سەرۆكى زانكۆ لەگەڵ گروپى داكۆكى لە مامۆستايان و فەرمانبەران كۆبۆوە

News #14, Issue 10, 2015 | Núcey #14, Jhimarey 10, Mangí 10 Sallí 2015 | نوچەی ١٤، ژمارەى ١٠ مانگی ١٠ ساڵی 2015

بە مەبەستى دروستكردنى تێگەيشتنێكى هاوبەش لە نێوان سەرۆكايەتى زانكۆ و گروپى داكۆكى لە مامۆستايان و فەرمانبەران دەربارەى ياداشتەكەيان بەڕێز سەرۆكى زانكۆ لەگەڵيان كۆبۆوە.

رۆژى سێ شەممە ٢٧ / ١٠ / ٢٠١٥ كاتژمێر ١٠ى پێش نيوەڕۆ لە هۆڵى LT1001 ى سەرۆكايەتى زانكۆ، بەڕێز پ.ى.د.وەلى مەحمود حەمەد سەرۆكى زانكۆ پێشوازيكرد لە گروپى داكۆكى لە مامۆستايان و فەرمانبەران بە مەبەستى گفتوگۆكردن دەربارەى ياداشتەكەيان.

داواكاريەكان چيين؟

بەڕێز د.هۆشمەند عەلى بە ناوى گروپەكە و ئامادەبووان پوختەى داخوازيەكانيان و داواكاريەكانى پێشكەش بە بەرێز سەرۆكى زانكۆ كرد كە بريتى بوو لە دابينكردنى شايستە داراييەكان و هاوكاركردنى مامۆستايان و فەرمانبەران و كردنەوەى مۆڵەتى خوێندن بۆ خوازيارانى خوێندنى باڵا.

دواى گوێگرتنى تەواوى سەرنجەكان، بەڕێز سەرۆكى زانكۆ بۆ ئامادەبووان وتى" ئێمە لە سەرۆكايەتى زانكۆ ڕێز دەگرين لە هەڵوێست و ياداشتەكەتان، بەشێك لە داواكاريەكانتان كە پەيوەندى بە زانكۆ و دەسەڵاتى زانكۆوە هەيە جێ بە جێ ى دەكەين وەك چۆن جێ بە جێمان كردووە، ئەوەى تريش بەڵێنتان پێ دەدەم درێغى ناكەم لە گەياندنى داواكانتان و لە هەموو دەرفەتێكى گونجاودا باسى ياداشت و هەڵوێستەكانتان دەكەم كە خزمەتكردنە بە زانكۆ و لەو چوارچێوەيەشدا سەرۆكايەتى زانكۆ سوپاسگوزارە بەرامبەرتان"

سەرۆكايەتى زانكۆ ئاگادارى دۆخى مامۆستايانە

بەرێز پ.ى.د.وەلى جەختى كردەوە كە ئاگادارى دۆخى مامۆستا و فەرمانبەرانى زانكۆيە و وتى"ئێمە ئاگادارى دۆخى فەرمانبەران و مامۆستايانى زانكۆمانين و بە باشى لە دۆخەكە تێدەگەين، وە گرنگە ئێمە پێشتر ئەركەكانى خۆمان جێ بە جێ بكەين ئينجا داواى مافەكانمان بكەين"

لە ميانەى قسەكانيدا بەڕێز سەرۆكى زانكۆ تيشكى خستە سەر پەراوێزخستنى ڕۆڵ و پێگەى زانكۆ لە ڕابردوودا وتى"لە ڕابردوودا زانكۆكان پشتگوێخرابوون و نەيانتوانيوە ڕۆڵێكى كارا بگێڕن لە بڕيارى سياسى و ئابوورى و كۆمەڵايەتى وڵاتەكەماندا، بەڵام دەبێت و گرنگە كە لە ئاييندە زانكۆكان بتوانن ئەو ڕۆڵە بگێرن و بە زانست و مەعريفەيان لە پێشختنى وڵاتەكەماندا دەورێكى كارا و گرنگيان هەبێت، ئەمەش بێ گومان بە هەوڵ و كۆششى ئێوەى بەڕێز دەبێت لە پابەندبوونتان بە پێگەتان وەك مامۆستاى زانكۆ و بەرهەمهێنانى نەوەيەكى هۆشيار و خوێندەوار"

لەو چوارچێوەيەدا بەڕێز سەرۆكى زانكۆ باسى دۆخى زانكۆكانى بۆ ئامادەبووان كرد كە لە چ دۆخێكدان و وتى" ئێستا زانكۆكان لە دۆخێكى نا ئاساييدان لە دابينكردنى پێداويستييەكان و خزمەتگوزاريەكانى خوێندكاران و فەرمانبەران و مامۆستايان، لەو چوارچێوەيەشدا زانكۆمان لە هەمان دۆخدايە، بۆيە داواتان لێدەكەم با هەموومان هاوكارى يەكتر بكەين و پرۆسەى خوێندن نەوەستێت لە زانكۆمان، خوێندكاران لە هۆڵەكانى خوێندن بەردەوام بن لە خوێندنى ساڵى ئەكاديمى ٢٠١٥ – ٢٠١٦ "