئەمڕۆ لە چوارچێوەی کار و چالاکییەکانی پاڵپشتە داراییەکەی ئەکادیمیای بەریتانی کە لە نێوان زانکۆی و زانکۆی ئەڵستەری بەریتانی بەدەستهاتووە. لە هۆڵی فاکەڵتیی وەرزش بە ئامادەبوونی ٧٠ مامۆستای فاکەڵتییەکانی زانکۆ، دوو وۆرکشۆپ لەلایەن د. شیرکۆ کرمانج-وە پێشکەش کرا.

وۆرکشۆپی یەکەم لە کاتژمێر ٠٩:٠٠ بۆ ١١:٠٠ لە ژێر ناونیشانی: "Academic Writing: How to publish in Scopus indexed publication"

وۆرکشۆپی دووەم لە کاتژمێر ١٢:٠٠ بۆ ١٤:٠٠ لە ژێر ناونیشانی: "Research Ethics: Conducting research"

لە میانی وۆرکشۆپی یەکەمدا د. شێرکۆ کرمانج بە وردی باسی لە هەنگاوەکانی بڵاوکردنەوە لە گۆڤارە نێودەوڵەتییە خاوەن سکۆپەس و ئیندێکسی بەرز کرد.

لە وۆرکشۆپی دووەمدا، د. شێرکۆ باسی لە رەوشتەکانی بڵاو کردنەوەی توێژینەوە کرد و شێوازەکانی ئەنجامدانی توێژینەوەی خستەبەرباس.

هاوکات ماوەیەکی بۆ پرسیاری ئامادەبووان و وڵامدانەویان لەلایەن د. شیرکۆ تەرخانکرا.

مامۆستایەکی بەشی مێژوو بەشداری لە گفتوگۆی نامەی خوێندکارێکی ماستەر کرد

یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری خویندکاران و مامۆستا لە بەشی مێژووی فاکەڵتیی پەروەردە، پ.ی.د. قارەمان نادر محمد، وەکو ئەندام بەشداری لە لیژنەی گفتوگۆی نامەیە ماستەری خوێندکاری بەشی میژوو لە کۆلیجی زانستە مرۆڤایەتیەکانی زانکۆی سلێمانی "عبدالله احمد عبدالله" بە ناونیشان:

" مەلای گەورەی کۆیە (١٨٧٦- ١٩٤٣)، لێکۆڵینەوەیەکی مێژووی لە ژیانی و ڕۆڵی فەرهەنگی و دادگەری و سیاسیدا" کرد.

بەشی ئەندازیاری تەلارسازیی فاکەڵتیی ئەندازیاری وۆڕکشۆپێکی هاوبەشیان بەڕێوەبرد

بەشی ئەندازیاری تەلارسازیی فاکەڵتیی ئەندازیاریی زانکۆی کۆیە بە هاوبەشی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەرەپێدانی مرۆیی سەربە وەزارەتی پلاندانانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان وۆڕکشۆپێکیان بە ناونیشانی "ستراتیژییەکانی بینای بەردەوام" لە هۆڵی ئێنیستیتۆی کوردستان بۆ کارگێڕیی گشتی لە شاری هەولێر بەڕێوەبرد.

ڕۆژی چوارشەممە ١٢ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢، بەشی ئەندازیاری تەلارسازیی فاکەڵتیی ئەندازیاریی زانکۆی کۆیە بە ئامادەبوونی پ.ی.د گەلاوێژ بەکر ڕاگری فاکەڵتیی ئەندازیاری، د. وێژە حويز سەرۆکی بەشی ئەندازیاریی تەلارسازی، پ.ی.د ڕەهێڵ خالید لێپرسراوی سەنتەری توێژینەوەی فاکەڵتیی ئەندازیاری، د. چرۆ علي لێپرسراوی پڕۆگرامی توێژینەوەی بینای بەردەوام، بە هاوبەشی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەرەپێدانی مرۆیی سەربە وەزارەتی پلاندانانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان وۆڕکشۆپێکیان بە ناونیشانی " ستراتیژییەکانی بینای بەردەوام" لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان بەڕێوەبرد.

