شاندێكى زانكۆى كۆيە سەردانى زانكۆى وارشۆى كرد
News #01, Issue 41, May 2018| Núcey #01, Jhimarey 41, Mangí 5 Sallí 2018 | نوچەی 01، ژمارەى 41 مانگی 5 ساڵی 2018
بە مەبەستى بەشداريكردن لە يادى دامەزراندنى زانكۆى وارشۆ، سەرۆكى زانكۆى كۆيە و راگرى فەكەڵتى ئەندازيارى بەسەردانێكى فەرمى لە زانكۆى وارشۆن.
لە لايەن سەرۆكى زانكۆى (Warsaw University of life - SGGW) بانگهێشتنامەيەك گەيشت بە سەرۆكايەتى زانكۆى كۆيە بۆ بەشداريكردنى شاندى زانكۆى كۆيە لە يادى دامەزراندنى زانكۆى وارشۆ لە رۆژانى ١٧-١٩/ ٥/ ٢٠١٨ ، بۆ ئەم مەبەستە هەريەك لە بەڕێزان پ.ى.د.وەلى مەحمود حەمەد سەرۆكى زانكۆ و پ.ى.د.محەمەد حەسيب زەنگەنە راگرى فەكەڵتى ئەندازيارى گەيشتنە زانكۆى وارشۆ .
لەو مەراسيمەدا خەڵاتى ڕێزلێنان بەخشرايە ژمارەيەك پرۆفيسۆرى زانكۆكە لە بەرامبەر داهێنانەكانيان، هەروەها ئەنجامدانى فێستيڤاڵى بەرهەمەكانى زانكۆ و چەند چالاكيەكى تر.
ڕۆژى ١٨/٥ مەراسيمى ڕێ و ڕۆيشتنى ئەنجومەنى زانكۆ و سەرۆك زانكۆ بانگهێشتكراوەكان دەستى پێكرد. سەرۆكى هەر زانكۆيەكى ميوان بە عەبا و جلى تايبەتى خۆى بەشداريكرد. لە عێراق تەنها سێ زانكۆ بانگهێشتكرابوون و تەنيا زانكۆى كۆيە توانى بەشدار بێت لە ڕێ و ڕەسمەكە.
ڕۆژانى ١٨-١٩/ ٥/ ٢٠١٨ شاندى زانكۆى كۆيە چەند ديدار و كۆبوونەوەيەكى لەگەڵ شاندى زانكۆكانى ميوان لە يادەكە ئەنجامدا لەبارەى چۆنيەتى ئەنجامدانى كار و چالاكى هەماهەنگ لە نێوان ئەو زانكۆيانە و زانكۆى كۆيەدا.
رۆژى ٢٠١٨/٥/١٩ كاتژمێر ١٠ى بەيانى شاندەكە كۆبوونەوەيەكى فراوانى ئەنجامدا لە ئۆفيسى پەيوەنديەكانى دەرەوە لەگەڵ هەريەك لە ياريدەدەرى سەرۆكى زانكۆ و راگرى فەكەلتى ئەندازيارى شارستانى و جيۆتەكنيك و ژينگە، هەروەها ڕاگرى فەكەڵتى ئەندازيارى بەرهەم هێنان، جگە لە ژمارەيەك پرۆفيسۆرى ئەندازيارى زانكۆكە.
لەو كۆبوونەوەيەدا زۆر تەوەر باسكران لەوانە:
- ئەنجامدانى كارى هاوبەش لە چوارچێوەى بەرنامەى ئيراسمۆس پلەس.
- چۆنيەتى چالاككردنى ياداشتنامەى لەيەكگەيشتنى نێوان هەردوو زانكۆ.
- ئەنجامدانى كارى هاوبەش بەتايبەت لە بوارەكانى ئەندازيارى شارستانى و جيۆتەكنيك كە لە هەردوو زانكۆدا هەيە.
- بەشداريكردنى چالاك لە گۆڤارى ئارۆ.
دواى كۆبونەوەكە، شاندى زانكۆى كۆيە ئاشناكران بە ئامێرە پێشكەوتووەكانى تاقيگەكانى ئەندازيارى شارستانى و ژينگە و ئاو كە لە لايەن يەكێتى ئەوروپاوە دابينكرابوو.
لە كۆتاييدا سەردانى بەڕێز ئەسعەد ئەبووگول باڵيۆزى عێراق لە وارشۆكرا و لە ديدارێكدا باسى پەيوەندى نێوان زانكۆكان لەگەڵ زانكۆكانى پۆڵەندا كرا، وێڕاى جەخت كردنەوە لە گرنگى پەيوەندى ئەكاديمى لە نێوان ئەو زانكۆيانەدا.