بەشەكانى زانكۆى كۆيە - بەشى زمانى كوردى

News #30, Issue 12, Dec 2015 | Núcey #30, Jhimarey 12, Mangí 12 Sallí 2015 | نوچەی ٣٠، ژمارەى 12 مانگی 12 ساڵی 2015

مێژووی بەشی زمانی کوردی:

بەشی زمانی کوردی لەگەڵ کردنەوەی کۆلێژی پەروەردەی زانکۆی سلێمانی لەکۆیە لەبەرواری(٢٠٠١/١/١٣)یەکەم بەش بووە،کە کراوەتەوە و بۆساڵی ٢٠٠٣-٢٠٠٤یەکەم بەرهەمى لە پۆلێك خوێندكار پێشكەش بە كۆمەڵگە كردووە.ساڵی ٢٠٠٦- ٢٠٠٧بە بڕیاری سەرۆکایەتی زانکۆی کۆیە کۆلێژی پەروەردە بوو بە کۆلیژی زمان،بۆیە بەشی زمانی کوردی بوو بە بەشێک لەکۆلێژی زمان،بۆساڵی خوێندنی ٢٠١٠-٢٠١١ ستراکچەری زانکۆی کۆیە گۆڕانکاری بەسەرداهات، لەساڵی خوێندنی٢٠١١-٢٠١٢ قۆناغی یەکەمی بەشی زمانی کوردی بەپەروەردە وەرگیران لەسکوڵی پەروەردە/فاکەڵتی پەروەردە. بەشى كوردى لەدەستەیەک مامۆستای بەئەزمون و خاوەن بڕوانامەی ماستەرو دکتۆراو،نازناوی زانستی وەک پرۆفیسۆری یاریدەدەر و مامۆستا پێکهاتوە.بەشی زمانی کوردی هەموو ساڵێک لەسەرەتای ساڵی تازەی خوێندندا بەمەبەستی پێشخستنی ئاستی زانستی و ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتی پەیامی بەشەکەی دیاری دەکات و چەندین لیژنە پێکدەهێنێت،کەهەر لیژنەیەک گرینگی خۆی هەیە،لەناو ئەو لیژنانەش لیژنەی ڕۆشنبیرییە ڕۆڵێکی کاریگەری هەبووە لەبەشەکە ساڵانە چەندین کۆڕ و سیمینار ئەنجام دەدات.

ئەو بڕوانامانەی لەبەشەکە دەبەخشرێت:

١- بڕوانامەی بەکالۆریۆس،لەبواری زمان وئەدەبی کوردیدا.

٢- بڕوانامەی ماستەر، لەبواری زمان وئەدەبی کوردیدا.

٣- بڕوانامەی دکتۆرا، لەبواری زمان وئەدەبی کوردیدا.

خوێندن لەبەشەکە:

خوێندن لەبەشەکەدا بەزمانی کوردییە،بەشێکی زۆری بابەتەکان بەشێوەی تیۆرین و هەندێکیشیان تیۆری وپڕاکتیکین، و ماوەی خوێندنی بەکالۆریۆس لەبەشەکە چوار ساڵە.

ئەرک و ئامانجی بەش:

١- پێگەیاندنی خوێندکاران بەشێوەیەکی زانستی و ئەکادیمی.

٢- پێگەیاندن و پەروەردەکردنی کادیرو پسپۆڕی شارەزا لەسەربنەمای دیموکراسی و نیشتمان پەروەری و یەکتر خۆشویستن.

٣- ئاشناکردنی خوێندکاران بەزانستی زمان و ئەدەب بەشێوەیەکی گشتی.

٤- ئامانجی سەرەکی بەش ئەوەیە کە خوێندکاران بەشێوەیەکی زانستی شارەزای زمان و ئەدەبی کوردی ببن،چونکە پسپۆڕی لەزمان و ئەدەبی کوردی وەردەگرن.

گرینگی بەشی زمانی کوردی:

بەشی کوردی گرینگی تایبەتی خۆی هەیە،لەڕووی جێبەجێکردنی پڕۆسەی خوێندنەوە،بەتایبەتی لەم دەڤەرەدا لە ڕووی هەڵکەوتەی شوێنەکەی ،کە دەکەوێتە ناوەندێکەوە زۆر شارو شارۆچکەی بەیەکەوە بەستۆتەوە ئەمەش وایکردوە ژمارەیەکی زۆر خوێندکاری شارو شارۆچکەکانی کوردستانی تێدا کۆببێتەوە،گرینگی ئەم بەشە لەوەدا دەردەکەویت،کە ژمارەیەکی بەرچاو کادرو پسپۆڕ لەبواری زمان و ئەدەبی کوردی پێدەگەیەنێت،کە دەبن بەمامۆستا لەقۆناغەکانی ناوەندی دواناوەندی.

ئەوشوێنانەی کەدەرچوانی بەشەکە دەتوانن کاری تێدابکەن:

ئەرکی بەش پێگەیاندنی خوێندکارە بەشێوەیەکی زانستی و ئەکادیمی،هەوڵدەدات لەسەر شێوەیەکی نوێ و لەڕوانگەی زانست و پەروەردەوە کادرو مامۆستای کورد پێبگەیەنێت و نەوەی نوێ بەخۆشەویستی و گیانی نیشتمان پەروەری پەروەردە بکات.دەرچوانی بەشەکە دەتوانن ببن بەمامۆستا لە خویندنگاکان،هەروەها دەتوانن لەدەزگاکانی ڕاگەیاندن ودەزگاکانی چاپەمەنی وەکو زمانەوان و وەرگێر، هەروەها لەهەموو فەرمانگە و دامەزراوە حکومی و ناحکومییەکان وەکو هەڵسەنگێنەری زمانەوانی دەتوانن کاربکەن.

زمان:

زمانی خوێندن لە بەشەکەدا زمانی کوردییە.

ڕێگاکانی خوێندن:

ڕێگاکانی خوێندن لە بەشەکەماندا جۆراوجۆرن، کە پێکهاتووە لە کۆمەڵێک ئەرکی جۆراوجۆر و وانەگوتنەوە و ۆرکشۆپ و تاقیکردنەوەی ڕۆژانە و تاقیکردنەوەی گشتی و ڕاپۆرت و پێشکەشکردنی سیمینار.

ماوەی خوێندن:

ماوەی خوێندن لە بەشی کوردیدا چوار ساڵە، کە ساڵی خوێندن لە ناوەڕاستی مانگی ئەیلول دەستپێدەکات و لە ناوەڕاستی حوزەیران کۆتاییدێت.

ئەو پڕۆگرامانەی کە لە بەشەکەدا دەگوترێنەوە:

لەم لينكەدا (كليك لێرە بكە) لیستی تەواوی وانەکان دەخاتە روو لە بەشی کوردیدا. هەر بابەتێک کۆدی تایبەت بە خۆی هەیە کە بە شێوەیەکی ستاندارد ڕێکخراوە و بەستراوەتەوە بە کۆی زانیارییەکان دەربارەی بابەتەکە لە ڕێگەی لینکێکەوە. تکایە تێبینی ئەوە بکە، کە وێبسایتی هەر بابەتێک ڕێنوێنیت دەکات بۆ چونە سەر پەڕەی تایبەتی ئەو وانەبێژەی کە بابەتەکە دەڵێتەوە.

بۆ زانيارى زياتر دەربارەى بەشى زمانى كوردى، كليك لێرە بكە.

ئامادەكردنى : ژوورى هەواڵ