زانكۆى كۆيە بەشدارى دووەمين ديدارى نێودەوڵەتى زانكۆكانى كرد
News #03, Issue 33, Sep 2017| Núcey #03, Jhimarey 33, Mangí 9 Sallí 2017| نوچەی 3، ژمارەى 33 مانگی 9 ساڵی 2017
دووەمين ديدارى نێودەوڵەتى ئەنجوومەنى سەرۆكى زانكۆكانى بوارى ماينينگ و نەوت و گاز لە شارى ساپترسبۆرگ لە ڕوسيا بەڕێوەچوو بە ئامادەبوونى نوێنەرى سەرۆكى زانكۆى كۆيە.
ئەم ديدارە ماوەى سێ ڕۆژى خاياند (٢١- ٢٠١٧/٩/٢٣) بە ئامادەوونى سەرۆكى پەنجا زانكۆ لە وڵاتانى دونيا، بە سەرپەرشتى ڕێكخراوى يونيسكۆ و ئامادەبوونى نوێنەرى حكومەتى ڕوسيا بۆ خوێندنى باڵا و پەروەردە.
بەڕێز پ.ى.د.محەمەد حەسيب زەنگەنە ڕاگرى فەكەڵتى ئەندازيارى بە نوێنەرايەتى سەرۆكى زانكۆى كۆيە ئامادەى ديدارەكە بوو.
لە چوارچێوەى بەشداريكردنى ڕاگرى فەكەڵتى ئەندازيارى لە گفتوگۆى يەكێك لە تەوەرەكانى ديدارەكە لە وتەيەكدا بە ئامادەبووانى ڕاگەياند " زانكۆى كۆيە كە دەكەوێتە هەرێمى كوردستانەوە، يەكێكە لە ناوچە دەوڵەمەندەكانى دونيا بە نەوت و گاز و كانزاكان و يەكەم بەشى ئەندازيارى نەوت و يەكەم بەشى ئەندازيارى كيمياوى لەم زانكۆيە دامەزرێنراوە لە كوردستان، هەروەها لە ڕێگەى ئەم بەشانەوە، زانكۆى كۆيە ئەندازيارى ئەبستريم و داون ستريمى كەرتى پيشەسازى نەوت و گاز پێ دەگەيەنێت لە كوردستان و ديارە بەشێكى بەرچاوى ئەندازيارانى ئەم بوارە كە لە كوردستان كاردەكەن لەم زانكۆيە دەرچوون."
لە چوارچێوەى قسەكانيدا، ڕاگرى فەكەڵتى ئەندازيارى بۆ ئامادەبووان باسى لە كۆنفرانسى نێودەوڵەتى كاريگەريە ژينگەييەكانى كەرتى پيشەسازى نەوت و گاز كرد كە لە زانكۆى كۆيە لە مانگى ٤ى ساڵى ٢٠١٧ بەڕێوەچوو، بە بەشدارى ژمارەيەكى بەرچاو لە توێژەران لە وڵاتانى دونيا. لێرە كليك بكە.
هەروەها باسى لە هەوڵەكانى زانكۆ كرد لە ڕێگەى فەكەڵتى ئەندازيارى بۆ دروستكردنى پەيوەندى نێودەوڵەتى لەگەڵ زانكۆكانى ئەو بوارە ئەويش بە ئەنجامدانى توێژينەوەى هاوبەش و كردنەوەى ماستەر و دكتۆرا بە هاوبەشى. لە وتەكانيدا بەڕێز د.محەمەد خۆشحاڵى خۆى پێشاندا بۆ هەر هەنگاوێك بەو ئاراستەيە لە لايەن ئەو زانكۆيانەى ئامادەى ديدارەكە بوون.
پەيوەند بەم باسە بەڕێز (فيكثۆر مارتينۆث) سەرۆكى زانكۆى گوبكن (GUBKIN) ى ڕووسى بۆ نەوت و گاز خۆشحاڵى خۆى دەربڕى بۆ دروستكردنى پەيوەندى لەم بوارە لەگەڵ زانكۆى كۆيە بە پاڵپشتى كۆمپانياى گازپرۆم نيفت كە لقەكيان ئێستا لە كوردستان كاردەكات.
زانكۆى (GUBKIN) ى ڕووسى بۆ نەوت و گاز ناسراوە بە باشترين زانكۆى ڕووسى لە بوارى نەوت و گاز. پەيوەندى نێوان زانكۆى كۆيە و زانكۆى(GUBKIN) ى ڕووسى بۆ نەوت و گاز بۆ ئەنجامدانى كارى زانستى هاوبەشە لە نێوان هەردوو زانكۆدا.
هەروەها زانكۆى سانپترسبۆرگ لە ڕێگەى ياريدەدەرى سەرۆكى زانكۆ و ڕاگرى فەكەڵتى ئەندازيارى نەوت و گاز بەڕێز (پيترۆكۆڤ ديميترى) خۆشحاڵى خۆيان دەبڕى بۆ بنيادنانى پەيوەندى ئەكاديمى لە نێوان ئەوان و زانكۆى كۆيەدا.
بەڕێز ڕاگرى فەكەڵتى ئەندازيارى دەلێت " بەڕێز كلاوس دياتر سەرۆكى زانكۆى فرايبێرگى ئەڵمانيش خۆشحاڵى دەربڕى بۆ فراوانكردنى پەيوەنديەكانيان لەگەڵ زانكۆى كۆيە بەتايبەتى بوارى نەوت و كيمياوى"
زانكۆى كۆيە و زانكۆى فرايبێرگى ئەڵمانى ياداشتنامەى لێكگەيشتنيان هەيە بۆ ئەنجامدانى كارى ئەكاديمى هاوبەش، لێرە كليك بكە.
هەروەها لە پەراوێزى ديدارەكەدا، ڕاگرى فەكەڵتى ئەندازيارى چاويكەوت بە نوێنەرى يونسكۆ بۆ ديدارەكە و ژمارەيەك لە سەرۆكى زانكۆكان و نوێنەرى زانكۆكانى وڵاتانى نەمسا، ئوستراليا، ئيسپانيا، هند، بەرازيل، پورتوگال و ئەفريكاى باشوور بۆ تاوتوێ كردنى هاوكارى ئەكاديمى نێوان زانكۆكان.
ئامادەكردنى : ژوورى هەواڵ