دوو مامۆستاى زانكۆى كۆيە توێژينەوەيەكى ئەدەبيى گرنگ ئەنجام دەدەن

News #09, Issue 13, Jan 2016 | Núcey #09, Jhimarey 13, Mangí 1 Sallí 2016 | نوچەی ٩، ژمارەى ١٣ مانگی 1 ساڵی 2016

دەريا حەوێزى و هاوژين سڵێوە مامۆستاى زانكۆى كۆيەن لە فاكەڵتى پەروەردە – بەشى زمانى كوردى، توێژينەوەيەكيان بە ناونيشانى (ئيرۆتيك لە شعرى حەمام-ى شێركۆبێكەس ) دا ئەنجام داوە وەك كارێكى نوێ و پێشتر نەكراو، لەم چاوپێكەوتنەدا بەڕێز د.دەريا حەوێزى لەسەر كتێبەكەى بۆ نوچەنامەى زانكۆ دەدوێت.

سەرگوزشتەى ئەم كتێبە

بەڕێز حەوێزى لەبارەى چۆنيەتى هەڵبژاردنى ئەم بابەتە بۆ توێژينەوە دەڵێت" ئەم توێژینەوەیە كارێكی هاوبەشە من و هاوڕێ و هاوكارم ( د. هاوژین صلیوە) بە هاوبەشی ئەنجامماندا، هەردووكمان هەڵگری بڕوانامەی دكتۆراین لە بواری ڕەخنەی شیعری هاوچەرخی كوردی ؛ مەبەست لە ئەنجامدانی ئەو توێژینەوەیە تەنيا بەجێ هێنانى ئەركێكى ئەكاديمى بوو ، چيرۆكەكەشى بۆ كاتێكى زوو دەگەڕێتەوە كەوا من و هاوڕێكەم لە قۆناغی ماستەر و دكتۆرا پێكەوە دەمانخوێند و چەند جارێك بیرۆكەی هاوبەشمان لا گەڵاڵە بوو بۆ توێژینەوەی ئەكادیمی لە بواری پسۆری خۆمان، ئەوەبوو لە ساڵی 2012 توێژینەوەیەكی هاوبەشمان بە ناونیشانی ( وێنەی لێكچواندنی پایز لە شیعری گۆران و قوبادی جەلیزادە) ئەنجامدا و لە گۆڤاری ( ئەكادیمیای كوردی ) دوای هەڵسەنگاندن لە لایەن پسۆرانی ئەو بوارە لە ژمارە (٢٠)دا بڵاوكرايەوە، لەم كاتەوە چەند بیرۆكەیەكمان لا دروست بوو، بەڵام دواتر لەسەر ئەم ناونیشانە ڕێككەوتین و باوەڕمان وابوو كارێكی تازە دەردەچێت." لێرەدا بەڕێز دەريا حەوێزى زياتر باسى توێژينەوەكەيان دەكات و دەڵێت " ئیرۆتیك زاراوەیەكی تازەیە و تا ڕادەیەك لە سێكس نزیك دەبێتەوە، هەرچۆنێك بێت تا ئێستا لە ئەدەبی كوردیدا جگە لە هەوڵی تاكەكەسی چەند نووسەر و ڕەخنەگرێك كە ژمارەیان لە پەنجەی دەست تێناپەڕێت كەس نەیوێراوە خۆی لە وەها بابەتێك بدات، جگە لەوەی كارەكەی ئێمە یەكەم كاری ئەكادیمییە لەم بوارەدا و ئەوەی بەڕێزانی پێش ئێمە ناچێتە ئەم قاڵبەوە."

دەربارەى هۆكارى هەڵبژاردنى ئەم بابەتە بۆ توێژينەوەى ئەكاديمى، بەڕێز د.دەريا دەلێت " ئەم بابەتە لە دونياى نوسين و ئەدەبيى كوردیدا جێگەی ترس بووە بۆ ڕەخنەگران و زۆركەم خۆیان لەم بابەتە داوە، ئەوەی هەشبێت جیایە لەوەی ئێمە كردوومانە، ویستمان شتێكی تازە بكەین. لەم توێژينەوەيەدا زانستی تەندروستی و دەروونی و چەند بابەتێكی تایبەت بە ڕەنگ و ڕەهەندە دەروونییەكانمان لەگەڵ دەقە شیعرەكە تێكەڵ كردووە."

