ڕێکخراوى ئەنستتیوتى پەى بۆ پەروەردە و گەشەپێدان

News #16, Issue 00, Jan 2014 | Núcey #16, Jhimarey 00, Mangí 12 Sallí 2014 | نوچەی 16، ژمارەی 00، مانگی 12 ساڵی 2014

ڕێکخراوى ئەنستتیوتى پەى بۆ پەروەردە و گەشەپێدان سەردانى زانکۆى کۆیەیان کرد

بەمەبەستى کارکردن و ئەنجامدانى پڕۆژەى هاوبەش لەگەڵ زانکۆى کۆیە و ناساندنى ڕێکخراوەکە و کارو چالاکییەکانیان لە ماوەى یەک ساڵى تەمەنى ڕێکخراوەکەدا ڕۆژى چوارشەممە 26/11/2014 کاژێر (9:30)ى بەیانى ڕێکخراوى ئەنستتیوتى پەى بۆ پەروەردە و گەشەپێدان بەسەرۆکایەتى (د. سەروەر عەبدولڕەحمان ) سەرۆکى ڕێکخراوەکە سەردانى زانکۆى کۆیەیان کرد، لەم سەردانەدا کە (د. سەعید ساڵح) سەرۆکى زانکۆى کۆیە و (د. دیلان مەجید ڕۆستەم) یاریدەدەرى سەرۆکى زانکۆى کۆیە بۆ کاروبارى زانستى و خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و (د. ڕۆستەم سەلام) یاریدەدەرى سەرۆکى زانکۆ بۆ کاروبارى کارگێڕى و دارایى و ڕاگرى فاکەڵتى پەروەردە و بەڕێوەبەرى بەڕێوەبەرایەتییەکانى سەرۆکایەتى زانکۆى کۆیە ئامادەى بوو. لە سەرەتادا سەرۆکى ڕێکخراوى ئەنستتیوتى پەى تیشکى خستە سەر کارو چالاکییەکانیان لە ماوەى ڕابردوو کە لە ماوەى ساڵێکى کارکردنیادا بوونەتە چاودێر بەسەر دام و دەزگا پەروەردەییەکان و خوێندنى باڵا، بۆ ئەم مەبەستەش چەندین پڕۆژەیان بە ئەنجام گەیاندووە.

لەبەشێکى دیکەدا ئامانجى سەردانەکەدا ڕوونکردەوە بۆ ئەنجامدانى کارى هاوبەش لە ئاینەدا، لەسەرەتاشدا خۆى لە کۆنفرانسێکى دوو ڕۆژەدا دەبینێتەوە کە لە کۆتایى ئەمساڵدا لە شارى هەولێر ئەنجام دەدرێت.

سەبارەت بە زانکۆى کۆیەش وتى: ئەوەندەى ئێمە بە دواداچوونمان کردووە ئەوەى لە میدیاکانیش باسى لێوە دەکرێت زانکۆى کۆیە گەشەکردنێکى فراوانى بەخۆیەوە بینیووە بەتایبەتى لەڕووى زانستى کە پلەى چوارەمى زانکۆکانى هەرێمى کوردستانى گرتووە، هەروەها لە بوارى ئاى تى و تاقیگە و بیناى مۆدێرن و بەشى ناوخۆیى. ئەمە جگە لەوەى کە زانکۆى کۆیە (2) گۆڤارى هەیە، کە باشترین گۆڤارەکانى هەرێمى کوردستانن و لە کاتى خۆى بەڕێک و پێکى دەردەچن.

دواتریش (د. سەعید ساڵح) سەرۆکى زانکۆى کۆیە وێڕاى بەخێرهاتن و دەستخۆشى لەکار و چالاکییەکانى ماوەى یەک ساڵى ئەم ڕێکخراوە کارەکانى ڕێکخراوەکەى بەرز نرخاند بەتایبەتى کە چاودێرن بەسەر دام و دەزگا پەروەردەییەکان.

ئاماژەى بۆ ئەوەش كرد كە زانکۆى کۆیە هاوکارتان دەبێت بۆ هەر پڕۆژەیەک کە پەیوەندیدار بێت بە پێشکەوتن و گەشەکردنى زانکۆکان و داواشى لە ڕێکخراوەکە کرد کە چاودێربن بەسەر زانکۆى کۆیە و لە کەم و کوڕییەکان ئاگادارمان بکەنەوە. دواتریش چەند پێشنیازێکى خستە بەردەم ڕێکخراوەکە بۆ ئەوەى کاریان لەسەر بکەن و چارەسەر بۆ گرفتەکانى خوێندنى باڵا بدۆزنەوە.

دواتریش (د. دیلان مەجید ڕۆستەم) یاریدەدەرى سەرۆکى زانکۆ بۆ کاروبارى زانست و خوێندنى باڵا باسى لە کارە زانستییەکانى زانکۆى کۆیە کردو ئاماژەى بۆ ئەوە كرد كە زانکۆى کۆیە چەند بەشێکى هەیە لە کوردستان و عێراق ئەو بەشانە بوونیان نییە، لە ئێستادا چەند زانکۆیەک ئامادەکارى دەکەن بۆ کردنەوەى چەند بەشێکى هاوشێوەى زانکۆى کۆیە.

