ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا داواى پێشخستنى ڕیزبەندى موچەى مامۆستاو فەرمانبەرانى دەکات

News #13, Issue 10, 2015 | Núcey #13, Jhimarey 10, Mangí 10 Sallí 2015 | نوچەی ١٣، ژمارەى ١٠ مانگی ١٠ ساڵی 2015

لە کۆبونەوەى ئەمڕۆى ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و تویژینەوەى زانستیدا ئامادەبوانى کۆبونەوەکە جەختیان لەسەر پێویستى ڕەچاوکردنى بارودۆخى بارى دارایى و ئابورى مامۆستایان و فەرمانبەرانى زانکۆکان و دامەزراوەکانى خوێندنى باڵا و تویژینەوەى زانستى کردەوە.

لەو چوارچێوەیەشدا ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و تویژینەوەى زانستى داوایان لە سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیران و وەزارەتى دارایى و ئابورى کرد لە لیستى دانانى خشتەى دابەشکردنى موچەى وەزارەتەکاندا، ڕیزبەندى وەزارەتى خوێندنى باڵا و تویژینەوەى زانستى پێش بخرێت و، چیتر موچەکان دوا نەکەوێ، چونکە وەک تێبینى کراوە لە ڕابردودا خشتەى دابەشکردنى موچەى فەرمانبەراندا زۆرترین پاش و پێش بە موچەى مامۆستایان و فەرمانبەرانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و تویژینەوەى زانستى کراوە, ئەوەش ئەوەندى دیکەى بارى دارایى فەرمانبەران و مامۆستایانى گرانتر کردوە.

ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کە سەرۆکى سەرجەم زانکۆکان ئەندامن تێیدا, ئەمڕۆ دووشەممە, ڕێکەوتى (٢٦/١٠/٢٠١٥) بەسەرپەرشتى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و تویژینەوەى زانستى کۆبوەوە، لەو کۆبونەوەیەدا ستایش و سوپاسى مامۆستایان و فەرمانبەرانى سەرجەم دامەزراوەکانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و تویژینەوەى زانستى کرا, کە بەرگەى گرانى بارودۆخى ئابوریان گرت.

(بۆ خوێندنەوەى هەواڵەكە لە پێگەى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژينەوەى زانستى كليك لێرە بكە)