ناوەڕۆكى توێژينەوەكە

سەبارەت بە پێكهاتە و ناوەڕۆكى توێژينەوەكە بەڕێز د.دەريا دەڵێت" ئەم لێكۆڵینەوەیە لەمەوپێش لە گۆڤاری ئەكاديمياى كوردیدا وەك لێكۆڵینەوەیەكی ئەكادیمی قبوڵكرا، بەڵام دواتر فراوانترمان كرد و ئەوەی ئێستا لە چوارچێوەی كتێبێكدا بڵاو كراوەتەوە بریتییە لە ( 125 ) لاپەڕەی نیو A4 ، لە دوو بەش پێكدێت، بەشی یەكەم لە ژێر ناونیشانی ( زاراوە و چەمكی ئیرۆتیك) ئەم تەوەرانە لە خۆی دەگرێت، ( چەمكەكانی سێكس و ئیرۆتیك، پەیوەندی ئیرۆتیك بە ئەدەبەوە، ئیرۆتیك و ڕۆمانسیزم)، بەشی دووەم بەناونیشانی ( قۆناغەكانی ئیرۆتیك لە شیعری ( حەمام) دا، تەوەرەكانی ( بایەخدان بە ڕێكپۆشی و چوون بەرەو ئیرۆتیك، بەرەو ئیرۆتیك و گەیشتن بە ئۆرگازم، خستنەڕووی شیعری ( حەمام) لە ڕێی بۆچوونەكانی سیگمۆند فرۆید، هاوسەنگی لە نێوان شیعری ( حەمام) ی شێرۆ بێكەس و شیعرێكی قوبادی جەلیزادەدا )، دواتریش لە ژێر ناونیشانی ( خستنەڕووی دەقی شیعری ( حەمام) ی شێركۆ بێكەس تەواوی شیعرەكە خراوەتە ڕوو، ئنجا گرنگترین ئەنجامە بەدەستهاتووەوەكان و لیستی سەرچاوەكان و كورتەی لێكۆڵینەوەكە بە هەردوو زمانی عەرەبی و ئینگلیزی دەردەكەوێت و ٥٠ سەرچاوەى تێدا بەكارهاتووە"

خاڵەگرنگەكانى توێژينەوەكە

سەبارەت بە خاڵەگرنگەكانى كە لە توێژينەوەكەدا پێى گەيشتوون دەڵێت" ئەم لێكۆڵینەوە پێی ڕاگەیاندین كەوا ئیرۆتیك پەیوەندییەكی بەهێزی بە ڕۆمانسیزمەوە هەیە و لەبەرئەوەی (شێركۆ بێكەس) یش كاری لەگەڵ یادەوەری خۆی كردووە و تەمەنی گەنجی خۆی كردووە بە سەرچاوەی ئیلهامی ئەو شیعرە، بەهۆیەوە شیعرێكی ڕۆمانسی و ئیرۆتیكی بێوێنەی خوڵقاندووە كەوا شاكارێكی ئەدەبی مەزنە" سەبارەت بە ڕێزبەندى شێركۆ بێكەس لە شعرى رۆمانتيكيدا دەڵێت"شێركۆ بێكەس شاعیرێكی مەزنە و لەم بوارەشدا دەستێكی باڵای هەبووە، بەڵام باوەڕم بەوە هەيە كە شیعر و شاعیران هەریەكەیان پلەی خۆیان هەیە و ناكرێت ڕیزبەندییان بۆ دابنرێت. بەڵام سەبارەت بە شێركۆ بێكەس بۆمان دەركەوت كەوا ئەو شاعیرە گەورەی كورد سەڕەڕای ئەوەی چەند تێكستی پڕ بەهای بۆ گەل و وڵاتەكەی داڕشتووە و لە زۆر هونەری شیعریدا دەستپێشخەر بووە، لە بواری ئیرۆتیكیشدا بەرهەمێكی بێوێنەی بۆ جێهێشتووین، كە مایەی لێكۆڵینەوەى ئەكاديميە زياترە."

