زانكۆى كۆيە بەخێرهاتنى خوێندكارانى قۆناغى يەكەمى كرد

News #05, Issue 01, Jan 2015 | Núcey #05, Jhimarey 01, Mangí 1 Sallí 2015 | نوچەی ٨، ژمارەی پێنجەم، مانگی 1 ساڵی 2015

زانكۆى كۆيە بەخێرهاتنى خوێندكارانى قۆناغى يەكەمى كرد كە بۆ ساڵى خوێندنى ٢٠١٤-٢٠١٥ لە زانكۆ وەرگيراون

رۆژى دووشەممە ١٩/١/٢٠١٥ كاژێر ١١ى پێشنيوەرۆ لە هۆڵى سەرۆكايەتى زانكۆ و بە ئامادەبوونى بەرێز سەرۆكى زانكۆ و ڕاگرى فاكەڵتيەكان و مامۆستايان , بەبۆنەى وەرگرتنيان لە زانكۆى كۆيە لە مەراسيمێكدا پێشوازى و بەخێرهاتنى خوێندكارانى قۆناغى يەكەميان كرد كە بۆ ساڵى خوێندنى ٢٠١٤-٢٠١٥ لە زانكۆى كۆيە وەرگيراون.

سەرەتا لە لايەن نوێنەرايەتى خوێندكارانەوە وتەيەك پێشكەشكرا و وێڕاى پيرۆزبايى لێيان, داواشى لە خوێندكاران كرد ئەركى خۆيان بەرامبەر بە زانكۆ جێبەجێ بكەن و بەباشترين شێوە هەوڵى سەركەوتن بدەن لە خوێندنياندا.

دواتر بەرێز د.سەعيد ساڵح سەرۆكى زانكۆى كۆيە وتەيەكى پێشكەش كرد و دواى پيرۆزبايى كردن لە خوێندكاران بە بۆنەى وەرگرتنيان لە زانكۆى كۆيە وتى" قۆناغى خوێندنى زانكۆ قۆناغێكى گرنگە بۆ خۆبنيادنان و ئامادەبوونتان بۆ قۆناغى دواى خوێندن و چونە مەيدانى كارەوە , هەر لێرەوە دەبێ زۆر بەباشى خۆتان بۆ ئەو قۆناغە ئامادەبكەن"

وتيشى " لە ماوەى چوار ساڵى ئاييندە هيوادارم وەك خێزانێك بەيەكەوە بين و بە پەروەردەيەكى تەندروستانە و هەست كردن بە لێپرسراوێتى بەرامبەر يەكتر ئەركەكانمان جێ بە جێ بكەين"

دواى ناساندنى بەشەكانى كامپى زانكۆ, ئاماژەى بە ئەركى زانكۆ كرد بەرامبەر بە خوێندكاران كە بريتى يە لە دابينكردنى پێداويستيەكانى خوێندن و ئامادەكردنى دەرفەت و هەلى گونجاو و رەخساندنى كەشى تەندروست , هەروەها لەسەر خوێندكارانيش پێويستە گرنگى بە خوێندنەكەيان بدەن و لە رووى زانستى و پەروەردەييەوە لە زيان نەگەياندن بە كەلوپەلەكانى زانكۆ و خزمەتگەياندن بە زانكۆ و هەوڵدان بۆ فێربوون و خوێندنێكى سەركەوتووانە ئەركى خۆيان جێبەجێ بكەن.

هەروەها ئاڕاستەى خوێندكارانى كرد سەبارەت بەو كێشانەى رووبەرويان دەبێتەوە وتى "پێويستە لە كاتى كێشەكاندا بە هێمنى و بنەماى لێكگەيشتن كێشەكانتان چارەسەر بكەن و هەموو كاتێك سەرۆكايەتى زانكۆ و فاكەڵتى و بەشەكان لە پێشوازياندان بۆ چارەسەركردنى گرفتەكانيان و كۆبوونەوە لەگەڵياندا، بەڵام دەبێت بەگوێرەى پەيكەرى كارگێرى و پلەبەندى لێپرسراوێتى, سەردانيان بكەن و كێشەكانيان بگەيەنن"

.... (گەڕانەوە بۆ لاپەڕەى سەرەكى)