ئەم وۆڕکشۆپە لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی زانکۆی کۆیە لەگەڵ دام و دەزگا حکوومییەکانی هەرێمی کوردستان و بە ئامانجی دروستکردنی پردی پەیوەندی بەڕێوەچووە تاکوو لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەت یارمەتیدەربن لە بەدیهێنانی ئامانجەکانی پڕۆگرامی توێژینەوەی فاکەڵتیی ئەندازیاری ئەویش لەڕێگەی کەمکردنەوەی کاریگەرییە نەرێنییەکانی بیناکان لەسەر ژینگەی دەوروبەر و دابینکردنی ژینگەیێکی ئارام و ئاسوودە و تەندروست لە ناوەوەی بیناکان لەڕێگەی هەوڵدان بۆ کەمکردنەوەی بەکارهێنانی وزە و پاراستنی بە بەکارهێنانی وزە جێگرەوەکانی وەک وزەی خۆر و با.

لەمیانەی وۆڕکشۆپەکەدا لە چەند پانێلی جیاجیادا توێژینەوە و لێکۆڵینەوەی پێشکەش کرا بەمشێوەیەی خوارەوە:

١- د. چرۆ علي " Introduction to Sustainability and Sustainable Building Concept "

٢- أ.م.د. ڕەهيل خالد " Construction Materials and Sustainability "

٣- د.وێژە حويز "The Evaluation of a residential high-rise building in term of Energy performance: Erbil city as a case"

دوو مامۆستای بەشی پەروەردە و دەروونزانی چەند سیمینارێکیان بۆ پەروەردەی کۆیە ئەنجامدا

لە چوارچیوەی هەماگەنگیی نێوان زانکۆی کۆیە و بەریوەبەرایەتی پەروەردەی کۆیە، دوو مامۆستای بەشی پەروەردە و دەروونزانیی فاکەڵتیی پەروەردە وۆرکشۆپێکی دوو ڕۆژەیان بۆ ڕێنمایکارانی قوتابخانەکانی شاری کۆیە و دەوروبەری ئەنجامدا.

وۆرکشۆپەکە بە ئامانجی کەمکردنەوەی ترس و دڵەڕاوکی و تۆقینی منداڵان و ھەرزەکاران لە قۆتابخانەکان بە کاریگەری موشەکبارانی سەر شاری کۆیە بەڕێوەچوو و لەلایەن هەریەک لە سەرۆکی بەشی پەروەردە و دەروونزانی، پ.د. کاوە عەلی و مامۆستا هاژە تەها مامۆستا لە هەمان بەش ئەنجامدرا.

خوێندکارانی بەشی مێژوو سەردانێکی زانستییان بۆ شارەکانی سۆران و ڕەواندز ئەنجامدا

خوێندکارانی قۆناغی سێی خویندنی بەیانیان لە بەشی مێژووی فاکەڵتیی پەروەردە بە سەرپەرشتی پ.ی.د. جمال فتح الله طیب و م. زانا تەیفور و خویندکارانی قۆناغی سێی خویندنی ئێواران بە سەرپەرشتی پ.ی.د. احمد محمدامین قادر و م.ی. کاروان شەریف سەردانێکی زانستییان بۆ شارەکانی سۆران و رەواندز ئەنجامدا.

لە میانی گەشتەکەدا خوێندکارەکان سەردانی تۆپه‌كه‌ی میر محمد میری میرنشینی سۆران له‌ ڕه‌واندز و قه‌ڵای ئیج پاشایان له‌ شاری سۆران کرد.

لە فاکەڵتیی پەروەردە دیداری عەزیز گەردی بۆ وەرگێڕان بەڕێوەچوو

پێنجشەممە ٢٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢

بە ئامادەبوونی بەڕێز سەرۆکی زانکۆ، پ.ی.د. محمد حسیب صدیق، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری کارگێڕی و دارایی، پ.ی.د. رۆستەم سەلام عەزیز، ڕاگری فاکەڵتیی پەروەردە پ.د. سەفین جەلال فتح الله و ژمارەیەکی زۆر مامۆستا و خوێندکار، دیداری "عەزیز گەردی بۆ وەرگێڕان" کە لەلایەن بەشی زمانی کوردییەوە ئامادەکرابوو، بەڕێوەچوو.

دیدارەکە لە یەک پانێل پێکهاتبوو کە سێ توێژینەوەی بە ناونیشانەکانی:

"سۆسيۆ ڕۆشنبيرى لە وەرگێڕانى (داغستانى من)ى عەزيز گەرديدا" لەلایەن پ.د. پەخشان صابر حمد لە زانکۆی سۆران و د. پەروین عوسمان مستەفا لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێرەوە.

"نموونەيەك لە وەرگێڕانەكانى پاشاى وەرگێڕان، عەزيز گەردى"، پ.ى.د. دەريا جەمال حەوێزى و م.ی. شەیدا باسم عەبدوڵڵا لە زانکۆی کۆیە.

