هونەرمەند بەهجەت يەحيا لە زانكۆى كۆيە بوو
News #20, Issue 11, 2016 | Núcey #20, Jhimarey 11, Mangí 11 Sallí 2015 | نوچەی ٢٠، ژمارەى ١١ مانگی ١١ ساڵی 2015
بەمەبەستى قسەكردن لەسەر هونەرى گۆرانيى و مۆسيقاى كوردى ، هونەرمەند بەهجەت يەحيا لە زانكۆى كۆيە سمينارێكى ئەنجامدا.
رۆژى يەك شەممە ٢٩ / ١١ / ٢٠١٥ كاتژمێر ١ى دواى نيوەڕۆ لە هۆڵى بەشى قانون لە فەكەڵتى زانستە
مرۆڤايەتى و كۆمەڵايەتييەكان، ناوەندى رۆشنبيريى و هونەريى ئەندێشە بە هاوكارى بەڕێوەبەرايەتى ڕاگەياندنى زانكۆى كۆيە بەناونيشانى هونەرى گۆرانيى و مۆسيقاى كوردى سمينارێكى بۆ هونەرمەند بەهجەت يەحيا ئەنجامدا، لە سمينارەكەدا ژمارەيەكى زۆرى خوێندكارانى زانكۆ بەشداربوون .
لەسەرەتادا بەڕێز هەژار مەجيد بەرێوەبەرى ناوەندى رۆشنبيريى و هونەريى ئەندێشە بۆ ئامادەبووان وتى"ئەم كارەى ناوەندەكەمان پەرەپێدانى كلتورى گۆرانيى و مۆسيقاى ڕەسەنى كورديە ، ئێمە دەمانەوێت هونەرمەندان لەگەڵ جەماوەرەكەيان لە نزيكەوە يەكتر ببن و لە هۆگرانى دەنگيان دانەبڕێن ، كارەكەمان دەست پێكردووە و ئەگەر هاوكارمان بن دەتوانين بەردەوام بين و ئەوانەى بە كردەيى خزمەتى هونەرى گۆرانيى و مۆسيقاى كوردى دەكەن تێكەڵاوى جەماوەريان ببن و لەو ڕێيەشەوە هەموومان خزمەتى هونەرى كوردى بكەين "
دواتر هونەرمەند بەهجەت يەحيا بۆ ئامادەبووان وتى" تێكەڵاوبوونى هونەرمەندان كارێكى گرنگە و بتوانن لە نزيكەوە لەگەڵ ئارەزوومەندانى دەنگيان هەماهەنگى بكەن، ئەمە پەرەپێدانى كلتور و هونەرى ڕەسەنى كورديمانە، هيوادارين هەموومان بتوانين خزمەتى هونەرى كوردى بكەين"
هەروەها خۆشحاڵى خۆى پێشاندا كە مێوانى زانكۆى كۆيە بووە و لە نزيكەوە لەگەڵ خوێندكارانى زانكۆى كۆيە ديدارى ئەنجامداوە.
لە كۆتايى سمينارەكەشيدا لە ڕێ و ڕەسمێكدا واژووى كرد لەسەر كتێب و سيديە نوێكەى بۆ ئامادەبووان.
ئامادەكردنى: ژوورى هەواڵ
وێنەكان : كاردۆ محەمەد