دوو وۆركشۆپ بۆ ڕاهێنانى خوێندكاران ئەنجامدرا

News #11, Issue 25, Jan 2017 | Núcey #11, Jhimarey 25, Mangí 1 Sallí 2017 | نوچەی 11، ژمارەى 25 مانگی 1 ساڵی 2017

لەلايەن بەشەكانى بايۆلۆجى و مێديكەڵ مايكرۆبايۆلۆجى - فەكەڵتى زانست و تەندروستى، لە سەنتەرى توێژينەوەى زانستى و تەندروستى رۆژانى ١٥ - ١٧ و ٢٢ى مانگى ٢٠١٧/١ بە ناونيشانىتەکنیکە بنچینەییەکانی زانستی مۆڵیکولەری تاقیگەیی دوو وۆرك شۆپ بۆ خوێندكاران ئەنجامدرا لە لايەن ڕاهێنەرانى سەنتەرەكەوە.

بەڕێز م.ى.هيواى عەبدولرەحمان كە هاوكات لێپرسراوى سەنتەرى توێژينەوەى زانستى و تەندروستيە لەبارەى وۆركشۆپەكەوە دەڵێت "ناوەڕۆکی بابەتە باس لە هەموو ئەو بابەتە بنچینەییانە دەکات کە تەکنیککاری تاقیگەکانی زانستی مۆلیکولەری تاقیگەیی پێویست دەکات بیزانن، گرنگی زێتری ئەم چالاکییە لەوەدایە کەوا خوێندکاران، بە شێوەیەکی پڕاکتیکی بەشداری تەکنیکە کارەکیەکان دەبن، پرسیار دروست دەکەن و هەوڵی چارەسەری کێشەکان دەدەن، سەرەڕای چاودێری تەکنیککاری ڕاهێنراو کە سودمەند دەبن لە گواستنەوەی تەجروبەی کاریان"

هەروەها دەڵێت " بەهای ئەم چالاکییەی ئیمە دەکرێ لایەنی کەمی پەرەدان بێت بە توانستی زانستی خوێندکارانی زانکۆمان، ئاشناکردنیان بێت بە ئاستی پێشڤەچوونەکان لەم بوارەدا، وە هەروەها هەنگاوێکی سەرەتایی بێت بەمەبەستی ئامادەکردنی خوێندکارانمان بۆ بازاڕی کار، کە لەم جۆرە چالاکیانەی ئێمەدا، خوێندکاران بە شێوەی تیۆری و پڕاکتیکی ڕادەهێنرێن لەسەر چۆنییەتی و سروشتی کار لە بوارە گرنگەکاندا"

لە بارەى بيرۆكەى وۆرك شۆپەكەوە دەڵێت "بیرۆکەی سەرەکی پشت ئەنجامدانی ئەم کارە، کۆمەک کردنە بە کرێدیتی ئەکادیمی خوێندکاران و هەماهەنگییانە لە ئامادەسازییە پێویستەکان، بۆ ئەو قۆناغەی لە دوای وەرگرتنی دیبلۆما دەیگەنێ."

م.هيوا ئامۆژگارى هەيە بۆ ئامادەبووانى وۆرك شۆپەكان "ئامادەبووان پێویستە بە وریاییەوە پەیڕەوی ئەو پەیڕەو و پرەنسیپانە بن کە فێردەکرێن، وە وشت و وریاییانە تێبینی گشت ئەو وردەکاریانە بکەن کە لە پشکی کارەکیدا (پڕاکتیکی) خۆیان ئەنجامی دەدەن."

ئامادەبووانى وۆرك شۆپەكە پێکهاتەیەکی گرنگی زانکۆ و چینی خوێندکارانی دوا قۆناغن، لە هەردوو بەشی بایۆلۆجی و مێدیکەڵ مایکڕۆبایۆلۆجی.

وانەكانى وۆركشۆپانە لەلايەن هەريەك لە بەڕێزان هیوا عبدالرحمن احمد، محمد عصام جمیل، محمد عثمان احمد، شوان صالح احمد وترانەوە.

وۆركشۆپێكى سەركەوتوو بوو

بەشداربووى وۆركشۆپ دونیا وەهاب حمەعلی، خوێندكارى قۆناغی چوارەمی بایۆلۆجی دەلێت "وۆركشۆپەكە بەشێوەیەکی سەرکەوتوو بەڕێوەچوو و زانیاریەکان نوێ بوون بۆمان، داواكاريشم ساڵانە ئەم جۆرە چالاکیانە دووبارە بکرێنەوە و خوێندکار سوودمەندبن لێی، خۆزگە لە قۆناغەکانی پێشووی خوێندنیشماندا، بمانتوانیایە بەشداری وۆڕک شۆپی هاوشێوە ببین"