"كتێبناسى وەرگێڕانە فارسييەكانى عەزيز گەر"، م.ى. قادر فتاح أحمد لە زانکۆی کۆیە، پێشکەش کرا.

دیدارەکە دوای وەرگرتنی سەرنج تێبینی و پرسیاری ئامادەبووان کۆتایی پێهات.

بەشی زمانی کوردی لەگەڵ کردنەوەی کۆلێژی پەروەردەی زانکۆی سلێمانی لە کۆیە لەبەرواری (١٣/١/٢٠٠١) یەکەم بەش بووە، کە کراوەتەوە و بۆساڵی ٢٠٠٣-٢٠٠٤ یەکەم پۆلى لەخوێندکارانی دەرچووە.

بەشى كوردى لە دەستەیەک مامۆستای بە ئەزمون و خاوەن بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرا و، نازناوی زانستی وەک پرۆفیسۆر، پرۆفیسۆری یاریدەدەر، مامۆستا و م،امۆستای یاریدەدەر پێکهاتوە.

بەشی زمانی کوردی هەموو ساڵێک لەسەرەتای ساڵی تازەی خوێندندا بەمەبەستی پێشخستنی ئاستی زانستی و ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتی پەیامی بەشەکەی دیاری دەکات و چەندین لیژنە پێکدەهێنێت بۆ بەدى هێنانى ئامانجە دارێژراوەكان.

ئەرکی بەش پێگەیاندنی خوێندکارە بەشێوەیەکی زانستی و ئەکادیمی، هەوڵدەدات لەسەر شێوەیەکی نوێ و لەڕوانگەی زانست و پەروەردەوە کادر و مامۆستای شارەزا و لێهاتووى زمان و ئەدەبى کوردى پێبگەیەنێت و نەوەی نوێ بەخۆشەویستی و گیانی نیشتمان پەروەری پەروەردە بکات. دەرچوانی بەشەکە دەتوانن ببن بەمامۆستا لە خوێندنگاکان، هەروەها دەتوانن كاربكەن لەدەزگاکانی ڕاگەیاندن و دەزگاکانی چاپەمەنی وەکو زمانەوان و وەرگێر، وێڕاى كاركردن لە هەموو فەرمانگە و دامەزراوە حکومی و ناحکومییەکان وەکو هەڵسەنگێنەری زمانەوانی.

خوێندکارانی بەشی ئەندازیاری کیمیاوی فاکەڵتیی ئەندازیاری گەشتێکی زانستیان ڕێکخست

خوێندکارانی قۆناغی چوارەمی بەشی ئەندازیاریی کیمیاوی لە فاکەڵتیی ئەندازیاری بەسەرپەرشتی م.ی. راوێژ معتصم مصطفى، گەشتێکی زانستیان بۆ کۆمپانیای ماس بۆ بەرهەمهینانی کارەبا لە چەمچەماڵ ئەنجامدا.

لەلایەن ستافی کۆمپانیاوە پێشوازی لە خوێندکاران کرا و بەڕێوەبەری ژووری کۆنترۆلی پڕۆژەکە سیمینارێکی بۆ ناساندنی پرۆسەی بەرهەمهێنان و شێوازی کارپێکردنی وێستگەکە بۆ خویندکاران پێشکەش کرد.

کۆمپانیای ماس بۆ بەرهەمهینانی کارەبا بە پشتبەستن بە تایبەتمەندی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان کاردەکات و توانای بەرهامهێنانی هەزار و ٥٠٠ مێگاوات کارەبای هەیە.

گەشتەکە زۆر بەسوود بوو بۆ خوێندکاران، بۆ بەرزکردنەوەی زانیارییە زانستییەکانیان.

هاوکات، هەوڵ و ماندووبوونی بەڕێوەبەر و ستافی کارگەکە ڕۆڵێکی گرنگیان هەبوو لە سەرکەوتنی ئەم گەشتە.

گرووپی سۆفت سپەیس

سۆفت سپەیس گروپێکی خوێندکارانی بەشی پرۆگرامسازی فاکەڵتیی ئەندازیاریی زانکۆی کۆیەیە، هەڵدەستن بە ئەنجامدانی چەندین چالاکی بۆ خزمەتکردنی بەشی پرۆگرامسازی، ئاشناکردنی خوێندکاران بە جیهانی کارکردن و بەرزکردنەوەی ئاستی خوێندکاران و ئاشناکردنیان بە جیهانی تەکنەلۆژیا.

