وتارى سەرۆكى زانكۆى كۆيە لە كۆنفرانسى نێودەوڵەتى كۆيە لە ڕەوتى شارستانييەتدا

News #04, Issue 52 , Apr 2019 | Núcey #04, Jhimarey 52, Mangí 04 Sallí 2019 | نوچەی 04، ژمارەى 52 - مانگی 04 ساڵی 2019

بەناوى خواى گەورە

ئامادەبوانى چوارەمین کۆنفرانسى زانکۆمان

کۆنفرانسى (کۆیە لە ڕەوتى شارستانیەتیدا)،

بەیانیتان باش و بەخێربێن

بەناوى خۆم و هەڤاڵانم لە ئەنجومەنى زانکۆ و سەرجەم مامۆستایان و فەرمانبەران و خوێندکاران پێتان دەڵێم خۆشحاڵ تان کردین سەربەرزین ئەمرۆ لەگەڵ ئێوە لە کۆنفرانسێکى زانستى بێ وێنە لە مێژووى شارەکەو دەڤەرەکەو زانکۆکە بەیەک دەگەین.

وەک دەزانن کار و ئەرکەکانى زانکۆکان هەرچەندە بە درێژایى مێژووى مرۆڤایەتى و پێش کەوتنى تەکنەلۆجیاوە گۆڕان کارى زۆرى بەسەر داهاتووە بەڵام یەکێک لە ئەرکە سەرەکیەکانى کاریگەریە زانستیەکانیەتى لەسەر کۆمەڵگاى دەوروبەرى خۆى بە پلەى یەکەم.

هەر بۆیەش زانکۆمان لە ساڵى (2016)ە یەکەم کۆنفڕانسى خۆى لە ژێر ناوى ناودارانى کۆیە بە شاعیرى گەورەى نەتەوەکەمان (حاجى قادرى کۆیى) یەوە دەست پێ کرد دواتریش لە ساڵى (2017)کۆنفڕانسەکە لەسەر بیرمەندى گەورەى کۆیە مەسعود محمد بوو لە (2018)ش لەسەر شاعیرى ئەى رەقیبى کوردان (دڵدار) ئەنجام دا.

بەڵام لەناخى ئێمەدا شتێک مابووکە هەمەلایەنە بێت بۆ مێژووى کۆیەو وراتى کۆیە، کەلتورو هونەرو جوگرافیا و مێژووى و ...هتد بۆیە بڕیارماندا کە ئەمساڵ کۆنفڕانسى چوارەمى زانستى ئەنجام بدەین بۆ شەن و کەوى لایەنە جیا جیاکانى ئەم شارەو ئەم دەڤەرە. وەک دەبینن دۆستانمان لەزانست خوازان و هاوکارانى زانکۆى کۆیە لە دورەوە هاتوون بۆ ئەوەى بابەتەکانیان پێش کەش بکەن.

چینزیا پاپپى، زانکۆى اینسبروک لە نەمسا و زانکۆى ئازادى بەرلین لە ئەڵمانیا

زەینەب بەحرانى، زانکۆى کۆڵۆمبیا لە ئەمریکا

کارل نۆڤاجیک، زانکۆى پالاسکى، لە وڵاتى چیک

جۆرج کۆڕیا، زانکۆى مینهۆ لە پورتوگال

ئەمانە هەم قسەکەرى سەرەکین، هەمیش بەشدارن لەو تەوەرە داخراوەى کۆنفرانس تایبەت بە پاراستنى کولتورى تەلارسازى کۆیە، کە جگە لەوان چەند پسپۆڕێکى دى بەشدارن تێیدا، لە ئەمریکا، کوردستان و عێراق.

بەڕێزان

لەم کۆنفرانسەدا (٥٢) توێژینەوە پێش کەش بە لێژنەى زانستى و هەڵسەنگاندنى توێژینەوەکان کرابوون، بەڵام دیارە لە فلتەرى هەڵسەنگاندن (٣٧) توێژینەوە شایستەى وەرگرتن و بڵاوکردنەوەیان بەدەست هێناوە.

لەو ژمارەیەشدا (٢٣) توێژینەوەى بەرهەمى ماندوبوون و فکرى مامۆستایانى زانکۆمانن.