بەشداربووى وۆركشۆپ یعقوب توفیق محمد، خوێندكارى قۆناغی چوارەمی بایۆلۆجی دەلێت " وۆركشۆپەكە بەشێوەیەکی باش و سەرکەوتوو بەڕێوەچوو، هیوادارم ساڵانە چالاکی لەم جۆرە دووبارە بکرێتەوە، زانکۆی کۆیە کە خاوەنی سەنتەرێکی لەم شێوەیەیە، پێویستە لە خزمەتی خوێندکاراندابێت و زیاتر خوێندکاران سوودمەند بن لێی، وێراى ئەوەى كە پەيامى وۆركشۆپەكە سەركەوتوووانە گەيەندرا پێمان، خۆزگە ساڵانی پێشوو لەم جۆرە وۆڕک شۆپانە ئەنجام بدرابوایە وە بوارەکانی فراوان بکرابوایە"

- سەنتەری توێژینەوەی زانستی و تەندروستی

ئەم سەنتەرە لە ساڵى ٢٠١١ دامەزراوە، سەر بە فەكەڵتى زانست و تەندروستى يە. سەنتەرى توێژينەوەى زانستى و تەندروستى پێك دێت لە نۆ (٩)تاقیگەی زانستی پێشکەوتوو و گەشەسەندوو بە نوێترین تەکنیک و ئامێری زانستی، سەنتەرەکە یەکێکە لە پێشکەتووترین ناوەندەکانی توێژینەوە لەسەر ئاستی کوردستان و عێڕاق و ڕۆژهەڵاتی ناوەراست و خاوەنی چەندەها توێژینەوەی زانستی ئاست بەرزە کە ژمارەیەک لەوانە لە لیستی داهێنانەکانی وڵاتانی ئەوروپا تۆمارکراون. تاقیگەکانی سەنتەری توێژینەوەی زانستی و تەندروستی تایبەتمەندکراون لە بوارەکانی (Biotechnology, Molecular Biology, Microbiology, Cell Culture, Environmental & Analytical Chemistry, Biochemistry)

بەشى بايۆلۆجى

به‌شی زینده‌وه‌رزانی له‌ ساڵی 2004دا كرايەوە، هه‌ڵگرانی بڕوانامه‌ی بایۆلۆجی ده‌توانن درێژه‌ به‌خوێندنی باڵا بده‌ن له‌ هه‌ریه‌کێک له‌ زانسته‌کانی ژیان و ته‌کنۆلۆژیای زیندوه‌ر یاخود بۆماوه‌زانی. ده‌رچوانی بایۆلۆجی که‌سانی گونجاو ده‌بن بۆ ئه‌وه‌ی خزمەت پێشكەش بكەن له‌ زانستی ته‌کنۆلۆژیای زینده‌وه‌ر ، زانستی ده‌رمانسازی، زانستی پزیشکی و پزیشکی دادوه‌ری، دامه‌زراوه‌کانی تایبه‌ت به‌ تویژینه‌وه‌ی بایۆلۆجی، تاقیگه‌کانی نه‌خۆشخانه‌کان، کۆمپانیاکانی دابینکردنی پێویستی نه‌خۆشخانه‌کان یاخود له‌ پیشه‌سازی خۆراکدا، ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕای لێهاتوییان بۆ كاركردن وه‌ك ‌ مامۆستای بایۆلۆجی. ‌

به‌مه‌به‌ستی وه‌رگرتنی وانه‌ی کرداری له‌م بابه‌تانه‌دا، به‌شی بایۆلۆجی ته‌واوی پێویستیيه‌کانی لە تاقیگه‌کانی تایبه‌ت به‌م بواره‌ی دابین کردووه‌. بۆ زانيارى زياتر كليك لێرە بكە

بەشى مايكرۆبايۆلۆجى

به‌شی مایکڕۆبایۆلۆجی پزیشکی له‌ساڵی خوێندنی ئه‌کادیمی 2011-2012 له‌ زانکۆی کۆیه‌ كرايەوە. ئه‌م به‌شه‌ هه‌ڵده‌ستێت به‌ ڕاهێنانی پیشه‌وه‌رانی چاودێری ته‌ندروستی له‌ بواره‌کانی زانستی نه‌خۆشی مایکڕۆبایۆلۆجی و زانستی پزیشکی و ته‌کنۆلۆژیای پزیشکی. ده‌رچوانی ئه‌م به‌شه‌ پسپۆری په‌یداده‌كه‌ن له‌ بواری زانستی نه‌خۆشی، زانستی پزیشکی، ته‌کنۆلۆژیای پزیشکی ته‌کنیککاری تاقیگه‌. هه‌روه‌ها ئه‌م به‌شه‌ خزمه‌تگوزاری و پێداویستی تاقیگه‌ دابین ده‌كات. له‌ دوای ده‌رچونیاندا، خوێندکاران شوێن پیشه‌ی خۆیان ده‌که‌ون له‌ بواره‌کانی توێژینه‌وه‌ یاخود چاودێری ته‌ندروستی یاخود له‌ جیهانی ئه‌کادیمیدا. به‌شی میدیکاڵ مایکڕۆبایۆلۆجی پڕۆژه‌ی تویژینه‌وه‌ی له‌به‌رده‌ستدا هه‌یه‌ كه‌ زانكۆ پاڵپشتی ده‌كات. بۆ زانيارى زياتر كليك لێرە بكە.

ئامادەكردنى : ژوورى هەواڵ

وێنەكان : محەمەد مەغديد، كاردۆ محەمەد