بەڕێزان هەردوو توێژەر لە پێشەكى كتێبەكەدا لاپەرەى ژمارە شەش دەڵێن"غەريزەى جنسى و حەزى ئيرۆتيك لە لاى هەموو مرۆڤێك هەيە، ئەو غەريزە و حەزانەش وەك بابەتێكى واقعى خۆيان دەخزێننە نێو بابەتە ئەدەبيييەكان، لە ڕێى زمانى ئەدەبييەوە لە نێو ژانرە ئەدەبييەكاندا دەگيرسێنەوە، شيعريش پشكى شێرى بەردەكەوێت، هۆى هەڵبژاردنى ئەم بابەتەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، كە هێشتا لێكۆڵينەوەى زۆر لە بارەيەوە نەكراوە، هەرچەندە تێكستى ئيرۆتيكى پانتاييەكى زۆر لە ئەدەبى كوردى داگير كردووە، هەر لە بەرهەمە فۆلكۆريەكانەوە تاوەكو ئێستا"

ئێستا پەرتوكى "ئيرۆتيك لە شيعرى (حەمام)ى شێركۆ بێكەس" لە كتێبخانەكان دەست دەكەوێت.

شێرکۆ بێکەس

کوڕی‌ شاعیری‌ ناوداری‌ کورد فایەق بێکەسە، لە ٢ی ئایاری ساڵی ١٩٤٠ لە شاری‌ سلێمانیلەدایکبووە‌. لە ١٩٨٦ وڵاتی عێراقی بە جێھێشت. لە ساڵەکانی ١٩٨٧-١٩٩٢ لە سوید ژیاوە و پاشان گەڕاوەتەوە بۆ کوردستان. شێرکۆ بێکەس بە یەکێ‌ لە شاعیرە نوێخوازەکانی‌ ھاوچەرخی‌ کورد دادەنرێت و خاوەنی‌ چەندین نامیلکە‌ و دیوانی‌ شیعرییە و زۆرێک لە شیعرەکانی بۆ چەندین زمانی زیندووی جیھانی وەرگێڕدراون‌. ساڵی ١٩٨٧ لە‌ سوێد "خە‌ڵاتی تۆخۆڵسکی" وە‌ردە‌گرێت. خە‌ڵاتە‌کە‌ی لە‌ لایە‌ن سە‌رۆکوە‌زیرانی ئە‌و دە‌می سوێد ئیگڤار کالرسۆنە‌وە‌ پێشکە‌ش دە‌کرێت وە لەساڵی ١٩٩٢ دەبێتە وەزیری ڕۆشەنبیری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئەمەش لەیەکەم کابینەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بوو، لە ساڵی ١٩٩٨ بە یارمەتی کۆمەڵێ کەس و ھاوڕێکانی "دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم"ی دامەزراند؛ لە ساڵی ٢٠٠٩ تەواوی بەرھەمەکانی لە ھەشت ھەزار پەڕە لە چاپ دا. ڕۆژى ٤ی ئابی ٢٠١٣ لە ستۆکھۆڵمی پایتەخی سوید بەھۆی شێرپەنجە کۆچی دوایی کرد. بۆ زانيارى زياتر كليك لێرە بكە.

زانیاری تایبەت:

دەریا جەمال حەوێز حەوێزی ، نازناوى زانستى مامۆستايە - هەڵگری بڕوانامەی دكتۆرای فەلسەفەيە لە بواری ڕەخنەی ئەدەبی كوردی، پسپۆرى وردى ڕەخنەی شیعری هاوچەرخی كوردی يە، خاوەنى چوار توێژينەوەى بڵاوكراوە و سێ پەرتووكە. بۆ زانيارى زياتر كليك لێرە بكە.

هاوژين سڵێوە، نازناوى زانستى مامۆستايە، هەڵگری بڕوانامەی دكتۆرای فەلسەفەيە لە بواری ڕەخنەی ئەدەبی كوردی، خاوەنى دە پەرتوكى چاپكراوە، ئێستاش دووانى ديكەى بۆ چاپ ئامادەن. بۆ زانيارى زياتر كليك لێرە بكە.

ئامادەكردنى : ژوورى هەواڵ