زانكۆى كۆيە و زانكۆى ڕاپەرين ياداشتنامەى لێكگەيشتنيان واژۆكرد
News #01, Issue 44, Jun 2018 | Núcey #01, Jhimarey 44, Mangí 8 Sallí 2018 | نوچەی 01، ژمارەى 44 مانگی 8 ساڵی 2018
لە بارەى گەشەپێدانى پەيوەنديە ئەكاديميەكان و راپەراندنى كارى ئەكاديمى هاوبەش، زانكۆى كۆيە و زانكۆىڕاپەرين ياداشتنامەى لێكگەيشتنيان واژۆكرد.
ڕۆژى دووشەممە 2018/8/13 بەڕێزان سەرۆكى زانكۆ و ئەندامانى ئەنجوومەنى زانكۆ و بەڕێوەبەرانى بەڕێوەبەرايەتى ئەمينداريەتى ئەنجومەنى زانكۆ و پەيوەنديەكان و ڕاگەياندنەوە پێشوازى كرا لە بەڕێزان سەرۆك و ئەندامانى ئەنجوومەنى زانكۆى ڕاپەرين.
لە سەرەتاى ديدارەكەدا بەڕێز پ.د.وەلى مەحمود حەمەد سەرۆكى زانكۆى كۆيە وێڕاى پێشاندانى خۆشحاڵى زانكۆى كۆيە بەو ديدار و گەشەپێدانى پەيوەنديە لەگەڵ زانكۆى ڕاپەرين، تيشكى خستەر سەر مێژووى زانكۆى كۆيە، دۆخى ئەكاديمى و كارگێڕى و دارايى ئێستاى زانكۆ، پەيوەنديەكانى زانكۆى كۆيە لەگەڵ زانكۆ ناوخۆيى و نێودەوڵەتيەكان، هەروەها ئاستى گەشەسەندنى زانكۆى كۆيە و پلان و بەرنامەى سەرۆكايەتى زانكۆ بۆ ساڵى نوێ ى خوێندن.
پ..د.وەلى مەحمود حەمەد سەرۆكى زانكۆى كۆيەيە، پسپۆرى لە زانستى كيميا هەيە و شەش توێژينەوەى بڵاوكراوى هەيە، هەروەها خاوەنى سێ پەرتوكى چاپكراوە، يەك لەوانە پەرتوكێكى زانستى يە بەناوى (Statistical Thermodynamics). بۆ زانيارى زياتر كليك لێرە بكە.
دواتر بەڕێز د.مۆفەق سەرۆكى زانكۆى ڕاپەرين وتى" سوپاستان دەكەين بۆ ئەو ديدارە، پەيوەندى نێوان زانكۆ خۆماڵيەكان زۆر گرنگە و دەتوانين لەو ڕێگەيەوە كارى ئەكاديمى گەورە ئەنجام بدەين، لەگەڵ ئەوەى بەداخەوە هاوكارى و هەماهەنگى لە نێوان زانكۆكان نيە، گرنگە كە زانكۆكان لەسەر هەموو ئاستەكان بەيەكەوە كاربكەن بە مەبەستى بەدەستهێنانى ئەنجامى گەورە، چونكە لە بنەرەتدا كارى زانكۆكان وەك يەكە بۆيە دەكرێت بە كارى پێكەوەيى ئەنجامەكان باشتر بكرێت "
هەروەها وتى " ئەو ياداشتەى كە واژۆى دەكەين هيوادارم چالاكانە خاڵەكانى ناو ياداشتەكە جێبيەجێ ى بكەين، ئێمە بە پەرۆشين بۆ ئەم كارە چونكە زانكۆى كۆيە بە زانكۆى خۆمان دەزانين و هيوادارين لەو ڕێگەيەوە كارى گرنگ لە نێوانماندا ڕابپەڕێنين "
دواتر وەفدەى زانكۆى ڕاپەرين سەردانى سەنتەرى توێژينەوەى زانستى و تەندروستيان كرد و لەلايەن ستافى سەنتەرەكەوە ڕوونكردنەوەى پێويستيان بۆ درا سەبارەت بە ئامێر و تاقيگەكە و شێوازى كاركردن و ئەو بوار و لايەنانەى كە دەتوانرێت لە سەنتەرەكەدا جێبەجێ بكرێـت. دواتر وەفدەكە سەردانى فەكەڵتى ئەندازيارى و تاقيگەكانى ئەو فەكەڵتيەيان كرد و زانيارى پێويستيان سەبارەت بە ئامێر و تاقيگەكان وەرگرت.
پاشان لە هۆڵى كۆبوونەوەكانى ئەنجوومەنى زانكۆ لە نێوان هەردوو سەرۆكى زانكۆ ياداشتنامەى لێكگەيشتنەكە واژۆكرا.
بەڕێز د.هاوكار باپير بەڕێوەبەرى پەيوەنديەكانى زانكۆ لەبارەى ياداشتنامەكەوە دەڵێـت" لە ياداشتەكەدا جەخت كرايەوە لەسەر هەماهەنگى لە بوارى گۆرينەوەى تواناكان بۆ زياتر كاراكردن و خستنەسەر پێى تاقيگەكانى كە هاوبەشە لە نێوان هەردوو زانكۆدا. بەشێكى ترى ياداشتەكە تايبەت بوو بە بەشى هاوبەشى نێوان هەردوو زانكۆ كە بريتيە لە بەشى ئەندازيارى شارستانى، ئەم خاڵە تايبەت بوو بە هەماهەنگى بۆ پتەوكردنى پەيوەندى بەشى ئەندازيارى شارستانى نێوان زانكۆى كۆيە و زانكۆى ڕاپەرين، وێڕاى سوود وەرگرتن لە توانا و كاراييەكانى پەيوەند بەو بابەتە. هەروەها لە ياداشتەكەدا جەخت كراوەتەوە لەسەر ئەنجامدانى كۆنفرانس و وۆركشۆپى هاوبەش لە نێوان هەردوو زانكۆ لە داهاتوودا بەتايبەت ساڵى نوێى خوێندن"
ئامادەكردنى : ژوورى هەواڵ
وێنەكان : دڵشاد كاكەڕەش