مامۆستايەكى زانكۆى كۆيە لە وانەكانيدا شێوازى پۆستەر بەكاردەهێنێت
News #04, Issue 16, April 2016 | Núcey #04, Jhimarey 16, Mangí 4 Sallí 2016 | نوچەی 4، ژمارەى 16 مانگی 4 ساڵی 2016
ئاره‌زوو رەشید عوسمان پسپۆرى زمانى ئینگلیزى و مامۆستا له به‌شى زمانى ئینگلیزيى فه‌كه‌ڵتى زانسته مرۆڤایه‌تى و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانى زانكۆى كۆیه، به‌مه‌به‌ستى زیاتر ئاشنابوونى خوێندكارانى به‌شى زمانى ئینگلیزى به‌شێوازى گفتوگۆ و گه‌یاندنى زانیارییه‌كان بۆ یه‌كتر به زمانى ئینگلیزى، شێوازێك پەيرەو ده‌كات له‌وانه وتنه‌وه‌دا كە بریتییه له هاندان و ڕاهێنانى خوێندكاران بۆ پێشكه‌شكردنى بابه‌تێك له‌شێوه‌ى پۆسته‌رى هه‌ڵواسراو له ناو پۆلدا. لەم نووچەيەدا زانيارى پتر بخوێنەوە .
بيرۆكەكەى چى يە؟
لەبارەى بيرۆكە و چۆنيەتى كارەكەى، مامۆستا ئارەزوو دەڵێت " بۆ ئه‌وه‌ى خوێندكاران زیاتر به زمانى ئینگلیزى گفتوگۆ بكه‌ن هه‌ندێكجار سیمینارێك به خوێندكار ئاماده ده‌كرا، به‌ڵام ئێمه بیرمان له‌وه كرده‌وه شێوازى پێشكەشكردنى بابەتەكان بكەين بە پۆستەر بە ئامانجى كاريگەرى زياتر لە پرۆسەى فێربووندا " مامۆستا ئارەزوو وردتر دەربارەى شێوازى پۆستەر دەدوێت " كاتێك وەك چالاكى ناو پۆل خوێندكار سمينار پێشكەش دەكات پێويستە زانياريەكان لەسەر پۆستەرێك تۆمار بكات و ڕێكى بخات بە شێوەيەكى زانستى وە لەسەر ئەم پۆستەرە سمينارەكەى پێشكەش بكات و بابەتەكەى ڕوون بكاتەوە"
ئه‌و وانەيەى پۆسته‌ره‌كه‌ى تێدا پێشكه‌ش ده‌كرێت بریتییه له وانەى ( Morphology ) كه به‌زمانى كوردى واتاى (وشه‌سازى) ده‌گه‌یه‌نێت و ئامانجى ئه‌و بابه‌ته ئه‌وه‌یه خوێندكار ڕابهێنرێت كه‌وا له خوێندنه‌وه و نووسینى زمانى ئینگلیزی‌دا به‌شێوه‌یه‌كى ڕاست و دروست به‌شه‌كانى ئاخاوتن له شوێنى خۆیان به‌كاربهێنێت.
