زانكۆى كۆيە و زانكۆيەكى وڵاتى پۆڵەندا ياداشتنامەى لێكگەيشتيان واژۆ كرد
News #9, Issue 29, May 2017 | Núcey #9, Jhimarey 29, Mangí 5 Sallí 2017 | نوچەی 9، ژمارەى 29 مانگی 5 ساڵی 2017
بە داوەتنامەيەكى فەرمى زانكۆى وارشۆى وڵاتى پۆڵەندا، سەرۆكى زانكۆى كۆيە وێڕاى بەشداريكردنى لە يادى دووسەد ساڵەى دامەزراندنى زانكۆكە، ياداشتنامەيەكى لێكگەيشتنى لەگەل زانكۆى ناوبراو واژۆكرد.
يادى دووسەد ساڵەى دامەزراندنى زانكۆى وارشۆ
ڕۆژى ١٩ى ئايارى ٢٠١٧ بەرێز پ.ى.د.وەلى مەحمود حەمەد سەرۆكى زانكۆى كۆيە بەفەرمى بانگهێشت كرا بۆ ئامادەبوون لە يادى دووسەد ساڵەى دامەزراندنى زانكۆى وارشۆ (The Warsow University of life science) .
لەم رۆژەدا سەرۆكەكانى پێشووى زانكۆكە و ئەنجومەنى زانكۆ و چەند پرۆفيسۆرێكى بەناوبانگ بەشدارى ڕێ ڕۆيشتنێكيان كرد بە جلى تايبەتەوە كە بۆ ئەم مەراسيمە بەكاردێت. بەڕێز سەرۆكى زانكۆى كۆيە دەڵێت " لە دەرەوەى پۆڵەندا وەك سەرۆكى زانكۆى كۆيە تەنيا من بانگهێشت كرابووم و بەجلى فەرمى زانكۆى كۆيەوە بەشدارى ئەو يادەم كرد"
لە هۆڵى ئەڵماس مەراسيمەكە دەستى پێكرد و ئامادەبووان ناسێنران " لەوێ بە فەرمى بەخێرهاتنى ئێمە كرا وەك سەرۆكى زانكۆى كۆيە كە تێيدا ژمارەيەك ميوان و لێپرسراوى پۆڵەندى و كەسايەتى ئامادەى بوون"
ڕۆژى دووەم : واژۆكردنى ياداشتنامە
ڕۆژى ٢٠ى ئايار كاتژمێر ١٠ى بەيانى لە هۆڵى كۆبوونەوەكانى سەرۆكايەتى زانكۆى (SGGW) بە ئامادەبوونى هەردوو سەرۆكى زانكۆ و ياريدەدەرى سەرۆكى زانكۆى (SGGW) و ڕاگرى فەكەڵتى ئابوورى زانكۆكە و نوێنەرى ئۆفيسى پەيوەنديەكانى حكومەتى هەرێم و چەند مامۆستايەكى زانكۆكە و دووبزنسمانى كوردستان و عێراق، لێكتێگەيشتنێكى ئەكاديمى واژۆكرا.
" دواى واژۆكردنى لێكتێگەيشتنەكە، وتوێژێك ئەنجامدرا بە ئامادەبوونى سەفيرى عێراق و شاندێكى ياوەرى"
ئەمە يەكەم ياداشتنامەى لێكگەيشتن بوو كە زانكۆى كۆيە لەگەڵ زانكۆيەكى وڵاتى پۆڵەندا ئەنجامى بدات. لە هەمان كاتدا يەكەم ياداشتنامەى لێكگەيشتن بوو لە نێوان زانكۆى (SGGW) و زانكۆيەكى هەرێمى كوردستان.
زانكۆى وارشۆ يەكێكە لە زانكۆ بەناوبانگەكانى وڵاتى پۆڵەندا و تەمەنى دووسەد ساڵە، لەبوارەكانى كشتوكاڵ و ئەندازيارى و ئابوورى و بەبازاركردن پێشەنگ و ئاست بەرزە.
ئامادەكردنى: ژوورى هەواڵ