زانكۆى كۆيە گرانتێكى نۆ هەزار دۆلارى بەدەست دەهێنێت

News #08, Issue 32, Augest 2017| Núcey #08, Jhimarey 32, Mangí 8 Sallí 2017| نوچەی 8، ژمارەى 32 مانگی 8 ساڵی 2017

لە چوارچێوەى بەرنامەيەكى يەكێتى ئەوروپا بۆ وەرگرتنى ١٠٠ خوێندكارى سورى لە زانكۆكانى كوردستان، زانكۆى كۆيە توانى گرانتێكى نۆ هەزار دۆلارى وەربگرێت لە بەرامبەر لەخۆگرتنى پێنج خوێندكارى ئاوارەى سوريا.

وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕەزامەندى نیشاندا لەسەر وەرگرتنى زیاتر لە (100) خوێندکارى ئاوارەى سوریا لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان، وەرگرتنى ئەو خوێندکارانەش لە چوارچێوەى بەرنامەیەکى یەکێتیى ئەورپا دێت کە بە (DAFI) ناسراوە.

لە ماوەى ڕابردودا لە ڕێگەی بەرنامەیەکى بەتایبەتەوە کە ناسراوە بە بەرنامەى (DAFI) هەریەکە لە ڕێکخراوى دادى ئاڵمانى، ڕێکخراوى پەنابەرانى جیهانى (UNHCR) و بریتش کانسڵ بەهاوکارى یەکێیتى ئەوروپا و یونامى لە ڕێگەى پرۆگرامى (DAFI) گرانتێکى گەورەیان بۆ گەنجانى ئاوارەکانى سوریا تەرخان کرد بەتایبەت ئەوانەى کە ئارەزوى خوێندنى بەکالۆریۆس و ماستەر و دکتۆرا لە وڵاتەکانى تورکیا، لوبنان و هەرێمى کوردستان دەکەن بۆ ئەوەى لە زانکۆکانى ئەو وڵاتان بخوێنن، لەو ژماریەشدا (116) خوێندکاریان لە زانکۆکانى کوردستان بەسیستمى پارالێل وەرگیران.

ئەم بەرنامەیە (کرێى خوێندن، ژیان و مانەوە، هاتوچۆ و بیمەى تەندروستى) دەگرێتەوە، هەر لەو چوارچێوەیەدا وەک بەشى یەکەمى یەکێیتى ئەوروپا بڕى (264,684) دۆلارى وەک کرێى خوێندنى ساڵى یەکەمى ئەو خوێندکارانە خستە سەر ئەژمارى بانکى زانکۆکان، بەرنامەی (DAFI)ى بە پاڵپشتى یەکێتیى ئەوروپا بۆ خوێندکارانى ئاوارەى سوریا لە زانکۆکانى کوردستان بەسیستمى پارالێڵ بەردەوام دبێ تا ئەو کاتەى خوێندکاران خوێندنەکانیان تەواو دەکەن، واش بریارە ساڵى داهاتو ئەو بەرنامەیە فراوانتر بکرێ و ژمارەیەکى زۆرترى خوێندکارى ئاوارەی سوریا بەسیستمى پارالێڵ لە زانکۆکانى کوردستان وەربگیرێن، وەرگرتنى ئەو ژمارەیە خوێندکارەش جگە لە ڕوى داراییەوە بەسود دەبێ بۆ زانکۆکانى کوردستان، لەهەمان کاتدا هێنانى خویندکارى نێودەوڵەتى و تیکەڵبونیان بەزانکۆکانى کوردستان لە ڕوى زانستیەوە کاریگەرى دەبێ لەسەر بەرەوپێشبردنى ئاستى زیاترى زانکۆکانى کوردستان.

ساڵى ڕابردو چەند کۆبونەوەیەکى هاوبەش لە نێوان وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و ڕێکخراوە پەیوەندیدارەکانى بەرنامەى (DAFI) بەڕێوەچو، لەو کۆبونەوانەدا دواى تاوتوێکردنى چۆنیەتى وەرگرتنى خوێندکارانى ئاوارەی سوریا، میکانزمێک داڕێژرا بۆ وەرگرتنى ئەو خوێندکارانە لە زانکۆکانى کوردستان، لە قۆناخى یەکەمدا (116) خوێندکار بەم شێوەیەى خوارەوە لە زانکۆکانى کوردستان وەرگیران.