مامۆستا ئارەزوو دەڵێت " خوێندكاران به‌م شێوازه ئاشنا ده‌كه‌ین و چه‌ند نموونه‌یه‌كیان پێشانده‌ده‌ین، كاتێك كه ئاماده‌بوون چه‌ند وانه‌یه‌ك بۆ ئه‌م بابه‌ته ته‌رخانده‌كه‌ین به‌شێوه‌یه‌ك كه هه‌ر خوێندكارێك 5-10 خولەك پۆسته‌ره‌كه‌ى هه‌ڵده‌واسێت و قسه‌ى له‌سه‌ر ده‌كات و له‌گه‌ڵ خوێندكارانى تر بیروڕا ئاڵوگۆڕ ده‌كه‌ن، هەروەها بۆ ئه‌وه‌ى خوێندكار زیاتر ئاره‌زووى ئاماده‌كردنى پۆسته‌ره‌كه بكات و چێژى لێ وه‌ربگرێت، خوێندكاره‌كه ئازاده چ بابه‌تێك بۆ پۆسته‌ره‌كه‌ى هه‌ڵبژێرێت، بۆیه زۆر له پۆسته‌ره‌كان زانیارى تازه و گشتى تێدایه و سوودى بۆ تێكڕاى خوێندكاره‌كان ده‌بێت، چونكە ئەوانيش بەشدارى دەكەن و لەگەڵ خوێندكارەكە گفتوگۆى لەبارەوە دەكەن"
پۆستەر چۆن ئامادە دەكرێت ؟
دواى ئەوەى خوێندكار بڕيار دەدات بابەتێك پێشكەش بە هاوپۆلەكانى بكات، دەست دەكات بە كۆكردنەوەى زانيارى لەبارەيەوە، دواتر ڕێكخستن و پۆلێن بەندى زانياريەكان دەكات و لەسەر پۆستەرێك تۆماريان دەكات " هه‌ر خوێندكارێك ده‌توانێت به ته‌نها پۆسته‌رێك ئاماده بكات و هه‌ندێك خوێندكاریش به‌شێوه‌ى گروپى 2 یان 3 خوێندكار به‌یه‌كه‌وه پۆسته‌رێك ئاماده ده‌كه‌ن. " پاداشتيش هەيە بەرامبەر ئەركى خوێندكارەكە " به‌مه‌به‌ستى هاندانى زیاترى خوێندكاران جگه له‌وه‌ى چه‌ند نمره‌یه‌ك له بابه‌ته‌كه وه‌ك به‌شدارى له چالاكى ڕۆژانه ده‌درێته خوێندكاره‌كه، له‌دواى پێشكه‌شكردنى پۆسته‌ره‌كه‌ش به‌ڕه‌زامه‌ندى سه‌رۆكایه‌تى به‌ش پۆسته‌ره‌كان له هۆڵه‌كاندا هه‌ڵده‌واسرێن، له‌مه‌شدا دیسان سوودێك به خوێندكارانى سه‌رجه‌م قۆناغه‌كانى به‌شه‌كه‌مان ده‌گات و هه‌ریه‌كه‌یان به خوێندنه‌وه‌ى پۆسته‌ره‌كان سوودمه‌ند ده‌بن "
لەبارەى ڕۆڵى مامۆستا لەو شێوازى گەياندنى زانياريە، مامۆستا ئارەزوو دەڵێت " دوای ئه‌وه‌ی خوێندکاره‌که بابه‌تێک بۆ پۆسته‌ر هه‌ڵده‌بژێرێت، مامۆستا دوا بڕیار ده‌دات له په‌سه‌ند کردن یان نه‌کردنی ئه‌و بابه‌ته بۆ پۆسته‌ر، له کاتی پێشکه‌شکردنی پۆسته‌ره‌که‌شدا مامۆستا ئاماده ده‌بێت و ئه‌گه‌ر سه‌رنج و تێبینی و زیاده‌یه‌کی هه‌بێت بۆ بابه‌تی پۆسته‌ره‌که ئه‌وا ده‌یخاته ڕوو، دواتر پرسیار ده‌وروژێنێت بۆ ئه‌وه‌ی خوێندکاران گفتوگۆی پێویست له‌سه‌ر بابه‌تی پۆسته‌ره‌که بکه‌ن و ئه‌گه‌ر له وه‌ڵام دانه‌وه‌شدا پێشکه‌شکار پێویستی پێ هه‌بێت مامۆستا هاوکاری ده‌بێت و وه‌ڵامه‌که‌ی زیاتر بۆ خوێندکاران ڕوون ده‌کاته‌وه "
