هەواڵى شەشەم

هەڵوێستێکى جوانى بەشى مێژووى زانکۆى کۆیە

مامۆستایانى بەشى مێژووى زانکۆى کۆیە لەبڕیارێکى جواندا لەنێوخۆیاندا بڕیاریانداوە کە بۆ ماوەى هەر (2) ساڵێک مامۆستایەک ببێتە سەرۆکى بەش، بۆیە بەپێویستمانزانى لەم بارەیەوە ڕوونکردنەوەى پێویست بدەین، کە بڕیارێکى لەم شێوەیە لە چییەوە سەرچاوەى گرتووە؟ لەسەرەتادا بەڕێز (د. مەهدى ساڵح سلێڤانى) سەرۆکى پێشووى بەشى مێژوو وتى: مەبەست لەم بڕیارەمان بەڕێوەبردنە لە داهێنان، لە کۆبوونەوەیەکى مامۆستایانى بەشى مێژوو بەڕەزامەندى و ڕێککەوتنى هەموو مامۆستایان بڕیاردرا هەر مامۆستایەى بەشەکە بۆ ماوەى (2) ببێتە سەرۆکى بەش، مەبەستیش لێى تا هانى مامۆستایان بدەین بۆ بەرەو پێشچوون و بەدەستهێنانى تەجروبەى زیاتر لەکارەکەیان و بەژدارى پێکردنى مامۆستایانە لەم پۆستەدا.

(د. کامەران محەمەد جەلال) سەرۆکى ئێستاى بەشى مێژوو وتى: ئێمە هەموومان پشتگیرى ئەم بڕیارەمان کردووە، پێمان شتێکى ئەرێنى بووە، بەهیوام بتوانم لە ماوەى ئەم (2) ساڵەى کە سەرۆکى بەشەکەم خزمەتى بەشەکەو مامۆستایان بکەم، چونکە بەر لەهەرشتێک ئەو کارە بەلاى منەوە ئەرکە، بۆیە ئەرکیش ماندووبوونى پێویستە.

سەبارەت بەم گۆڕانکاریەش (د. هیوا حەمید شەریف) مامۆستاى بەشەکە ڕایگەیاند: کە ئەمە تەقلیدێکى ئەکادیمییە بەشى مێژوو پەیڕەوى دەکات و هەر دوو ساڵ جارێک ئاڵوگۆڕى سەرۆکى بەش دەکرێت بۆ ئەوەى نوێبوونەوە لە ڕاپەڕاندنى کاروبارەکان ڕووبدات، ئەمە سەربارى ئەوەى ئەو مامۆستایەى دەبێتە سەرۆکى بەش دەزانێت کە دەبێ لەماوەى (2) ساڵدا ئەوەى لە توانایدایە بۆ بەشەکە ئەنجامى بدات، هەروەها ئەمە جەختکردنەوەیە لەسەر ئەوەى لەبەشى مێژوو بڕیارەکان پەیوەستن بە ئەنجوومەنى بەشەوەو تەواوى ئەندامانى ئەنجوومەن بەشدارن لە درووستکردن و داڕشتنى بڕیارو پڕۆگرامى بەشەکە .

(گەڕانەو بۆ لاپڕەى سەرەكى)