ڕاى خوێندكاران دەربارەى یەکپۆشی لە زانکۆی کۆيە

News #04, Issue 36, Dec 2017| Núcey #04, Jhimarey 36, Mangí 12 Sallí 2017 | نوچەی 4، ژمارەى 36 مانگی 12 ساڵی 2017

زانکۆی کۆیە دەيەوێت بيرۆكەى يەكپۆشى خوێندكاران لە زانكۆدا جێبەجێ بكات. ژورى هەوال لە نووچەيەكدا ڕاى خوێندكاران دەربارەى ئەم بابەتە دەخاتەڕوو.

يەكپۆشى بريتيە لە ڕێكخستنى جلوبەرگى خوێندكاران لە زانكۆ لە ڕووى ڕەنگ و شێوازەوە. بەگوێرەى ڕاسپاردەكانى سەرۆكايەتى زانكۆى كۆيە كە بۆ ئەم بابەتە دەرى كردووە ڕەنگەكان و شێوازى جلوبەرگ ديارى كراوە، بەڵام خوێندكار سەربەستە لە هەڵبژاردنى ڕەنگ يان شێوازە دياريكراوەكان.

سەرۆكايەتى زانكۆ لە ڕێگەى ڕاپرسيەوە، خوێندكارانى سەرپشك كرد لە قبوڵكردن يان ڕەتكردنەوەى يەكپۆشى، هەموو خوێندكارێكى زانكۆ توانى دەنگ بدات لە ڕێگەى پڕكردنەوەى فۆرمێكەوە. ئێستا فۆرمەكان لە لايەن ليژنەيەكەوە جيادەكرێنەوە بە مەبەستى زانينى ئەنجامەكان.

لە کاتی ڕاپرسیەکەدا ڕای جیاواز ھەبوون دەربارەى ئەم بابەتە. بەشێک لە خوێندکاران ئەم کارە بە کارێکی گرنگ دادەنێن کە پێویستە جێبەجێ بکرێت، هەروەها بەشێكيشيان بە گونجاوى نازانن كە يەكپۆشى لە زانكۆدا هەبێت .

بيرۆكەيەكى گونجاوە و لەگەڵيداين!

کەنار محمد مجید خوێندکاری بەشی ئەندازیای پرۆگرامسازی لە قۆناغی سێ، ڕاى وایە یەکپۆشی کارێکی زۆر باشە چونکە خەیاڵی قوتابی زیاتر لای خوێندنەکەی ئەبێت و زیاتر گرنگی بە خوێندنەکەی ئەدات نەک جل و بەرگ " بە ھۆی ئەوەی کە ئێستا قەیرانە لە ھەرێمی کوردستان بوونی یەکپۆشی لە زانکۆ یارماتیدەرێکە بۆ خوێندکار لە لەلایەنی ئابوری ، لەگەڵ ئەوەشدایەکی ئاستی خوێندکار نیشان ئەدات"

سیما بەکر لەطیف خوێندکارى بەشی ئینگلیزی قۆناغی دوو لەگەڵ ئەم یەکپۆشی دایە و دەڵێت " بەڵێ من حەز بەم بڕیارە دەکەم جیاوازی نێوان خوێندکاری ھەژار و دەوڵەمەند نامێنێ ، تێچوی کەمتر بۆ جل و بەرگەکانمان تەرخان دەکەین . گرینگی زیاتر بە لایەنی خوێندن ئەدرێ .هەروەها لە لایەنی دەرونی خوێندكار ئاسودەتر ئەبێت ".

لەگەڵ ئەم بيرۆكەيە نين

ئاسیا کەریم محمد کە خوێندکاری سكوڵى پزیشکیە قۆناغی دوو، لەگەڵ ئەم یەکپۆشیە دا نیە. ئاسيا دەڵێت " لەبەر ئەوەی زانکۆ جیاوازیەکی وای نامێنێت لەگەڵ قوتابخانە ، ئەم یەکپۆشیە ھۆکاێک نیە بۆ ئەوەی یەکسانی نێوان قوتابیەکان ".

جیھاد نەجات محمد خوێندكارى سكوڵى پزيشكى قۆناغى چوار حەز بە جێبەجێ کردنی ئەم بڕیارە ناکات لەبەر ئەوەی پێی وایە بۆ نەھێشتنی جیاوازی نێوان خونێندکار لە لایەنی دارایی ئەگەرێتوە سەر رۆشنبیری خوێندکار خۆی نەک یەکپۆشی ، جێبەجێ کردنی ئەم بڕیارەش جیاوازیەکی وای نامێنێت زانکۆ لەگەڵ قوتابخانە .

ھەروەھا بەڕێز محمد عبدلعزیز عەلی ياريدەدەرى توێژەر لە بەشی مایکرۆبایۆلجی ئەم بڕیارە بەرز دەنرخێنێت و دەڵێت " یەکپۆشی سیمایەکی جوانە و جیاکردنەوەی خوێندکارە لە کەسێکی مەدەنی . ئەگەر یەکپۆشی جێبەجێ بکرێت ئەوا گرینگی زیاتر بە خوێندن دەدرێت نەک جل و بەرگ ئەمەش ھۆکارێکە بۆ پێشکەوتنی ئاستی زانستی لەبەر ئەوەی لە ئێستادا بەشێک لە خوێندكارى زانکۆ ئەوەندەی گرینگی بە بە جل و بەرگ و مۆدێل دەدات ئەوەندە بیری لای خوێندنەکەی نیە "

ھەروەھا بەرێز محەمەد عەبدولعەزيز پێشنیاری ئەوەی کرد کە یەکپۆشی ھەر نەک بۆ خوێندکار بەڵکو بۆ ھەموو ستافی زانکۆ جێبەجێ بکرێت بۆ جیاکردنەوەی ستافی زانکۆ لە ھەر کەسێکی مەدەنی كە دێتە ناو زانكۆوە.

ئامادەكردنى : بنار ڕەشيد