تەيسير ئەلئالوسى لەبارەى ديدارى هاوبەشى زانكۆى كۆيە و زانكۆى بەغدا دەدوێت
News #06 , Issue 53 , May 2019 | Núcey #06 , Jhimarey 53, Mangí 05 Sallí 2019 | نوچەی 06، ژمارەى 53 - مانگی 05 ساڵی 2019
د. تەيسير ئەلئالوسى لە (مهجر الهولندي)يەوە يەكێك بوو لە ميوانانى ديدارى زانستى هاوبەشى زانكۆى كۆيە و زانكۆى بەغدا كە ڕۆژانى ٢٨ و ٢٩ى نيسانى ٢٠١٩ لە زانكۆى كۆيە بەڕێوەچوو بە نانونيشانى (ڕۆشنبيرى و دۆزى بەيەكەوە ژيانى هاوبەش لە چوارچێوەى ديالۆگى عەرەبى كوردى لە عێراقدا.
سەرەتاش وتى "من لە چوارچێوەى عيراقيەتيدا پشتيوان و لايەنگرى كوردستانم، لايەنگرييەكى مرۆييانەو سوپاسى زانكۆى كۆيەش دەكەم بەتايبەت بۆ ئەم بانگهێشتە و ڕێكخستنى ديالۆگى عەرەبى كوردى لە عيراقدا، بەڵام هەردوو نەتەوەى عەرەب و كورد بەگشتى و گەلەكانيان."
ژورى هەواڵ/ گرنگى ئەم ديدار و ديالۆگانە چۆن دەبينن لە نێوان هەردوو نەتەوەى كورد و عەرەب لەبوارى پێكەوەژيانى ئاشتييانە لە عيراقدا؟
تەيسير ئەلئالوسى/بێگومان ژيانى مرۆڤايەتى بنەماى ديالۆگى ئاشتييانە بەڕێوەى دەبات ، دوور لە فشار و بنەماى توندوتيژى، بەڵام وەك دەبينن هەندێك كەموكوڕى بەدى دەكرێت لە بەڕێوەبردنى هەندێك لە جومگەكانى سيستمى حوكمڕانى نوێى عيراقدا، چونكە لەدواى ٢٠٠٣ ڕۆڵى ميليشيات و هەندێك بيرو بۆچوونى سياسى توندڕەو بوونەتە هۆى ناكۆكى و لەيەكترى تێنەگەيشتن.
لێرەدا پێويستمان بە ڕێكخستنەوەى پەيوەندييەكان و ڕەخساندنى كەش و هەواى لەبارە بە ئاراستەى بە عەقڵانى كردنى پەيوەندييەكان و گەڕاندنەوەيەتى بۆ دۆخى ئاسايى خۆى لەنێوان هەردوو نەتەوى كوردو عەرەب لە چوارچێوەى عيراقێكى فيدرالى ڕاستەقينە، نەك فيدرالييەكى ڕووكەش. هەربۆيەش پێم وايە ئەم ديالۆگە دەمانگەيەنێت بە كرۆكى ئەو بابەتەى كە بە دوايدا دەگەڕێين، كە ئەويش چەمكى بەيەكەوە ژيانى ئاشتييانەيە و هەر بۆيەش وا پێويست دەكات لێرەوە ڕێگاكان بەڕووى ديالۆگدا بكرێنەوە. چونكە زۆربەيان بە بڕيار و ئيرادەيەكى سياسى داخران و تێكڕاى ڕەوتەكەش لەسەر ڕێڕەوە دروستەكەى خۆى لايداوە.
ئەمجارەيان لەوەدەچێت ئەم هەوڵەى زانكۆ و دەزگا ئەكاديميەكان و دەست پێشخەرى بەردەوامى هەرێمى كوردستان، گوڕوتينێكى تر بدات بەم هەوڵ و ديالۆگانە.
ژورى هەواڵ/ پێتان وايە ديالۆگ و ديدارو دانيشتنى لەم جۆرە لەسەر دەستى ڕۆشنبيران و بەبێ بوونى سياسەتمەدارەكانى ناوەند، كاربكاتە سەرعەقڵيەتى سياسى و حوكمڕانى دەسەڵاتدار لە تێكڕاى وڵات؟
تەيسير ئەلئالوسى/ ئيرادەى سياسى لەسەر ئاستى ديالۆگى فەرمى لەنێوان لايەنەكانى دەزگاكانى دەوڵەت گرفت و ئاستەنگى هەرتێدەكەوێت و دەشكرێت بڵێين عەقليەتى بەغدا هەندێك بابەتى شۆڤينيانەو تايفەگەرى تێكەوتووە، بەڵام بوونى ئەم جۆرە ديدارانە لەسەر ئاستى زانستى و ڕۆشنبيرى و ئەكاديمى و بەسەرپەرشتى دەزگاكانى توێژينەوە، فشارێك درووست دەكات بەناوى گەلەوە بە جۆرێك ئەم حاڵەتانە ڕەگ و ڕيشە دانەكوتن و ووردە ووردە بپوكێنەوە.