هاندانە بۆ گەڕان لە زانيارى
خوێندکار(ڕێژین شه‌ریف حسن ) لە به‌شی زمانی ئینگلیزی - قۆناغی سێیه‌م دەڵێت " بێگومان شێوازى پۆستەر هۆکارێکی زۆر باشه و ده‌توانین سوودی لێوه‌ربگرین، وه‌ک ئه‌وه‌ی خوێندکار ناچار ده‌کات به‌دوای سه‌رچاوه‌ی زانستی بگه‌ڕێ و به‌کاریان بهێنێ بۆ گه‌یاندنی په‌یامه‌که‌ی و بۆ تێگه‌یشتنی که‌سانی به‌رامبه‌ر، وە یه‌کێکه له ڕێگا ئاسانه‌کان بۆ وتنه‌وه‌ی بابه‌ته‌کان " لەبارەى خاڵى سەرنج ڕاكێش تێيدا دەڵێ " زۆر خاڵی پۆزه‌تیف و سه‌رنج ڕاکێش هه‌یه له‌م شێوازی وانه وتنه‌وه‌یه‌دا بۆ نموونه: وا له ئێمه‌ی خوێندکار ده‌کات بتوانین به ڕێگایه‌کی سه‌رنج ڕاکێش زانیارییه‌کان به چه‌ند ڕسته و چه‌ند وێنه‌یه‌ک به که‌سانی به‌رامبه‌ر بگه‌یه‌نین، هەروەها ئه‌و خوێندكارەى که پۆسته‌ره‌که ئاماده ده‌کات، واى لێدەكات به‌دوای کتێب و سه‌رچاوه بگه‌ڕێت، بۆ ئه‌وه‌ی به‌ڕێگایه‌کی کورت و ئاسان زانیارییه‌کان بگه‌یه‌نێت." هەروەها ڕێژين دەڵێ " دروستکردنی پۆسته‌ر کاتێکی زۆری ده‌وێت، چونکه پێویسته بۆ ئاماده‌کردنی پۆسته‌ر خاڵه گرنگ و سه‌رنج ڕاکێشه‌کان هه‌ڵبژێریت، من بۆ ئاماده‌کردنی پۆسته‌ره‌که‌م زیاتر له 20 بیست ڕۆژ خه‌ریک بووم، تاوه‌کو توانیم له زانیارییه‌کان باوه‌ڕپێکراوترین زانیاری به‌ده‌ستبهێنم و توانیم به سه‌رکه‌وتوویی زانیارییه‌کانی ناو پۆسته‌ره‌که‌م بگه‌یه‌نم به هاوپۆله‌کانم "
هەروەها خوێندکار ڤینوار شۆڕش حه‌مه‌د كە پۆستەرى ئامادە كردووە دەڵێت " شێوازى پۆستەر یه‌کێکه له ڕێگه هه‌ره گرنگه‌کان بۆ ناچارکردنی خوێندکار بۆ خوێندنه‌وه‌ی کتێب، چونكە یه‌کێک له نه‌ریته خراپه‌کانی ئێمه‌ی خوێندکار ئه‌وه‌یه که دوورین له خوێندنه‌وه‌ی کتێب" وە لە بارەى سەرنج ڕاكێشى پێشكەشكردنى بابەت بە پۆستەر، ڤينوار دەڵێ " ژماره‌یه‌ک خاڵی زۆر پۆزه‌تیف