فێستيڤاڵى پەلكەزێڕينەى شعير بە سەركەوتوويى كۆتايى هات
News #09, Issue 49, Jan 2019 | Núcey #09, Jhimarey 49, Mangí 01 Sallí 2019 | نوچەی 09، ژمارەى 49 مانگی 01 ساڵی 2019
بەمەبەستى هاندان و پشتيوانيكردنى شاعيرانى گەنج و خاوەن بەهرەى نووسينى شيعر، ڕێكخراوى چەتر بۆ گەشەپێدان و زانكۆى كۆيە فێستيڤاڵێكيان ڕێكخست، لەم فێستيڤاڵەدا خوێندكارێكى زانكۆى كۆيە توانى پلەى يەكەم بەدەست بهێنێت.
ڕۆژى دووشەممە ٢٠١٩/١/٢٨ كاتژمێر ٢:٣٠ خولەكى پاش نيوەرۆ بە ئامادەبوونى بەڕێز د.حەيدەرلەشكرى ياريدەدەرى سەرۆكى زانكۆ بۆكاروبارى زانستى فێستيڤاڵى پەلكەزێڕينەى شيعر دەستى پێكرد، ئەم فێستيڤاڵە ڕێكخراوى چەتر بۆگەشەپيێدان بەهاوكارى زانكۆى كۆيە و بەچاوديێرى بەڕێز لاهور شيێخ جەنگى ئەنجاميدا.
لە فێستيڤاڵەكە ژمارەيەكى بەرچاو لە ئەديب و نووسەر و هاولاتيان ئامادەى بوون و (٣١) شاعيرى گەنج و تازە پێگەيشتوو كە بەشێكيان خوێندكارى كۆلێژ و بەشەجياوازەكانى زانكۆ و ناو شارى كۆيە بوون و ئەوانەى تريش لە شار و ناوچە جياوازەكانى كوردستانەوە بوون.
فيستڤالەكە بە دووبەش بەڕێوەچوو ، بەشى يەكەم كاتژمێر (١٠) ى بەيانى تا (١٢) ى نيوەڕۆ لە هۆڵى مامۆستا تاهير بەكر لە فاكەڵتى پەروەردە و بەشى دووەم لەهۆڵى سەرۆكايەتى زانكۆى كۆيە لە كاتژمێر (٢,٥) تا (٤) ى دواى نيوەڕۆ بەردەوام بوو.
هاوكار ڕەنديخانى سكرتێرى ڕێكخراوى چەتر بۆ گەشەپێدان و سەرۆكى لێژنەى بالاى فيستڤاڵى پەلكەزێڕينەى شيعر دەڵێت" لەيادى (٦) ساڵەى دامەزراندنى ڕێكخراوى چەتر بەباشمان زانى بەهاوكارى زانكۆى كۆيە ئەم فيستڤاڵە ئەنجام بدەين"
هەروەها وتى" تەمەنى بەشداربووان لە (١٦) بۆ (٣٥) ساڵ بوو و لەسەرجەم ناوچەكانى كوردستان (٦٣) لاو بەشداربوون و دواى هەڵسەنگاندنى ليژنەى تايبەت كە لە (٥) مامۆستاى زانكۆ و ئەكاديمى پێكهاتبوون (٣١) كەس بەشدارى فيستڤاڵ بوون و لەوانيش يەكەم و دووەم سێيەم دەستنيشان كران" ئەوەشى ئاشكراكرد كە بۆساڵى ئايندە هەوڵ دەدەن فراوانترى بكەن بەجۆرێك چيرۆك و پەخشانيش لەخۆى بگرێت "بەرهەمى هەر(٣١) بەشداربووەكە لەكتێبێك چاپ دەكرێت و بڵاو دەكرێتەوە" سوپاس و ستايشى زۆرى زانكۆى كۆيەى كرد بۆ هاوكارى و هەماهەنگى بەردەوام بۆئەنجامدان و سەرخستنى هەموو كار و چالاكييەكى رۆشنبيرى و ئەدەبى و هونەرى و زانستى لە كۆيە.