لێرەدا لەم ديدارە زانستييە من چاوەڕێى ئەوە لە توێژەران و لێكۆڵەران دەكەم ، كاربكەن لەسەر دەستنيشان كردنى گرفت و خاڵە لاوازەكان، لەپێناو چەسپاندنى ديموكراسيەت و فيدراليەت وەك ئەوەى لە دەستورى عيراق لە ٢٠٠٣ ئاماژەى پێكراوە.
لەوانەيە هەندێك جار چەند گرفتێك درووست ببێت لەسەر ئاستى فەرمى حكومەتى ناوەند، بەڵام بە دەستى ئەنقەست و بەمەبەست نەبێت هەرچەندە نەگونجاويش بووبێت لەگەڵ بنەماكانى دەستورو هەڵەى بچوكيش نەبن. هەربۆيە پێويستمان بە هەڵوەستە كردنێكى جدديە لەسەر عەقڵى زانستى عيراقى و ڕۆشنبيرانى.
كاتێك گوێم لە وتارى سەرۆكى زانكۆى كۆيە د. وەلى محمود و رێكخەرى ديدارەكە د. سەربەست گرت، واى لێكردم شانازى بكەم وە خۆشحاڵم بەوەى كە هەڵبژردنەكەم تەندروست بووە بەوەى كە پێم وايە ئينتمام بۆ ئەم خاكە هەيە لەڕووى جوگرافى و مرۆيى و ناسنامەى نەتەوايەتى و پاشخانى مێژووييەوە.
چونكە لەوە تێگەيەشتم كاتێك دەستى ديالۆگ درێژ دەكرێت، بەدەنگەوەهاتنێكى خەمخۆرانە و دڵسۆزانە بەديدەكرێت كە لە كۆيەوە سەرچاوە دەگرێت و پەلوپۆى دەهاوێت. خۆزگەم دەخواست وتارى زانكۆى بەغدا ڕوونتر بوايە بەوەى زياتر واتاكانى ديالۆگێكى ڕاستەقينەى تێدا بەرجەستە ببوايە.
واباشترە كاتێك ديالۆگ دەكەين بير لە ژمارەو ڕێژەى پێكهاتەكان نەكەينەوە و بەچاوى زۆرينەو كەمينە لێى نەڕوانين. چونكە ئێمە هەموومان لە ئەرك و ماف يەكسانين و بەمەش دەتوانين ژێرخانى گفتوگۆى ڕاستەقينە و تەندروست و لەيەكترى تێگەيشتن بونياد بنێين.
ديالۆگى ڕاستەقينە نابێت يەكێتى و يەكپارچەيى خاكى عيراق وابەستەى فيدراليەت و مافى چارەى خۆنووسينى گەلى كورد بكات. مافى چارەى خۆنووسين دەبێت ئارەزوومەندانە بچەسپێت و تا كۆتا سنوورى خۆى بڕ بكات تەنانەت ئەگەر هەڵبژاردەكەى سەربەخۆييش بێت.
ژورى هەواڵ/ د. ئالوسى بەڕێزت باسى مافى چارەى خۆنووسين و سەربەخۆيى دەكەيت، بەڵام بينيمان لەسەر تەنها ڕاپرسييەك لەهەموو لايەكەوە هەرێم و گەلى كوردستان كەوتەبەر هێرش و پەلامار و كاردانەوەى زۆر قورسى لێەوتەوە؟!
تەيسير ئەلئالوسى/ بەڵێ ڕاستە، بەڵام سازدانى ديدارێكى گفتوگۆ ئامێز لەئاستى كۆمەڵگاى مەدەنى، دەبێتە ڕێگر و كۆسپ لەبەردەم دياردەكانى شۆڤينيەت كەلەڕێگاى گوتارى تايفەگەرى هاتۆتە كايەوە، و ماوەيەكە مەترسييەكانى باڵى بەسەر ناوچەكەدا كێشاوە لەشێوەى لەشێوەى پەتايەكى كوشندە. بەڵام هەوڵى دڵسۆزانى لە ئارادايە لەلايەن ڕووناكبيرانى عەرەب و دەزگايەكى ناسراويش لە خاكى كوردستان دامەزراوە بەناوى (التجمع العربي لنصرة القضية الكردية) كە كاردەكات لەسەر ڕووبەڕوو بوونەوەى سياسەتى دوژمنكارانە، و پشتيوانى مافەكانى كورد دەكات بە جۆرێك كە هەمووان لەوە حاڵى بكات كە بەدەستهێنانى فيدراليەت و كۆنفيدراليەت و بگرە لەوەش زياتر، سواڵ و سەدەقە و بەخشين نيە! بەڵكو مافى ئازادى هەڵبژاردن و بڕياردانە لەسەر چۆنيەتى ژيان و ئايندەى خۆيان و مافى چارەى خۆنووسينيش زوو يان درەنگ هەردەبێت وەربگيرێت و بەدەست بێت و سوپاس بۆ ئێوەش.
چاوپێكەوتن و ئامادەكردن: سامان نەسرەدين