سەرۆكى زانكۆ سەردانى بەشەناوخۆييەكانى كرد
News #15, Issue 11, 2015 | Núcey #15, Jhimarey 11, Mangí 11 Sallí 2015 | نوچەی ١٥، ژمارەى ١١ مانگی ١١ ساڵی 2015
بەڕێز سەرۆكى زانكۆى كۆيە بە مەبەستى بينينى دۆخى بەشەناوخۆييەكان و گوێ گرتن لە داواكاريەكانى خوێندكاران، سەردانى بەشە ناوخۆييەكانى زانكۆى كرد.
سەردانێكى مەيدانيى دوو كاتژمێرى بوو
كاتژمێر ٩-١١ى شەوى سێ شەممە ٢٤ / ١١ / ٢٠١٥ لەگەڵ بەڕێزان د.رۆستەم سەلام عەزيز ياريدەدەرى سەرۆكى زانكۆ بۆ كاروبارى كارگێڕى و دارايى و د.دەريا حەوێزى بەڕێوەبەرى بەشەناوخۆييەكان، د.ڕێبوار تاهير بەڕێوەبەرى تەندروستى و سەلامەتى و بەرپرسانى كۆمپانياكانى پاككردنەوە و چاككردنەوەى كەلوپەلەكانى بەشەناوخۆييەكان، هەروەها فەرمانبەرانى بەڕێوەبەرايەتيەكانى بەشە ناوخۆييەكان و ڕاگەياندن ، بەڕێز پ.ى.د.وەلى مەحمود حەمەد سەرۆكى زانكۆ سەردانى بەشە ناوخۆييەكانى كرد و بەدواداچوونى بۆ كێشە و گرفتەكانى خوێندكاران كرد.
بەڕێز سەرۆكى زانكۆ لەو سەردانەيدا بەشەناوخۆييەكانى كچان و كوڕانى بەسەركردەوە و لە نزيكەوە دۆخەكەى هەڵسەنگاند، هەروەها گفتوگۆى لەگەڵ خوێندكاران ئەنجامدا سەبارەت بە داواكارى و تێبينييەكانيان . بەڕێز سەرۆكى زانكۆ بۆ خستنە ڕوو و شيكردنەوەى دۆخەكە تەواوى بەرپرسە پەيوەنديدارەكانى بەكاروبارى بەشەناوخۆييەكانى لەگەڵدابوون و بۆ خوێندكاران ڕەوشى دارايى و كێشە و گرفتەكانيان شى دەكردەوە.
كێشەكان قابيلى چارەسەركردنن
لە ميانەى سەردانەكەدا بەڕێز سەرۆكى زانكۆ تێبينييە وردەكانى لەبارەى بەشەناوخۆييەكانەوە تۆماركردن بە مەبەستى كاركردن بۆ چارەسەركردنيان و هەنگاونان بۆ بردنە پێشەوە دۆخەكە بە ئاڕاستەيەكى گونجاو، لەم چوارچێوەيەدا بەڕێز سەرۆكى زانكۆ لە كافترياى بلۆكى ٣ى كوڕان بۆ ژمارەيەكى زۆر خوێندكار وتى"كێشەكان جۆراوجۆر و هەمە چەشنن، بەشێكيان لە چوارێوەى دەسەڵاتى زانكۆ بەهەموو توانامانەوە هەوڵ دەدەين بۆ چارەسەركردنيان بە گوێرەى توانا و توانستى زانكۆ، بەشەكەى تريان لە دەرەوەى توانا و دەسەڵانى زانكۆيە، بەڵام زانكۆ بە هيچ شێوەيەك درێغى نەكردووە و نايكا بۆ دابين كردنى جێ و ڕێيەكى گونجاو بۆتان، ئێوە هەموو كەس و كارى ئێمەن و زانكۆتان بەو پەڕى تواناوە هەموو هەوڵ و جوهدێكى خۆى تەرخان دەكات بۆ چارەسەرى كێشەكانتان"
خوێندكارانيش پێويستە هەماهەنگ بن
لە چوارچێوەى وتەيەكەيدا بۆ خوێندكاران بەڕێز سەرۆكى زانكۆ دەلێت"زانكۆ ناتوانێت هەموو شتێك بكات، ئەگەر خوێندكاران هەماهەنگ نەبن و هەست بە ئەركى سەرشانى خۆيان نەكەن لە پاراستن و دەست پێوەگرتنى كەل و پەلى بەشە ناوخۆييەكان ، چونكە ئەمانە تەنيا موڵكى ئێوە نين بەڵكو موڵكى خوێندكارانى تريشە كە دێنە زانكۆى كۆيە، گرنگە بە هەموومان بتوانين هاوكاربين و هەماهەنگى لەگەڵ يەك بكەين تاوەكو ئەو دۆخە تێپەڕێ، بەڵام گرنگە ئەركى سەرشانى خۆتان لە بير نەچێت، ئێوە ئاييندە و دواڕۆژى گەلێكن، پێويستە بە بەرپرسيارێتيەوە هەنگاو بۆ ئەمە بنێن"
لە كۆتايى سەردانەكەيدا بەرێز سەرۆكى زانكۆ وێڕاى دەستخۆشى لە فەرمانبەرانى بەشەناوخۆييەكان لە جێ بە جێ كردن و ڕاپەڕاندنى ئەركەكانيان، هەروەها بەڕێوەبەرايەتى تەندروستى و سەلامەتى بۆ كارەكانيان، دەستخۆشى لە كارمەندانى كۆمپانياكان كرد بۆ پاككردنەوە و چاككردنەوەى كەلوپەلەكانى بەشە ناوخۆييەكان ، لە دوايين دێڕيشدا بەرێز سەرۆكى زانكۆ وتى " لە بەدواداچوون و چاودێرى بەردەوامدا دەبين بۆ دۆخى بەشە ناوخۆييەكان."
ئامادەكردنى : ژوورى هەواڵ