هه‌یه له‌م شێوازی وانه وتنه‌وه‌یه بۆ نموونه؛ له‌وانه‌یه به‌شێک له خوێندکاره‌کان حه‌ز به بابه‌ته‌که نه‌که‌ن، به‌ڵام که له‌م بابه‌ته‌دا هه‌ڵده‌ستین به دروستکردنی پۆسته‌ر ده‌توانین شێوازی پیشاندانی زانیارییه‌کان له‌سه‌ر پۆسته‌ره‌که به شێوه‌یه‌ک سه‌رنج ڕاکێش بکه‌ی که یارمه‌تی خوێندکارێکی تر بدات که سه‌یری پۆسته‌ره‌که بکات و دڵنیاشم که سه‌یری کرد ده‌یخوێنێته‌وه. هەروەها دروستکردنی پۆسته‌ر وا له که‌سی پێشکه‌شکار ده‌کات زیاتر جه‌خت له‌سه‌ر بابه‌ته گرنگه‌کان بکاته‌وه نه‌وه‌کو خاڵه لاوه‌کییه‌کان، چونکه ئه‌مه ڕاپۆرت نییه تۆ 15 لاپه‌ڕه‌ت له‌به‌ر ده‌ست دابێت و به ئاره‌زووی خۆت پڕی بکه‌یته‌وه، به‌ڵکو تۆ شوێن و کاتی تایبه‌تت هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی پۆسته‌رێکی 1،30م به 1م ڕوون بکه‌یته‌وه. جگە لەوەى له‌کاتی پێشکه‌شکردنی پۆسته‌ردا به‌شێکی زۆر جوانی ئه‌و کاره ده‌بینی که خۆت ده‌یکه‌یت و له دواڕۆژدا هه‌ستی پێده‌که‌یت ئه‌ویش بریتییه له کۆنتڕۆڵکردنی پۆلێکی 30 سی که‌سی به سه‌رنج ڕاکێشانیان بۆ بابه‌ته‌که‌ت" لە كۆتاييشدا ڤينوار لەبارەى پۆستەرەكەيەوە دەلێت " بێگومان جیاوازی نییه له نێوان کاتی پێویست بۆ دروستکردنی پۆسته‌ر له‌گه‌ڵ ئاماده‌کردنی ڕاپۆرتێک، به‌ڵکو بگره پۆسته‌ر کاتی زیاتریشی ده‌وێت، چونکه تۆ هه‌ندێک خاڵی لاوه‌کیت دێته به‌رده‌ست ده‌بێت جیایان بکه‌یته‌وه له خاڵه گرنگ و سه‌ره‌کییه‌کان به په‌یوه‌ندی ڕاسته‌وخۆی به بابه‌ته‌که‌ی خۆته‌وه هه‌یه، من نزیکه‌ی 1 یه‌ک مانگ و 5 پێنج ڕۆژم پێویست بوو تاوەكو پۆستەرەكەم ئامادە كرد، هه‌رچه‌نده ئێستاش پۆسته‌ره‌که‌م به دڵی خۆم نه‌بوو"
شێوازێكى بەربڵاوە
بەرێز پ.ى.د.جەبار ئەحمەد عەبدولرەحمان پسپۆرى پەيرەوى خوێندن و رێگاكانى وانەوتنەوەى گشتى دەڵێت " پۆستەرى پۆل (Classroom Posters) ئامرازێكى فێركارى و شێوازێكى بەربڵاوە لە بوارى فێركردندا، چونكە پێكدێت لە هەر پەرەيەك كە چاپكراو بێت و بتوانرێت بلكێنرێت بە ديوارەوە بە مەبەستى ئەوەى خوێنەر زانيارييەكى خێرا و سەرنجراكێشى دەستبكەوێت دەربارەى ناوەرۆكى پۆستەرەكە.
