لە ڕۆژى جيهانيى ژمێريارى وۆرك شۆپێك بەڕێوەچوو

News #01, Issue 35, Nov 2017| Núcey #02, Jhimarey 35, Mangí 11 Sallí 2017 | نوچەی 1، ژمارەى 35 مانگی 11 ساڵی 2017

لە ڕۆژى جيهانيى ژمێريارى، بەشى كارگێڕى و ژمێريارى فەكەڵتى زانستە مرۆڤايەتى و كۆمەڵايەتيەكان وۆرك شۆپێكى يەك رۆژەى ئەنجامدا.

ڕۆژى پێنج شەممە ٢٠١٧/١١/٩ لە هۆڵى فەكەڵتى زانستە مرڤايەتيەكان، هاوكات لەگەڵ ڕۆژى جيهانيى ژمێريارى، بەشى كارگێڕى و ژمێريارى وۆركشۆپێكى ئەنجامدا بە ناونيشانى " ژمێريارى، ڕێچكەيەك لە داهێنانەكان و بەخشين". لەم وۆرك شۆپەكە كە بەرێز سەرۆكى زانكۆى كۆيە و ڕاگرى فەكەڵتى و مامۆستا و خوێندكارانى بەشەكە ئامادەى بوون، هەشت بابەت لە لايەن مامۆستاكانى بەشەكەوە پێشكەش كران.

دواى وەستان بۆ گيانى شەهيدا، بەڕێز پ.ى.د.وەلى مەحمود حەمەد سەرۆكى زانكۆ وتەيەكى پێشكەش كرد كە ئەمەى خوارەوە دەقەكەيەتى :

بەناوى خواى گەورە

ئامادەبوانى خۆشەويست

وەك دەزانن رۆژى (١٠/١١) ى هەموو ساڵێك رۆژى ژمێريارانە بەڵام چونكە دەكەوێتە بەيانى واتە رۆژى هەينى و دەوام نيە، بۆيە وا بەباش زانرا كە نەك دوابخرێت بەڵكو پێشخبرێت بۆ ئەمڕۆ. هەر چەندە من ساڵى رابردوو وە پێشى ساڵى رابردووش داوام لە هەردوو مامۆستاى بەڕێز كرد (د. ڤيان و د. باسمە) كەوا هەوڵبدەن كە ئەم رۆژە گەورەتر و گرنگتر بەڕێبكرێت و ئەگەر بكرێت كۆنفرانس ياخود سيمپۆزيۆمێك ئەنجام بدرێت بەڵام ديارە (ئەمساڵيش هەر ئەوەندە توانراوە)، كە هۆكارەكانيش بەدڵنياييەوە ديارە.

من لە ژيانى وەزيفى كە نزيك دەبێتەوە لە (٢٥) ساڵ جگە لەكارى مامۆستايەتى لەو ماوەيەدا نزيكەى نيوەى خزمەتى خۆم لە كارى كارگێرى و بەرپرسياريەتيدا بە ڕێ كردووە و ئەرك و بەرپرسياريەتى دەزگام لە ئەستۆ بووە. بۆيە تێگەيشتم كە كارى ژمێريارى (ياخود ژمێركارى) كۆڵەكەيەكى گرنگى پتەوى و پێش كەوتنى هەر دەزگايەكە و لە ئەنجام دا حكومەت و ووڵاتيش. وە بەتايبەتى لە ئێستا بە دواوە بۆ زانكۆكان كە هەنگاوى خود بژێوى و پەيداكردنى داهاتمان دەست پێ كردووە كارى ژمێريارى گرنگى يەكەى زياتر بەدياردەكەوێت. چونكە ناتوانرێت هيچ بەرنامە و كارێك دانرێت ئەگەر لايەنى دارايى لێكنەدرێتەوە، نەزانرێت ئەم كارە چەندى تێ دەچێت وە چى لێ بەرهەم دێت. هەموو پڕۆسەيەكى پيشەسازى

IN Put = Out Put

وە دەبێ بزانرێت چى خەرجيت دەوێت و بەرهەم بەدەست كەوتوو چەندە. ئێمە لە هەست كردن بەگرنگى بەشى ژمێريارى ئەم ساڵ (٣) گۆڕانكارى گەورەمان كردووە:

١- ئەم بەشەمان خستەناو پرۆسەى وەرگرتنى ڕاستەوخۆ بۆ ئەوەى ئەوانەى دێن بۆ ئەو بەشە حەز و ئارەزوويان لەو پسپۆڕيە بێت.

٢- خوێندنى ئێوارانمان ڕاگەياندووە چونكە دەزانين كە بازاڕى كارى ئەم پسپۆڕيە لە بەشێكى تر زياترە، داواكارم ڕيكلام و ڕاگەياندنى باشى بۆ بكەن بۆ تێگەياندنى خوێندكاران كە ووڵاتمان پێويستى زۆرى بە خەڵكى شارەزا هەيە لەم بوارە.

٣- پلانى خوێندنى باڵا ماستەرمان ئامادەيە هەركاتێ وەزارەت بڕيارى دەست پێ كردنى دا.

دووبارە بەخێربێن دەست خۆشى لە هەمووان دەكەم بۆ بەڕێوەچوونى ئەم ۆورك شۆپە لەگەڵ هيواى سەركەوتن شادبن و سوپاس

پاشان توێژينەوەكان لە لايەن مامۆستاكانى بەشەكەوە پێكەش كران.

ئامادەكردن و وێنە : ژورى هەواڵ