پێشى ئەم کۆنفرانسەو ئەم وتارەشمان لە چەندین بۆنەو مەڕاسیمى تر وتومانە ئێمە خۆش بەختین کە هەڵکەوتەى زانکۆمان لە شوێنێکە مێژوویەکى گەورەى لە زۆربەى بوارەکاندا بۆ جێ هێشتووین بەڵام پێویستى بە لێکدانەوەى زیاترو پێداچوونەوەى قوڵتر هەیەو ئەرکى زانکۆمانە ئەم کارە بە باشى و بە زانستى ئەنجام بدات. ئێمە لەم زانکۆیە دوو ئەرک و بەرپرسیارەتى گەورەمان لەسەر شانە یەکەمیان وەک ئەرکى زانکۆ و دەڤەرەکە کە ئەوەمان لێ دەخوازێت دووەمیش دەبێ وەفاداربین بۆ روحى دامەزرێنەرەکەى کە وا سەروەتێکى گەورەى فکرى و مرۆڤ دۆستى و زانست پەروەرى بۆ بەجێ هێشتووین کە ئەویش هەڤاڵ (مام جەلالە). لەم بۆنەیەوە لە بەردەمى ئێوەى بەڕێز و خۆشەویست هەزاران دروود بۆ گیانى بەرزى ئەو سەرکردەو دامەزرێنەرە مەزنە دەنێرین وە بەڵێنى وەفاو کارکردن و خزمەت کردنى بۆ دوپات دەکەینەوە.

کۆیە لە مێژووى ڕابردووى (١٠٠٠٠ دە هەزار) ساڵەى خۆى گەلێک ڕۆڵى گەورەى بینیوە بۆیە هەمیشە ناحەزانى کورد و کۆیە ویستویانە لە ڕۆڵى جوامێرى و شارستانیەتى کەم بکەنەوە. ئەگەر بەپەلەو بە خێرایى سەیرى لاپەڕەکانى مێژووى کۆیە بکەین زۆر شتى گرینگ و گەورە فێردەبین کە کۆیە هەمیشە حسابێکى تایبەتى بۆ کراوە. بۆ نموونە لە بەڵگەنامەکانى عوسمانیدا بەڵگەنامەیەک ئاوا باسى کۆیە دەکات کە مێژووەکەى دەگەڕێتەوە بۆ ساڵى (1276)ى کۆچى، دەقى ئەو بەڵگەنامەیە ئاوایە:-

(قەزاى کۆیسنجق وەک قەزاى هەولێر)لە شوێنە هەستیارەکانە شوێنى کۆبوونەوەى هۆزەکانە جگە لەوەش لەگەڵ ئێران سنوورە بۆیە دەبێت ئەو بەڕێوەبەرەى لەوێ دادەنرێت کەسێکى لێهاتوو بەتواناو شارەزابێت، وە لەڕووى داهاتەوە داهاتێکى زۆرى هەیە، بۆیە نابێت کەسێک دابنرێت بە ویستى عالى هەڵسوکەوت نەکات، وە نابێت کەسێک بەڕێوەبەربێت و بەناچارى دابنرێت بۆیە بۆ ئەو بەڕێوەبەرە پێشنیاز دەکەن بۆ سوڵتان کە مووچەکەى لە (3000) سێ هەزار قروشەوە بکرێت بە (4000) چوار هەزار قروش.

لە یەکێکى تر لە بەڵگەنامەکان کەلەساڵى (1308)ى کۆچى یە کە دەکاتە دەوروبەرى (1890) زایینى کە دەکاتە زیاتر لە (140) ساڵ لەمەوبەر والى موصل داوا دەکات لەبەر گەورەیى و زۆرى ژمارەى دانیشتوانى قەزاى کۆیسنجق پێویستە مەکتەبێکى سەرەتایى لێ بکرێتەوە.

لە بەڵگە نامایەکى تر کە مێژووەکەى بۆ ساڵى (1310)ى کۆچى دەگەڕێتەوە والى موصل داوا لە سوڵتانى عوسمانى دەکات کە هێلى تەلگراف ڕابکێشێت بۆ قەزاى کویسنجق.

لە شوێنێکى ترى بەڵگەنامەکانى لە ساڵى (1312)ى کۆچى وا هاتووە کە پارچە پەیکەرێکى مێژوویى لە قەزایى کۆیسنجقەوە نێردراوە بۆ مۆزەخانەى هومایۆن واتە شوێنەوارەکان و کەل و پەلەکانیش بە بەرنامە دزراون.

وە لە بەڵگەنامەیەکى تر تأکید کراوەتەوە کە لە (1318) کۆچیە دووبارە مەکتەیى سەرەتایى بۆنیاتنرێتەوە (دەبێ لە ماوەى ئەم (10) ساڵە شتێک ڕوویدابێت)و مەکتەبە سەرەتاییەکەى یەکەم جار بەهۆکارێک داخرابێ.

ئامادەبوانى خۆشەویست

کۆیە لە کۆنەوە خەڵکەکەى بەخشندە بوونە وە کۆیە یان زۆر لا خۆشەویست بووە وە حەزیان بە پێش کەوتن و شارستانیەت و خزمەت گوزارى و خوێندن وە زانین کردووە، لە یەکیک لە بەڵگەنامەکانى عوسمانیدا هاتووە لەساڵى (1333)ى کۆچى دانیشتوانى شارى کۆیە (10000) قروشیان کۆکردۆتەوە بۆ دووبارە نۆژەنکردنەوەى مەکتەبە سەرەتاییەکەى شار.

