زانکۆى کۆیە یادى کۆمارى کوردستان دەكاتەوە
News #06, Issue 01, Jan 2015 | Núcey #06, Jhimarey 01, Mangí 1 Sallí 2015 | نوچەی 6، ژمارەی یەکەم، مانگی 1 ساڵی 2015
بە دروشمى ئەزموونى دوێنێ بۆ تێگەیشتن لە ئێستادا
بەشى مێژووى زانکۆى کۆیە یادى کۆمارى کوردستان دەكاتەوە
سوێندەكەى قازى محەمەد لەكاتى بوونى بەسەرۆك كۆمار چى بوو؟
هێمنى شاعير چى بۆ كۆمارى كوردستان نووسيووە؟
رۆژى 2ى رێبەندان (22/1/1946) لە رۆژهەلاتى کوردستان وەرچەرخانێکى مێژوویى گرنگ لە مێژووى نەتەوەیی کورد روویدا. بۆ بەرزڕاگرتنى ئەم ڕۆژە سەرۆكى بەشى مێژووى فاكەڵتى پەروەردەى زانكۆى كۆيە وتى: درووستبوونى کۆمار گۆڕانى بەسەر هەندێک لایەنى گوتارى سیاسى کوردیدا هێناو خەباتى سیاسى گواستەوە بۆ قۆناغى خۆبەڕێوەبردن و ئەزموونکردنى توانا کارگێڕیەکانى ئەم میللەتە. ئەمە سەربارى ئەوەى بوژانەوەیەکى فەرهەنگى گەورەى لەگەڵ خۆیدا هێنا، کە ئاماژەیە بۆ ئەوەى کولتورى کۆمەڵگاکان لەسایەى ئازادیدا پێدەگات و دەگاتە ئاستى داهێنان.
(د. كامەران محەمەد جەلال) وتيشى: هەرچەندە کۆمار لە ماوەى تەمەنى کورتى خۆیدا زۆرترین دەستکەوتى مێژوویى و نەتەوەیى و فەرهەنگى بە بەراورد بەسەردەمى خۆى لێکەوتەوە، هاوکات لەلایەنى نەرێنى و کەموکورى بەدەر نەبوو، کە ئەمەش هاندەرمانە وەک بەشى مێژوو بە بەستنى کۆڕ و سمینارى زانستى تا لایەنى گەش و ئاور لە دیوە کەموکورى و دەرس و پەندى لێ وەربگرین.
ئاماژەى بۆ ئەمەش كرد كە ڕۆژى پێنجشەممە 22/1/2015 كاژێر ٩:٣٠ ى بەيانى لە هۆڵى سەرۆکایەتى زانکۆ (LT1001) بەشى مێژووى فاكەڵتى پەروەردەى زانكۆى كۆيە بە دروشمى ئەزموونى دوێنێ بۆ تێگەیشتن لە ئێستادا یادى کۆمارى کوردستان دەكاتەوە.
سەرۆكى بەشى مێژوو وتيشى وا بڕيارە لەم مەراسيمەدا مامۆستا (عەبدوڵڵا حەسەن زادە) وتارێك لەسەر كۆمارى كوردستان پێشكەش بكات، هەروەها هەر يەكە لە پرۆفیسۆر دکتۆر سەعدى عوسمان هەروتى سمينارێك بەناونيشانى کۆمارى کوردستان دواى شەست و نۆ ساڵ، ئاوڕدانەوەیەکى رەخنە گرانە. هەروەها مامۆستا ئیسماعیل عەبدوڵڕەحمان سەعید سمينارێك بەناونيشانى بە راوردێکى مێژوویى لە نێوان کۆمارى کوردستان و حکومەتى میللى ئازەربایجان پێشكەش دەكەن. ئەمە جگە لەوەى هەڵبەستێکى شیعرى کە تایبەتە بە کۆمارى کوردستان لەلایەن (د. ئەکرەم خامۆش) پێشکەش دەکرێت. لە كۆتايشدا فیلمێکى مێژوویى دۆکیومێنتارى تایبەت بە کۆمارى کوردستان نمايشدەكرێت.
لە خەسڵەتە گرنگەکانى کۆمارى کوردستان:
1- کۆمارى کوردستان کۆمارێکى نەتەوەیى بوو.
2- کۆمارى کوردستان کۆمارێکى نیشتمانى بوو.
3- کۆمارى کوردستان کۆمارێکى دیموکراتى بوو.
4- کۆمارى کوردستان بەرهەمى تێکۆشانى خەڵک و ئاواتى جەماوەرى بوو.
5- کۆمارێکى خوود موختاربوو.
6- کۆمارى کوردستان کۆمارێکى ئازادیخواز و دۆستى گەلان بوو.
دەستکەوتەکانى کۆمار و شوێنى لە مێژووى نەتەوایەتی دا
1- دووەم گەورەترین ئەزموون و هەلى رەخساو و گۆڕانى سیاسی بووە تا ناوەراستى سەدەى بیستەم.
