سەرۆكى زانكۆ لەگەڵ نوێنەرانى خوێندكاران كۆبۆوە
News #6, Issue 26, Feb 2017 | Núcey #6, Jhimarey 26, Mangí 2 Sallí 2017 | نوچەی6 ، ژمارەى 26 مانگی 2 ساڵی 2017
بە مەبەستى گفتوگۆكردن لەبارەى كێشەكان و هەماهەنگى و هاوكارى لە نێوان خوێندكاران و زانكۆ، بەرێز سەرۆكى زانكۆى كۆيە كۆبوونەوەيەكى لەگەڵ نوێنەرانى خوێندكاراندا ئەنجامدا.
رۆژى پێنج شەممە ٢٠١٧/٢/٩ كاتژمێر ١٠ى بەيانى لە هۆڵى سەرۆكايەتى زانكۆى كۆيە، بە ئامادەبوونى بەڕێزان شەمۆل ئاشتى بەڕێوەبەرى بەشە ناوخۆييەكان و نەژاد تەيفور لێپرسراوى كۆمەڵەى خوێندكاران، بەڕێز پ.ى.د.وەلى مەحمود حەمەد سەرۆكى زانكۆى كۆيە لەگەڵ نوێنەرانى خوێندكارانى زانكۆدا كۆبۆوە.
لە كۆبوونەوەكەدا بەڕێز سەرۆكى زانكۆ پيرۆزبايى لە خوێندكاران كرد بەهۆى بەدەستهێنانى ڕێزبەندى يەكەم لە نێو زانكۆكانى كوردستاندا لە ڕێزبەندى جيهانى وێبۆمێتريك، دواى ڕوونكردنەوەى سەرجەم بابەتەكانى پەيوەنديدار بە خوێندكاران لە لايەن بەرێز سەرۆكى زانكۆوە، نوێنەرانى ئامادەبوو كێشە و داواكاريەكانى خوێندكارانيان گەياندە بەڕێز سەرۆكى زانكۆ.
نوێنەرەكان پێكهاتبوون لە نوێنەرانى هەرچوار فەكەڵتيەكەى زانكۆ و سكوڵى پزيشكى.
ئەنجامدانى ئەم كۆبوونەوەيە بە مەبەستى دروستكردنى هەماهەنگى و هاوكارى زياتر بوو لە نێوان زانكۆ و خوێندكاران كە بە يەك تيم لە ناو زانكۆدا كار دەكەن.
ئامادەكردنى : ژوورى هەواڵ
وێنەكان : دڵشاد كاكەڕەش