وۆرك شۆپى ئۆتيزم و كاريگەرى لەسەر زمان و پەروەردە پێشكەشكرا

News #02, Issue 16, April 2016 | Núcey #02, Jhimarey 16, Mangí 4 Sallí 2016 | نوچەی 2، ژمارەى 16 مانگی 4 ساڵی 2016

بە بۆنەى ڕۆژى جيهانى ئۆتيزم و گرنگيدان بە توشبووانى نەخۆشيەكە، بەشى زمانى كوردى فەكەڵتى پەروەردەى زانكۆمان وۆرك شۆپێكى بۆ پسپۆرانى نەخۆشيەكە ڕێكخست.

رۆژى يەك شەممە ٣/ ٤/ ٢٠١٦ كاتژمێر ١١ى پێش نيوەڕۆ لە هۆڵى سەرۆكايەتى زانكۆ وۆرك شۆپەكە دەستى پێكرد و هەريەك لە بەڕێزان سەرۆكى زانكۆ و جێگرى سەرۆكى زانكۆ بۆ كاروبارى كارگێڕى و دارايى و ژمارەيەكى زۆر لە مامۆستايان و مێوانانى شارى كۆيە بەشداريان كرد، سەرەتا بەڕێز پ.ى.د.وەلى مەحمود حەمەد سەرۆكى زانكۆ وتەيەكى پێشكەشى ئامادەبووان كرد و وتى " نەخۆشى ئۆتيزم دەكەوێتە چوارچێوەى پەروەردەى تايبەت و بەگوێرەى زانياريەكانم ژمارەى تووشبووانى نەخۆشيەكە لە زۆربووندايە بەتايبەت لەم ساڵانەى دواييدا" هەروەها جەختى كردەوە كە پێويستە گرنگى بدرێت بە تووشبووانى نەخۆشيەكە و پێشكەشكردنى نوێترين زانيارى لەبارەيەوە بە خێزانەكانيان، لە دومايى قسەكانيدا دەستخۆشى كرد لە ڕێكخستنى وۆرك شۆپەكە و هيواى سەركەوتنى خواست بۆ بەشداربووان.

باسى چى كرا؟!

دواتر بەڕێز مامۆستا ڕەحمان عەلى بەڕێوەبەرى سەنتەرى ئۆتيزم لە سلێمانى و توێژەرى كۆمەڵايەتى سمينارەكەى پێشكەشكرد بە ناونيشانى ئۆتيزم چى يە؟ بەڕێز مامۆستا ڕەحمان لە سمينارەكەيدا نەخۆشى ئۆتيزم چى يە و نيشانەكانى چيين؟ تايبەتمەنديەكانى كەسى تووشبوو بە نەخۆشيەكە چى يە؟ مێژووى سەرهەڵدانى نەخۆشيەكە و زيادبوونى ژمارەكانى نەخۆشيەكەى باسكرد، وێراى باسكردنى نوێترين زانياريەكانى تايبەت بە نەخۆشيەكە.

پاشان بەڕێز د.يارا قادر حمد پسپۆرى نەخۆشيەكانى گوتن و زمان بابەتەكەى پێشكەشكرد بە ناونيشانى پەروەردەى تايبەت و جەختى كردەوە لەسەر چۆنيەتى ئەنجامدانى پرۆسەى پەروەردەكردنى منداڵانى تووشبووى نەخۆشى ئۆتيزم.

دوايين سميناريش پێشكەشكرا لە لايەن بەڕێز د.محەمەد ناسرى پسپۆرى دەرونناسى پەروەردەيى دەربارەى نەخۆشى ئۆتيزم، لە كۆتاييدا گفتوگۆكرا دەربارەى نەخۆشيەكە و پرسيارى ئامادەبووان وەڵامدرانەوە.

نەخۆشى ئۆتيزم

سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌م زاراوه‌یه‌ بۆ سه‌ره‌تاكانی سه‌ده‌ی بیسته‌م ده‌گه‌رێته‌وه‌، كاتێك بۆ یه‌كه‌مجار له‌لایه‌ن پزیشكی ده‌روونی (لیوكه‌نه‌ر) (Leo kanner) به‌كارهێنرا. ئه‌م پزیشكه‌ له‌ساڵی (1943) گوتارێكی ده‌رباره‌ی یازده‌ نه‌خۆشی نووسی كه‌ بۆماوه‌ی چه‌ند ساڵێك له‌ نۆرینگه‌(عیادة)كه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌سه‌ر ده‌كردن و بۆی ده‌ركه‌وت كه‌ كۆمه‌ڵێك نیشانه‌ی نه‌خۆشی له‌لای ئه‌و 11 كه‌سه‌ هه‌یه‌ كه‌ پێشتر له‌هیچ سه‌رچاوه‌یه‌كی زانستی ئه‌و نیشانانه‌ی نه‌خوێندبۆوه‌ و گوێبیستی نه‌بوو بوو، له‌به‌رئه‌وه‌ ناوێكی نوێی لێنان و پێی گوتن ئه‌وانه‌ تووشی ئۆتیزم بوون.

ئۆتیزم وشه‌ و زاراوه‌یه‌كی یۆنانی كۆنه‌ و به‌مانای گۆشه‌گیری و كه‌نارگیری دێت، به‌ڵام ته‌نها ئه‌و مانایه‌ ناگه‌یه‌نێ به‌ڵكو ئه‌وانه‌ی تۆشی نه‌خۆشیه‌كه‌ بوون به‌هۆی كۆمه‌ڵێك نیشانه‌ی تر ده‌ناسرێنه‌وه‌ و ده‌ستنیشان ده‌كرێن كه‌ گۆشه‌گیری و دووره‌په‌رێزی یه‌كێكه‌ له‌نیشانه‌كانی ئۆتیزم نه‌ك هه‌مووی، واته‌ ئۆتیزم نه‌خۆشی و شڵه‌ژان و گرفتێكه‌ كه‌كار له‌گه‌شه‌كردنی ئاسایی ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌كات كه‌ توشی ئه‌م نه‌خۆشیه‌ ده‌بن و له‌دوای دوو سێ ساڵانه‌وه‌ ده‌توانرێت هه‌ستی پێبكرێت و ورده‌ ورده‌ نیشانه‌كانی ده‌رده‌كه‌وێت.

بەشى كوردى

بەشى كوردى لە دەستەیەک مامۆستای بە ئەزمون و خاوەن بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرا و،نازناوی زانستی وەک پرۆفیسۆری یاریدەدەر و مامۆستا پێکهاتوە. بەشی زمانی کوردی هەموو ساڵێک لەسەرەتای ساڵی تازەی خوێندندا بەمەبەستی پێشخستنی ئاستی زانستی و ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتی پەیامی بەشەکەی دیاری دەکات و چەندین لیژنە پێکدەهێنێت بۆ بەدى هێنانى ئامانجە دارێژراوەكان. ئەرکی بەش پێگەیاندنی خوێندکارە بەشێوەیەکی زانستی و ئەکادیمی، هەوڵدەدات لەسەر شێوەیەکی نوێ و لەڕوانگەی زانست و پەروەردەوە کادر و مامۆستای کورد پێبگەیەنێت و نەوەی نوێ بەخۆشەویستی و گیانی نیشتمان پەروەری پەروەردە بکات.بۆ زانيارى زياتر لێرە كليك بكە

ئامادەكردنى: ژوورى هەواڵ

وێنەكان : كاردۆ محەمەد