پەيامى سەرۆكى زانكۆى كۆيە

News #06, Issue 10, 2015 | Núcey #06, Jhimarey 10, Mangí 10 Sallí 2015 | نوچەی ٦، ژمارەى ١٠ مانگی ١٠ ساڵی 2015

مامۆستايان

فەرمانبەران

خوێندكارانى ئازيزى زانكۆمان

دواى ئەوەى ڕۆژى يەك شەممەى ڕابردوو ١٨ / ١٠ / ٢٠١٥ گروپێك بەناوى داكۆكى كردن لە مافى مامۆستايان و فەرمانبەران و خوێندكارانى زانكۆ ، ياداشتێكيان خوێندەوە كە داواى مافە داراييەكانيان و چەند داواى تريان هەبوو لە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژينەوەى زانستى، هەر ئەو ڕۆژە ياداشتەكەى ئێوەى بەڕێزم بە نوسراوێك گەياندە بەڕێز وەزيرى خوێندنى باڵا و توێژينەوەى زانستى، لەو ياداشتەدا ئاماژەتان بەوە دابوو كە تاوەكو رۆژى يەك شەممە ٢٥ / ١٠ / ٢٠١٥ چاوەڕوانى وەڵامن لە وەزارەت و دەزگاكانى ترى حكومەت، ئەگەرنا دواى ئەو بەروارە هەڵوێست وەردەگرن.

هەروەك دەزانن لە ئێستادا وەزارەتى دارايى و ئابوورى دەستيكردووە بە دابەشكردنى موچەى مانگى ٧ى فەرمانبەران و مامۆستايان، وە سەرچاوەيەكى نافەرمى پێى ڕاگەياندم كە رۆژى سێ شەممە ٢٧ / ١٠ مووچەى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژينەوەى زانستى دابەش دەكرێت.

لەم چەند ڕۆژەى ڕابردوو ، دواى ديدار و چاوپێكەوتن و ڕاگۆڕينەوە لەگەڵ ئەنجومەنى فاكەڵتييەكان و ئەنجومەنى زانكۆ و بەشێك لە مامۆستايان و فەرمانبەران هەموو لايەكمان لەگەڵ ئارامكردنەوەى دۆخەكەداين، وە هەموولايەك جەخت لەوە دەكەينەوە كە نابێت وانە خوێندن و دەوامكردنى خوێندكاران بوەستێت، لەم چوارچێوەيەدا ئەنجومەنى فاكەڵتى زانست و تەندروستى لە ياداشتێكدا ئاگاداريان كردمەوە كە ئەوان تاوەكو كۆتايى كۆرسى يەكەمى خوێندن چاوەڕێى چاكسازيەكان و هەنگاوى جددى دەكەن لە لايەن دەزگاكانى حكومەتەوە، وە بە هيچ شێوەيەك لەگەڵ وەستاندنى دەوامدا نين لە ئێستادا.

داوا لەو مامۆستا و فەرمانبەرە بەڕێزانە دەكەم كە هێشتا لەگەڵ هەڵوێست وەرگرتنن لەبارەى دەوام نەكردن و بايكۆت كردن(لە بەر ئەوەى رۆژى يەك شەممە پشووى فەرميە و رۆژى دووشەممەش كۆبوونەوەى ئەنجوومەنى وەزارەتم هەيە و ياداشتەكەتان دەخەمەڕوو) با ڕۆژى سێ شەممە ٢٧ / ١٠ كاتژمێر ١٠ى بەيانى لە سەرۆكايەتى زانكۆ نوێنەرەكانيان ئامادەبن بۆ ئەوەى بەيەكەوە بارودۆخەكە تاوتوێ بكەين و گفتوگۆى لەبارەوە بكەين كە چۆن خوێندن نەوەستێت و دەوام ڕانەگيرێت وە بە چ شێوەيەك هەوڵەكان بۆ بەدەست هێنانى داواكاريەكان بەردەوامى هەبێت تا هەموومان بە يەكەوە لەسەر شێوازێكى گونجاو ڕێك بكەوين.

وە ئاگادارى خوێندكارانى ئازيز و خۆشەويستى زانكۆكەم دەكەم كە دەوامى خوێندن لە زانكۆ بەردەوامە و هيچ لايەكمان لەگەڵ ئەوەدانين كە دەوام و خوێندنى ئێوە بوەستێت و لە خوێندن زەرەر بكەن (ئەمەش داواكارى زۆرينەى مامۆستايانى زانكۆيە) بۆيە لە هۆڵەكانى خوێندنى خۆتان درێژە بە خوێندن بدەن.

پ.ى.د.وەلى مەحمود حەمەد

سەرۆكى زانكۆى كۆيە

٢٢ / ١٠ / ٢٠١٥