زانكۆى كۆيە و زانكۆى ديجلە كۆنفرانسێكى نێودەوڵەتى ڕێكدەخەن

News #067, Issue 17, May 2016 | Núcey #07, Jhimarey 17, Mangí 5 Sallí 2016 | نوچەی 7، ژمارەى 17 مانگی 5 ساڵی 2016

زانكۆى ديجلە لە شارى دياربەكرد (ئامەد) يەكەمين كۆنفرانسى نێودەوڵەتى تايبەت بە كوردۆلۆجى ڕێكدەخات، لە بەڕێوەبردنى ئەم كۆنفرانسەشدا زانكۆى كۆيە بەشدارە، بۆ ئەم مەبەستە سەرجەم توێژەران و مامۆستايانى زانكۆى كۆيە دەتوانن توێژينەوەكانى خۆيان پێشكەش بكەن و لە كۆنفرانسەكەدا ئامادە بن.

بەڕێز م.هيوا سەلام كە خوێندكارى دكتۆرايە لە پسپۆرى زمانى كوردى لە زانكۆى ديجلە، وردەكارى پتر دەخاتەڕوو " کۆنفرانسەکە هەموو بوارەکانی کوردۆلۆجی لەخۆ دەگرێت نەک تەنیا ئەدەب و زمان. "

کۆنفرانسى نێودەوڵەتى كوردۆلۆجى ڕۆژانى ٢٢-٢٣ی مانگی سێپتەمبەر (٩) لە دیاربەکر دەبەسترێت، خوازیار دەبێت تا بەرواری ١/٨/٢٠١٦ کورتەی لێکۆڵینەوەکەی پێشکەشکردبێت. پاش ئەوەی کورتەی لێکۆڵینەوەکە لە لایەن لیژنەی تایبەتمەندەوە قبوڵکرا لێکۆڵەر ئاگادار دەکرێتەوە. هەروەها دەبێت تا بەرواری ١/٩/٢٠١٦ تەواوی لێکۆڵینەوەکەی پێشکەشی لیژنەی هەڵسەنگاندن بکات.

لە کۆنفرانسەکە بڕی ٧٠ دۆلار بۆ خۆتۆمارکردن بۆ کەسانی ئاسایی و ٥٠ دۆلار بۆ خوێندکاران وەردەگیرێت، تا بتوانیت کورسی خۆت مسۆگەر بکەیت لە کۆنفرانس. هەروەها بڕی ٢٠ دۆلار وەردەگیرێت بۆ مانەوە لە میوانخانەی زانکۆ بە هەموو خزمەتگوزارییەکانییەوە.

سەبارەت بە چۆنيەتى خۆتۆماركردن، م.هيوا دەڵێت " بۆ ئەو بەڕێزانەی لە دەرەوەی باشوری کوردستانن، دەتوانن بە کارتی بانکی خۆیان تۆمار بکەن، هەروەها بۆ بەڕێزانی باشوری کوردستان بە هەموو زانکۆیەکانەوە دەتوانن پەیوەندی بە منەوە بکەن تا جێگایان مسۆگەر بێت و بتوانن لە دیاربەکر نرخی بەشداربوون بە کاش بدەن لەبەر نەبونی ڤیزا کارت لە باشور. "

ئەو کەسانەی توێژینەوە پێشکەش دەکەن دەبێت لە کۆنفرانسەکەش ئامادەبن، ئەگەر توێژینەوەکە هاوبەش بێت دەبێت لانی کەم یەکێک لە توێژەران ئامادە بێت.

زمانى كۆنفرانس : كوردى و ئينگليزى و توركيە.

بۆ زانيارى پتر كليك لە پێگەى تايبەتى كۆنفرانس بكەن ، لێرە كليك بكە.