پۆستەريش مێژووەكەى نوێ نييە نزيكەى زياد لە 200 ساڵ لەمەوبەر بەكارهاتووە لە كاتى بانگەشەى هەڵبژاردندا. چەند جۆرێكيشى هەيە، هەيە لە بوارى سياسيدا بكاردێت، يان لە بوارى پروپاگەندەدا، يان لە بوارى كۆمەڵايەتى و تەندروستى و هتد....بەمەبەستى گەياندنى زانيارييەكى دياريكراو بە خەڵك، بەڵام ئەگەر لە بوارى فێركاريدا بەكارهات ئەوا پێويستە ساكار و سادە و روون و ئاشكرابێت و رەنگى زۆر تيادا بەكارنەيەت، و هاوسەنگى هەبێت لە نێوان تێكست و وێنەكاندا، مەبەستەكەشى كورتكردنەوەى بيرۆكەيەك يان پرۆژەيەكى دياريكراوە، لەبەرئەوە كورتكردنەوەكە پێويستى بە كارامەييە، بۆ ئەوەى خاوەنى پۆستەرەكە بتوانێت بيرۆكەكەى و خاڵە بەهێزەكانى كارەكەى يان توێژينەوەكەى بە شێوەيەكى سەركەوتوو بگەيەنێت"
جۆرەكانى پۆستەر!
بەرێز دكتۆر جەبار دەڵێت " پۆستەرى فێركارى دوو جۆرى هەيە: پۆستەرى فێركارى (نازانستى) لەگەل پۆستەرى فێركارى زانستى (يان ئەكاديمى). ئەوەى مامۆستا ئارەزوو بەكارى هێناوە لە جۆرى يەكەمە واتە: پۆستەرى فێركارى (نا ئەكاديمى) (Classroom Posters)، ئەم جۆرە لە ناو پۆلدا بەكاردێت، بۆ نموونە لە خوێندنگاكانى بريتانيا فێرخوازەكان هەر لە زووەوە فێردەكرێن چۆن ديزاينى بكەن، ئەم شێوازە بە گشتى ساكار و ئاسانە، و بابەتێكى فێركارى تيايە يان توێژينەوەيەكى بچوكە فێرخوازەكە ئەنجامى داوە، و لە ئاستى زانكۆش بەكاردێت كە تيايدا داوايان لێ ئەكرێت كە بيرۆكەى پرۆژەيەك كورتبكەنەوە و لەناو پۆلدا راڤەى بكەن، بەڵام جياوازە لە پۆستەرى فێركارى زانستى (يان ئەكاديمى) كە لەلايەن توێژەر و ئەكاديمييەكانەوە لە زانكۆكان و لە كاتى كۆنفرانسەكاندا بەكارئەهێنرێت، كە جۆرى يەكەم ئامانجى بەشداريپێكردن يان خستنەرووى زانيارييەكە بە پلەى يەكەم، نەك روونكردنەوەى مێتۆد و پەيرەوى زانستى كە لە پۆستەرى ئەكاديميدا گرنگى پێ ئەدرێـت.
جۆرى دووەم كە بريتييە لە پۆستەرى فێركارى زانستى (يان ئەكاديمى) (Research Posters)، ئەم جۆرە پۆستەرە زياتر لە لايەن توێژەرەكان و ئەكاديمييەكانەوە لە زانكۆكان و لە كاتى سمپۆزيەم و كۆنفرانس و ديدارە ئەكاديمييەكاندا بەكاردەهێنرێـت، بەمەبەستى خستنەرووى بيرۆكەى توێژينەوەكانيان و پرۆژەكانيان بەشێوازێكى زانستى، و ئاڵوگۆركردنى شارەزاييەكانيان، و دروتبوونى وتووێژ و گفتوگۆ و پرسيارى زانستى لە نێوانياندا"
