ئەنجومەنى وەزارەت بڕیاریدا ساڵى خویندنى (٢٠١٤-٢٠١٥)بە ساڵى نەکەوتن ئەژمار بکرێت
News #12, Issue 10, 2015 | Núcey #12, Jhimarey 10, Mangí 10 Sallí 2015 | نوچەی ١٢، ژمارەى ١٠ مانگی ١٠ ساڵی 2015
لە کۆبونەوەى ئەمڕۆى ئەنجومەنى وەزارەتى خویندنى باڵا و تویژینەوەى زانستیدا, بڕیاردرا ساڵى خویندنى (٢٠١٤-٢٠١٥) بە ساڵى نەکەوتن (عدم رسوب) ئەژمار بکرێت.
بەمەبەستى تاوتوێکردنى چەند بابەتێکى پەیوەست بەخوێندن لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان, ئەمڕۆ دووشەممە, ڕێکەوتى (٢٦/١٠/٢٠١٥) بەسەرپەرشتى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و تویژینەوەى زانستى کۆبوەوە.
لەو کۆبونەوەیەدا کە سەرۆکى سەرجەم زانکۆکان و ڕاوێژکاران و بەڕێوەبەرە گشتیەکانى دیوانى وەزارەت و, د.ئیبراهیم سمۆ سەرۆکى لێژنەى پەروەردەو خوێندنى باڵا و تویژینەوەى زانستى لە پارڵەمانى کوردستان و, جوان ئیسماعیل جێگرى سەرۆکى لێژنە و, د.ڕێواس فایەق بڕیاردەى لێژنەکە ئامادەیبون, چەندین تەوەرى جیا خرایە بەر باس و گفتوگۆ.
لە سەرەتایى کۆبونەوەکەدا یاداشتى ئەو خوێندکارانە گفتوگۆى لەبارەوە کرا, کە لەلایەن لێژنەى پەروەردەو خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى گەیندرابووە وەزارەت, کە داوایان بە پێدانى (١٠) نمرەى بڕیار لە برى (٥) نمرە، لەهەمان کاتدا داواشیان کردبوو وانەکانى پەڕینەوە زیاد بکرێت، بۆ ئەو مەبەستەش دواى هەڵسەنگاندنى داواکانیان و گفتوگۆکردنى ئەندامانى ئەنجومەن و خستنەڕوى بۆچونەکانیان, ئەنجومەنى وەزارەت بڕیاردا لەماوەى هەفتەیەکدا زانکۆکان لە ڕێگەى ئەنجومەنى کۆلێژ و فاکەلتیەکانیانەوە بەلەبەرچاوگرتنى ڕێنماییەکان و کواڵیتى خوێندن چاوخشاندنەوە بەکێشەو گرفتى ئەو خوێندکارانە بکرێت کە لە ساڵى خویندنى (٢٠١٤-٢٠١٥) کەوتون
لە بەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا د.یوسف گۆران دواى ئاماژەکردن بەبارودۆخى سیاسى, ئابورى, ئەمنى ئێستاى هەرێمى کوردستان, پێشنیازى کرد ئەنجومەنى وەزارەت بڕیار بدات ساڵى خوێندنى (٢٠١٤-٢٠١٥) بەساڵى نەکەوتن (عدم رسوب) ئەمژار بکرێت, دواى گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە, ئەنجومەنى وەزارەت پێشنیازەکەى وەزیرى خوێندنى باڵا و تویژینەوەى زانستى پەسند کرد و, بڕیاریدا ساڵى خوێندنى (٢٠١٤-٢٠١٥) بەساڵى نەکەوتن (عدم رسوب) ئەمژار بکرێت، هەر لە کۆبونەوەکەدا جەخت لەسەر ئەوە کرایەوە کە ئەم بڕیارە ئەو خویندکارانە ناگرێتەوە کە بەهۆى قۆپیە (غش)، یان لەلایەن لێژنەى بەرزەفتەوە (ئینزیبات)ەوە بڕیارى کەوتنیان بۆ دەرچوە.
بۆ خوێندنەوەى بابەتەكە لە پێگەى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژينەوەى زانستى كليك لێرە بكە