لەم ڤیدیۆیەدا سۆفت سپەیس بەمەبەستی سود گەیاندن بە خوێندنکارانی قۆناغی یەکەم، پرسیاری لە کۆمەڵێک خوێندکاری ئەندازیاری پڕۆگرامسازی لە قۆناغی جیا جیا کرد کە چ شتێکی باش و چ شتێکی هەڵەیان کردووە لەماوەی خوێندنیان.

@softspace.ku

تاقیکردنەوەی کۆتایی خولی حەوتەمی ئاستی Pre-Intermediate بەڕێوەچوو

شەممە ٢٦ی تشرینی دووەم ٢٠٢٢

بە سەرپەرشتی نوێنەری وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، د.ڤیان محمود، و ئامادەبوونی بەڕێوەبەری سەنتەری بەهار بۆ زمانی ئینگلیزی، م.ابراهیم عبدالرحمن أحمد و هەریەک لە م. ی. مەریوان ظاهر طاهر و م. هاوکار أکرم عولا وەکو مامۆستای چاودێر، تاقیکردنەوەی کۆتایی خولی حەوتەمی فێرکاریی ئاستی (Pre-Intermediate) بۆ سەنتەرەکانی زمان لە سنوری پارێزگای هەولێر بەڕێوەچوو.

تاقیکردنەوەکان لە هۆڵەکانی سەنتەری زمان و وەرگێران و هۆڵەکانی کۆلێژی پەروەردەی بنەڕەتی زانکۆی سەلاحەدین بە شێوەی ناوەندی و بە بەشداری ٥٩ خوێندکاری زانکۆی کۆیە بەڕێوەچوو.

بەشی کلینیکاڵ سایکۆلۆجی بە هەماهەنگی لەگەڵ رێکخراوی UNITAD خولێکیراهێنانی بەڕێوەبرد

بەشی کلینیکاڵ سایکۆلۆجی لە فاکەڵتیی زانست و تەندروستی، بە هەماهەنگی لەگەڵ رێکخراوی UNITAD خولێکی راهێنانیانی سێ ڕۆژەی بە ناونیشانی:

"چارەسەری ڕەفتاری مەعریفی لەسەر زەبر و زەنگ بۆ منداڵان- Trauma-Focused CBT for Children" بەڕێوەبرد.

خولەکە بۆ ماوەی سێ ڕۆژ لە هۆڵی کتێبخانەی ناوەندیی زانکۆی کۆیەوە و بە ئامادەبوونی ١٠ مامۆستا لە بەشەکانی پەروەردەو دەروونزانی فاکەڵتیی پەروەردە، کلینیکاڵ سایکۆلۆجی لە فاکەڵتیی زانست و تەندروستی چەند خوێندکارێکی ماستەر بەڕێوەچوو.

لە میانی خولەکەدا وانەبێژانی رێکخراوی UNITAD، چەند سیمینارێکیان دەربارەی بابەتەکە پێشکەش کرد و زانیاری تیۆری و کۆبوونەوەی مەشقییان بە بەشداربووان کرد.

بەڕێز سەرۆکی زانکۆ جەختی لەسەر گرنگیی کارەکانی تەندروستی و سەلامەتی کردەوە

رۆژی پێنجشەممە ٢٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢، بەڕێز سەرۆکی زانکۆ، پ.ی.د. محمد حسیب صدیق بەشداری لە کۆبوونەوەیەکی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی و سەلامەتی کە هەریەک لە بەڕێز بەڕێوەبەری تەندروستی و سەلامەتی زانکۆ، د. رێبوار طاهر و نوێنەرانی فاکەڵتیی و بەڕێوەبەرایەتییەکانی زانکۆ ئامادەی بوون.

بەڕێز سەرۆکی زانکۆ، لە میانی کۆبوونەوەکەدا دەستخۆشی لە بەڕێوەبەر و نوێنەرانی تەندروستی و سەلامەتی کرد و جەختی لەسەر گرنگیی پەیڕەو کردنی مەرجەکانی تەندروستی و سەلامەتی و کۆنتڕۆل کردن و بەدواداچوون و تەواو کردنی کەموکوڕییەکان کردەوە.

پ.ی.د. محمد حسیب صدیق، ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم رووداوە دڵتەزێنانەی ئەم دواییانە لە تەقینەوەی تانکیی گازی سروشتی و رووداوەکانی ئاگر کەوتنەوە، جارێکی دیکە گرنگیی بایەخدان بە مەرجەکانی تەندروستی و سەلامەتی و پەیرەو کردنی دووپات کردەوە.