بەڕێز دكتۆر جەبار لە بارەى ئەم شێوازەوە دەڵێت " بێگومان ئەم هۆكارە يارمەتيدەرە بۆ فێرخوازان لە چەند روويەكەوە لەوانە مامۆستا دوور ئەخاتەوە لە رێگاى وانەبێژى (المحاضرة : Lecture) كە هەندێجار بێزاركەرە، هەروەها فێرخواز فێرى كورتكردنەوە (التلخيص) ئەكات كە كارامەييەكى گرنگە، وەك ئامرازێكى ياريدەدەرى فێربوون لە پۆلدا دەبێتە هۆى زياتر روونكردنەوەى بابەتەكە، هەروەها دەبێتە هۆى جۆراوجۆرى چالاكييە فێركارييەكان و جۆراوجۆرى سيستمى هەڵسەنگاندنيش، واتە هەموو نمرەكان لەسەر يەك جۆر چالاكى نەبن (بۆ نموونە وەك تاقيكردنەوەى تيۆرى). وە لەماوەيەكى كەمدا كورتەيەكى گرنگ پێشكەش بە فێرخوازەكان دەكات، فێرخوازيش جارى وايە باشتر لە هاورێيەكييەوە فێردەبێت وەك لە مامۆستا، خاڵێكى تر‌ى گرنگ ئەوەيە هانى فێرخوازەكان ئەدات بۆ گەران و خوێندنەوە"
به‌شی زمانی ئینگلیزی
به‌شی زمانی ئینگلیزی یه‌كێكه له‌و به‌شانه‌ی كه هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه له زانكۆی كۆیه دا دامه‌زراوە . ئه‌ركی ئه‌م به‌شه پێگه‌یاندنی خوێندكارانه له بواره‌كانی زمانه‌وانی و وه‌رگێڕان و ئه‌ده‌بی ئینگلیزی به‌مه‌به‌ستی ئاماده‌كردنی مامۆستا و وه‌رگێڕ و وه‌رگێڕی ڕاسته‌وخۆ بۆ داهاتوو. ئەم بەشە كاردەكات بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی شێوازی گونجاوی فێركردن وه‌ك ژماره‌ی خوێندكاران له پۆل و ژینگه‌ی فێركردن (پۆل و كه‌له‌په‌ل وسه‌رچاوه و ته‌كنه‌لۆژیای فێركردن)، ئه‌مه‌ش ده‌بێته هۆی به‌رده‌وام بوونی خوێندكاران له خوێندن و سه‌ركه‌وتنیان. هەروەها یارمه‌تیدانی خوێندكاران بۆ ئه‌وه‌ی خۆیان به پیشه‌وه‌ر بزانن و شاره‌زایی و توانایان هه‌بێت له كاروباری فێركردن و بڵاوكردنه‌وه و خوێندنی باڵادا. هەروەها ئەم بەشە كار دەكات تاوەكو خوێندكاران هه‌ست به خۆیان بكه‌ن وه‌ك هاوڵاتییه‌كی سه‌ر به كۆمه‌ڵگایه‌كی گه‌وره‌تر، ئه‌مه‌ش له ڕێگای هاندانیان بۆ به‌شداریكردن له ڕاهێنان له كاتی خزمه‌تكردن و له پڕۆگرام دانان و كۆرسی نێوده‌وڵه‌تی.
به‌شی زمانی ئینگلیزی له زانكۆ یارمه‌تی خوێندكاران ده‌دات كه زانیاری و شاره‌زایی سه‌باره‌ت به ناوه‌رۆك و شێوازی لێكۆڵینه‌وه ئه‌ده‌بیه‌كان و فێركردنی زمانی ئینگلیزی وه‌ك زمانێكی بیانی و خوێندنی ئینگلیزی و نووسینی ئه‌كادیمی و پرۆفیشناڵ و داهێنه‌رانه به‌ده‌ستبهێنن. بۆ زانيارى زياتر كليك لێرە بكە.
زانيارى تايبەت:
ئاره‌زوو رشید عوسمان
نازناوى زانستى: مامۆستای یاریده‌ده‌ر
پسپۆڕى ورد: سینتاکس ( ڕسته‌سازی) ی زمانی ئینگلیزی
ژمارەى توێژينەوە بڵاوكراوەكان: 2
وانەكانى Comprehension و Morphology دەڵێتەوە
بۆ زانيارى زياتر دەربارەى مامۆستا ئارەزوو، كليك لێرە بكە.
دەتوانيت لە خوارەوە ئەم بابەتە بە PDF دابگريت