لەنێو ئامادەبووانى فيستڤاڵ نووسەر و شاعير و ڕووناكبيران بەشێوەيەكى بەرچاو بەديدەكران وريا جەليزادە شاعير و نووسەر و سەرپەرشتيارى پەروەردەيى لەمبارەيەوە دەڵێت " وەك ميوان و ئامادەبووێكى فيستڤاڵ دەتوانم بڵێم كارێكى جوان و سەركەوتووبوو ، جێگاى دەستخۆشييە بەنايبەت كە كۆمەڵە گەنجێك شيعريان خوێندەوە و شتى باش و جوانيان پێبوو و بەهرە و دەنگى نوێ بوونيان هەبوو و بەم جۆرەش ئاشنايەتى و تێكەڵاو بوونى چين و توێژە جياوازەكان و بيروڕا گۆڕيەنەوە درووست دەبێت."
هەروەك ووتى "زۆربەى ئامادەبووان لەئەديب و نووسەران بوون و بەشداربوويەكى زۆريش لەدەرەوەى كۆيە و لە ناوچەى جياواز هاتبوون واى تێدەگەم وجاغى شيعر ڕوونە و دەستى هەموو لايەكتان خۆشبێت. "
مەولود حسێن ژاكاو شاعير و مامۆستاى خانەنشين يەكێكى تربوو لە ميوانانى فيستڤاڵ ووتى " ئەم جۆرە فيستڤاڵانە زۆر پێويستە بۆ گەنجان چونكە گەنجانى كۆيە زۆربێ بەشن و بەخشينى خەڵاتيش زياتر هانى گەنجان دەدات بنووسن و بێنە پێشەوە زياتر ڕۆ بچن لە نووسينى شيعردا و ووتيشى بەگشتى شيعرەكان جوان بوون و ئەداشيان باش بوو و دەستخۆشى زۆر لە زانكۆى دەكەم."
ڕازاو ئەحمەد حەسەن (ڕازاو هەمزەپوور) بەشداربوويەكى فيستڤاڵ بوو خەڵكى سەردەشتەو دانيشتووى شارى (كۆيە)يە دەڵێت " لەتەمەنى (١٢-١٣) ساڵييەوە شيعر دەنووسم ، هەركە بەم فيستڤاڵەم زانى خۆم ناونووس كرد و بەشداربووم "
لەبارەى شيعرەكەيەوە هەمزەپوور ووتى " ئەوكيميابارانەى لەڕۆژهەڵات و باشوور لەسەردەشت و هەڵەبجە ڕوويدا لە شيعرێك بەيەكەوەم بەستاوەتەوە چونكە كورد نەنەوەيەكى ئاشتى خوازەو زوڵمى زۆرى لێكراوە ووتيشى لەئايندەدا سەرجەم شيعرەكانم لە كتێبێك بەچاپ دەگەينم و سوپاس و دەستخۆشى بۆ زانكۆى كۆيە و رێكخراوى چەتر كە ئەم دەرفەتەيان بۆ ڕەخساندين"
ليژنەى هەڵسەنگاندنى فيستڤاڵ كە لە (٤) مامۆستاى بەشى كوردى زانكۆى كۆيە پێكهاتبوون يەكەم و دووەم و سێيەمى فيسڤاليان دەستنيشان كرد و پاشان خەڵات بەسەر هەر (٣١) بەشدار بووەكە دابەشكرا و خەڵاتى تايبەت بەسەر سێ يەكەمەكە دابەشكرا و لە كۆتاييشدا چەند گۆرانييەك لەلايەن گۆرانى بێژى لاو ئاشتى عەزيز و گوپێكى ميوزيك پێشكەشكرا.
ئا: محەمەد مەغديد ، شاڵاو نەسرەدين
وێنەكان: كامەران ئەبوبەكر