هاوکاتر بەڕێز سەرکۆی زانکۆ، داوای لە بەڕێوەبەر و نوێنەرانی تەندروستی و سەلامەتی کرد کە بە وردی بە هەموو شوێنەکان و پیداویستییەکان بچنەوە و ئامادەیی خۆی بۆ جێبەجێ کردنی تەواو داواکارییەکان و تەواو کردنی کەموکوڕییەکان دەربڕی.

لەلای خۆیەوە بەڕێوەبەری تەندروستی و سەلامەتی، د. رێبوار طاهر بە وردی باسی لە دوایین دۆخی تەندروستی و سەلامەتی، پێداچوونەوە، کۆنتڕۆڵ کردن و کەموکورییەکانی بۆ بەڕێز سەرۆکی زانکۆ کرد.

خوێندکارانی بەشی مێژوو سەردانێکی زانستییان ئەنجامدا

ڕۆژی یەکشەممە ٢٧ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢، خوێندکارانی قۆناغی دووەمی بەشی مێژوو لە فاکەڵتیی پەروەردە سەردانێکی زانستییان بۆ شاری هەولێر بە سەرپەرشتی پ.ی.د. کامەران عەزیز و م.ی. نێرگز بایز ئەنجامدا.

لە میانی سەردانەکەدا خوێندکارەکان مۆزەخانەی ھەولێر و قەڵای دێرینی ھەولێریان بەسەرکردەوە.

سەردانەکە بە مەبەستی زیاتر ئاشنا بوون بە شوێنەوار و رووداوە مێژوویەکان ئەنجامدرا و لەلایەن ستاف و کارمەندانی هەردوو شوێن کۆمەلێک زانیاری بە خوێندکاران درا.


سەرکۆماری پێشووی عێراق د. فوئاد مەعصوم سەردانی زانکۆی کۆیەی کرد

سیشەممە ٢٩ی تشرینی دووەم ٢٠٢٢

ئەمڕۆ بەڕێز سەرکۆماری پێشووی عێراق، د. فوئاد مەعصوم بە هاوەڵی بەڕێز، پ.د. خدر مەعصوم سەردانی زانکۆی کۆیەیان کرد و لەلایەن بەڕێز سەرۆکی زانکۆی کۆیە، پ.ی.د. محمد حسیب صدیق و بەڕێزان ئەندامانی ئەنجوومەنی زانکۆ و بەڕێز پ.د. جەواد فەقێ عەلی-وە پێشوازییان لێکرا.

سەرەتا، بەڕێز د. فوئاد مەعصوم پیرۆزبایی لە بەڕێز پ.ی.د. محمد حسیب صدیق کرد بە بۆنەی دەستبەکاربوونی وەکو سەرۆکی زانکۆ و هیوای سەرکەوتنی لە کارەکانی بۆ خواست و ئاماژەی بە قورسیی ئەو ئەرکە کرد بەو پێیەی زانکۆی کۆیە ئەمانەتێکی گەورە و پیرۆزە.

هەروەها بەڕێز د. فوئاد مەعصوم خۆشحاڵی خۆی بۆ ئەو سەردانە دەربڕی و باسی لە ڕۆڵ و پێگەی زانکۆی کۆیە و شاری کۆیەی لە مێژووی زانست و زانیاری و خەبات و کوردایەتی کرد.

لە بەرامبەردا، بەڕێز سەرۆکی زانکۆ، پ.ی.د. محمد حسیب صدیق خۆشحاڵی خۆی لە بەرامبەر هاتنی بەڕێز د. فوئاد مەعصوم دەربڕی و ستایشی ڕۆڵی بەڕێزیان و خانەوادەی مەلا مەعصوم بۆ شاری کۆیە و زانکۆی کۆیە کرد.

هەروەها بەڕێز سەرۆکی زانکۆ، سوپاسی بەڕێز د. فوئاد مەعصوم کرد لە بەرامبەر بەخشینی بەشێک لە کتێبخانەکەی خۆی کە پێکهاتووە لە نزیکەی چوار هەزار کتێب بە کتێبخانەی ناوەندیی زانکۆی کۆیە و ئەو هەنگاوەی بەڕێزیانی بەرز نرخاند.

دوای دانیشتنەکە ئامادەبووان سەردانی کتێبخانەی ناوەندیی زانکۆیان کرد و لەوێ لەلایەن بەڕێز بەڕێوەبەری کتێبخانەی ناوەندیی زانکۆ، د. ئارام سامی رێوشوێن و میکانیزمی هێنان و دانانی کتێبەکان و ئەو هۆڵەی کە بۆ کتێبەکان تەرخان کراوە نیشانی میوانەکان دا.