2- هاندەر و بزوێنەرى بوژانەوەى مێژووى ئەدەب و زمان و هونەر و فەرهەنگى نەتەوەیى بوو.
3- تا رادەیەک کارى کردە سەر ئابوورى ناوچەکە و بوژانەوەى بازار و بازرگانى.
4- دامەزراندنى ئەو قەوارە کوردیە خۆماڵیە ، متمانەى بە توانا و ئیرادەى سیاسی و نەتەوەیى خوڵقاند.
5- بزوێنەرى هەستى هاوبەشى بەرژەوەندیە کۆمەڵایەتى و چینایەتییەکانى کۆمەڵ بوو.
6- بوژانەوەى هەستى نەتەوەیى و گیانى نیشتمان پەروەرى لەهەموو پارچەکانى کوردستاندا.
7- پێکهێنانى سوپا و هێزى چەکدارى پێشمەرگە، تواناى سەربازى کوردى سەلماند.
8- پێکهێنانى ئەنجومەنى وەزیران (هەیئەى رەئیسەى میللى) و وەزارەت و دامودەزگاکانى ، تواناى خۆ بەرێوەبردنى دەرخستن.
9- بزوتنەوەى جەماوەرى لاوان و ژنان بە رێکخراویى برەوى پێدرا.
10- یاسادانان و هەوڵى جێبەجێکردنى و پیادەکردنى روویەکى شارستانى کۆماربوو.
11- پێشخستنى رۆژنامەنووسیى و گرنگیدان بە ڕۆژنامەنووسیى تایبەتمەند وەک منداڵان، ژنان و لاوان ...هتد.
سوێندى قازى محەمەد لەکاتى دیاریکردنى بە سەرۆک کۆمار دا لە 22/1/1946 دا قازى محەمەد لە كۆبوونەوەى بەرینى خەڵکى مەهاباددا ئەو سوێندەى خوارد:
"بە قورئانى کەریم، بە نیشتمانى شەرافەتمەندى گەلى کورد، بە ئاڵاى پڕ لە شانازى کە لە شەکانەوە دایە سوێند دەخۆم تا دوا دڵۆپى خوێن لە ڕێگەى ئازادى و بەختەوەریى گەلى کورد دا لە هەوڵ و کۆشیش درێغى نەکەم. لە ڕێبەرایەتیى کوردستان و یەکیەتیى کورد و ئازربایجان دا شانازى بەخۆم دەکەم و هەوڵى خۆم بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانى گەلى کورد بەکار دەبەم".
مامۆستا (هێمن)ى شاعير لە ديوانەكەيدا لە لاپەڕە 128-129. هۆنراوەيەكى جوانى بۆ كۆمار نووسيووە بەناونيشانى (ڕۆژى خۆشى)
ڕۆژى خۆشى
ڕۆژى جێژن و خۆشییە، تێپەڕ بوو ڕۆژى دەرد و خەم
هات شنەى ڕەحمەت بەجارێک رایڕفاند و بردى تەم
دێ لەهەر لایێکى قاقاى پێکەنینى کیژ و کوڕ
دێ لەهەر سووچێکى نەغمەى ساز و تار و زیل و بەم
گەرچى زستانە بەفر دایپۆشى ئەوڕۆ گشت وڵات
خاکى پاکى ئێمە خەمڵیوە وەکوو باخى ئیرەم
جێژنى ئیستقلالى کوردستانە، ڕۆژى شادییە
جێژنە پیرۆزە لە لاوى هاووڵاتى خۆم دەکەم
نۆجوانان! دەى بە قوربانتان دەبم کارآ بکەن
بۆ تەرەققى کورد و بۆ پاراستنى خاک و عەلەم
بۆ نەجاتى نیشتمانى خۆشەویست کارآ بکەن
زوو دەریبێنن لە چنگى دوژمن و دەستى ستەم
هەر کەسآ بۆ لاى سنوورى نیشتمانى ئێوە بێ
بیکوژن، وردى بکەن، بینێرنە موڵکى عەدەم
لاوەکان! دڵپاکەکان! چالاکەکان! پێشمەرگەکان!
ئێوە شیرى لێ بسوون و ئێمە پڕ دەینە قەڵەم
هەر بە یەکگرتن لە دەست بێگانە دێنینە دەرێ
خاکى پاکى کوردەوارى، نایەڵین بۆ کەس ئەلەم
جێژنە پیرۆزە دەکەم لێت و دەڵێم خۆش بى، بژى
ئەى رەئیس جەمهوورى کورد و پیاوى زانا و موحتەرەم
تۆم بە خوا ئەسپارد و ئەسپاردم بە تۆ ئەى "پێشەوا"
مییللەتى دڵپاک و چاک و نیشتمانە جوانەکەم
.... (گەڕانەوە بۆ لاپەڕەى سەرەكى)