دواتریش چەند پێشنیار و سەرنجێکى خستەڕوو بۆ ئەوەى بەهەمووان چارەسەرى گونجاوى بۆ بدۆزنەوە، بەتایبەتى ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگاى مەدەنى کە ببنە گروپى فشار بۆ چارەسەکردنى گرفتەکان و تاکەکانى کۆمەڵگاش ڕۆڵى سەرکیان هەبێت بۆ پێشخستنى زانکۆکان. بۆ ئەم مەبەستە وتى: پێویستە (4) ساڵى خوێندنى زانکۆ بۆ خوێندکاران تەرخانبکرێت بۆ داهێنان و گەشەکردن بە جۆرێک پێویستە کار بکەین بۆ پەروەردەکرنى خوێندکار بۆ بازاڕى گەورە تر و بۆ جیهانى دەرەوە نەک تەنیا پێدانى بڕوانامە.

وتیشى: ئەرکى هەموو لایەکە چارەسەر بدۆزینەوە بۆ ڕۆژەکانى خوێندنى زانکۆیى. ئەمەشى بە نموونە هێنایەوە کە ساڵى ڕابردوو خوێندکاارنى کوردستان لە ساڵێکى خوێندندا (84) ڕۆژ خوێندنیان خوێندووە، لە کاتێکدا بەپێى ستاندارى جیهانى پێویستە (180) ڕۆژ کە 1600 کاژێرە بخوێندرێت.

هەروەک نموونەشى بە چەند زانکۆیەکى جیهانى هێنایەوە کە بەردەوام لەگەشەکردن دان، چونکە زانکۆکانى جیهان یەک ئامانجیان هەیە ئەویش گەشەپێدانى زانستە، بۆیە وتى: زانکۆکانى کوردستان گەشە ناکەن ئەگەر ئەم هەموو دابڕانە بە هۆی پشووە لە ساڵێکدا بوونى هەبێت.

هەروەها وتى: لە کوردستان کۆمەڵێک یاسا هەیە بوونەتە گرفت لەبەردەم گەشەپێدانى زانکۆکانى کوردستان، بۆیە ئەم یاسایانە پێویستیان بە هەموارکردنەوە هەیە. بۆ ئەوەى لەگەڵ سەردەمى ئەمڕۆدا بگونجێن. نموونەشى بەوە هێنایەوە کە زۆر جار لە کۆبوونەوەکاندا لەسەر چەندین خاڵ و تەوەر ڕێکدەکەوین، بەڵام لە کۆتایدا یاسای ماوە بەسەر چووی خوێندنی باڵا ڕێگر دەبێت.

لە کۆتایشدا وەکو پێشنیازێک بۆ گەشە کردنی بازاری کار بۆ لاوەکانی خاون بڕوانامەی ئەم ولاتە داواى کرد کە کەرتی تایبەتى و حکومەتی و ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگاى مەدەنى بۆ ئەنجامدانى هەر پڕۆژەیەک لە کوردستاندا کە لەلایەن هەر کۆمپانیایەکى بیانى ئەنجام دەدرێت، دەبێت بە پێ یاسا (15%) وزەی کاریان لە هاووڵاتیانى کوردستان بن، لەم ڕێژەیەش (5%) دەرچوانی زاکۆکانی هەرێمی کوردستان بن. بۆ ئەوەى سوود لە تواناو وزەى ئەو کۆمپانیایانە وەربگرن.

د. ڕۆستەم سەلام یاریدەدەرى سەرکى زانکۆى کۆیەش وتى: زانکۆى کۆیە لەماوەى ڕابردوودا هەنگاوى گەورەى ناوە، لەوانە بە ئەلکترۆنى کردنى زانکۆ کردنەوەى خوولى زمانى ئینگلیزى، ئەگەرچى کەمى بودجە بونەتە ئاستەنگ لەبەردەم چەندین پڕۆژەى زانکۆدا.

د. حەیدەر لەشکری بەڕێوەبەرى کارو باری خوێندنى باڵاش وتى: پێویستە ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگاى مەدەنى ببنە چاودێر بەسەر سەرجەم دام و دەزگاکان لە کوێدا کەم تەرخەمى بوونى هەبوو لایەنى پەیوەندیدارى لێئاگادار بکرێتەوە، بۆیە پێویستە ساڵانە ڕاپۆرت لەسەر زانکۆکان بڵاو بکرێتەوە کە ئاستى گەشەکردن و کەم و کوڕیەکانیان دیارى بکرێت.

لە کۆتایشدا ئامادەبووان بە چەندین سەرنج و پێشنیاز بەشدارى کۆبوونەوەکەیان کرد. (گەڕانەوە بۆ لاپەڕەى سەرەكى)