هەروەها لێرە لە قەزاى کۆیسنجەقەوە لە بەلگەنامەیەکى ترى عوسمانى ساڵى (1334)ى کۆچى داهاتووە لە کۆیەوە پارەو هاوکارى کۆکراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەى شارى هەولێر ( بەڵام لەوێ نەخۆشخانەیەکى سەربازى (100) قەرەوێلەیى پێ دروست کراوە).

بۆیە وەک سەرۆکایەتى زانکۆى کۆیە داوا لەخەڵکى ئەو شارەو تەواوى وراتى کۆیە دەکەین لە هەرکوێ ى دونیا دەژین شارێک خەڵکەکەى هەزاران قروش لە (140-150) ساڵ لەمەوبەر بۆ مەکتەب و نەخۆشخانە کۆکردبێتەوە، نەریتێکى کۆنى باب و باپیرانمان زیندوکەینەوە بۆ هاوکارى پەروەردە و خوێندنى باڵاو نەخۆشخانەکانى ئەم سنورە.

کە هەر بەڕاستى تەنها دروست کردنى مزگەوت کارى خێرخوازى و چاکە نیە بەڵکو ئاوڕدانەوە لە دەزگاکانى ترى خزمەت گوزارى شارستانیەتى وە هاوکارى زانکۆ و خوێندنگاکانیش لەلاى پەروەردگار هەمان پێوەرى هەیە.

بەڕێزان:-

هیوادارم باسەکان و تویژینەوەکانى ئەم کۆنفرانسەشمان هاندەرێک بن بۆ زانست دۆستان و ئەوکەسانەى کە دەیانەوێت خزمەتى زانکۆمان و دەزگاکانى خوێندن و توێژینەوە بکەن، وە خۆیان لە ئەنجامى تێڕامان و قەناعەت کردنیان بەوەى کە توێژینەوەو لێکۆڵینەوەى زانستى پێویستى بەوە هەیە کە هاندان هەبێت و دەست گیرۆى هەبێت

کارە ڕاستەکەى خەڵکى دەورووبەرى زانکۆمان ئەوەیە کە هانمان بدەن وەهاوکاریمان بکەن و پێشتیوانمان بن، وە ئەرکى ئێمەش ئەوەیە کە دەست بە ئاستى زانستى زانکۆ و دەرچووانمانەوە بگرێت.

وە تاکە داواکارى لە ئێمە هەقە ئەوەبێت کە بەڕاست و دروستى خزمەت بکەین وە توێژینەوە بکەن لەسەر هەموو گرفتەکانى کۆیەو دەوروبەرو کۆمەڵگەى کوردستان و مرۆڤایەتیش بەگشتى.

لە کۆتاییدا دەمەوێ سوپاسى ئامادەبوونتان بکەم سوپاسى هەموو ئەو توێژەرە بەڕێزانە بکەم کە زانکۆى کۆیە و تەوەرەکانى ئەم کۆنفڕانسەیان هەڵبژارد بۆ ئەوەى توێژینەوەکانیان تیا پێش کەش بکەن و بڵاوبکەنەوە.

وەهەر بۆ زانینى ئێوەى بەڕێز لە زانکۆى کۆیەو بەشیکى زۆر لە زانکۆکانى ترى کوردستان لەوانەیە ئەمە یەکەم جار بێت کۆنفڕانسى لەم شێوەیەو بەم ئاستە ئەنجام بدرێت.

ماندووبوونێکى زۆرى ویستووە چەندین مانگە لەپشتى پەردەوە وەک سەربازى ون چەندین لیژنە کار دەکەن بۆ ئەوەى ئەمرۆ بە پوختى و بە دڵنیایى یەوە تەواوى تویژینەوە قبوڵ کراوەکان (بە بڵاوکراوەیى لەبەردەستان بێت).

شانازى بە هاوکارانمەوە دەکەم جێگەى ڕێزو سوپاسن چونکە کارێکى ناوازە و تاڕادەیەک بێ وێنەیان ئەنجام داوە هیوادارم لەش ساغ و تەندروست بن هەر تەمەن درێژبن بۆ خزمەت کردنى زانست و زانیارى و زانکۆى کۆیە.

دووبارە و سەد بارە بەخێرهاتنتان دەکەم دڵخۆشتان کردوین و سەربەرزین بە دۆستان و هاوکارانمان کە هانمان دەدەن بۆ بەردەوامى.

خۆشى و سەرکەوتن بۆ هەموو لایەک

هەر سەرکەوتووبن

پ.د. ولى محمود حمد

سەرۆکى زانکۆى کۆیە

٢٠١٩/٤/١

کۆیە