سەرۆكى زانكۆى كۆيە داكۆكى لە مافى مامۆستايان و فەرمانبەرانى زانكۆ دەكات

News #08, Issue 37, Jan 2018| Núcey #08, Jhimarey 37, Mangí 1 Sallí 2018 | نوچەی 8،ژمارەى 37 مانگی 1 ساڵی 2018

لە كۆبوونەوەى نێوان وەزيرى خوێندنى باڵا و توێژينەوەى زانستى و يەكێتى مامۆستايانى كوردستان، بەرێز سەرۆكى زانكۆى كۆيە داكۆكى لە مافى مامۆستايان و فەرمانبەرانى زانكۆمان دەكات.

ڕۆژى سێ شەممە، ڕێکەوتى ٢٠١٨/١/٣٠ وەفدێکى یەکێتیى مامۆستایانى کوردستان و وەزيرى خوێندنى باڵا و توێژينەوەى زانستى كۆبوونەوە بە ئامادەبوونى بەڕێز پ.ى.د.وەلى مەحمود حەمەد سەرۆكى زانكۆى كۆيە بەڕێوەچوو.

لەسەرەتاى کۆبونەوەکەدا، مامۆستا عەبدول واحید سکرتێرى یەکێتیى مامۆستایانى کوردستان لە وتەیەکدا بەناوى ئەندامانى سکرتاریەتى یەکێتیى مامۆستایانى کوردستان سوپاسى ئەو دەرفەت و پیشوازییەى کرد، هەروەک کورتەیەک لە کاروچالاکی یەکێتیەکەیانى پێشکەش بە وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کرد.

سکرتێرى یەکێتیى مامۆستایان وتى: یەکێتیەکەمان خۆى بەنمایندەى سەرجەم مامۆستایان لە وەزارەتى پەروەردە و خوێندنى باڵا دادەنێت و، بەشێکیشین لە باش بەڕێوەچونى ئەو پڕۆسەیە لەسەرجەم ناوەندەکانى خوێندن، وتیشى بۆیە هەموو هەوڵێک دەدەین خوێندن باشتر بکەین، مامۆستا عەبدول واحید جەختى لەسەر ئەوەش کردەوە کە یەکێتیى مامۆستایان لەگەڵ پڕۆسەکانى بونیادنانى ژێرخان و سەرخانى هەرێمى کوردستانین و، ناخوازین پڕۆسەى پەروەردە پەکى بکەوێ، چونکە هەڵپەساردنى دەوام واتا پەکخستنى ژیان، لەو چوارچێوەیەدا لەگەڵ سەرجەم ناوەندە کاریگەرییەکان لە گفتوگۆى بەردەوام بوین بۆ گەیاندن و چارەسەرکردنى کێشەکانى مامۆستایان، چونکە پێمان وایە پەروەردە پەیوەندى بە ئێستا و ئایندەوە هەیە و بابەتێکى ستراتیژییە.

لە بەرامبەردا، د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى سەربارى نرخاندنى کارو پڕۆژەکان و دیدگاى یەکێتیەکەیان بۆ پڕۆسەى خوێندن و پەروەردە لە ناوەندەکانى خوێندن، پاڵپشتى و پشتیوانى وەزارەتى بۆ یەکێتیى مامۆستایانى کوردستان دوپاتکردەوە، وتیشى مامۆستایان کۆڵەگەیەکى گرنگى پرۆسەى خوێندنن لە ناوەندەکانى خوێندن، لەماوەى ڕابردودا هەوڵى زۆریاندا بۆ ئەوەى پڕۆسەى خوێندن پەکى نەکەوێ، بۆیە مامۆستایان هەمیشە جێگەى ستایش و ڕێزن.

هەروەها بەڕێز سەرۆكى زانكۆى كۆيە ئاماژەى بەوەدا كە لە كۆبوونەوەكەدا داكۆكى كردووە لە مافى مامۆستايان و فەرمانبەرانى زانكۆمان و شايستە داراييەكانيان، وە وەك ئەركى وەزارەت جەختى لەسەر كردۆتەوە كە پێويستە پابەندبێت بە پێدانى مافى مامۆستايان.

بەڕێز پ.ى.د.ولى دەلێت " لە كۆبوونەوەكەدا باسى دوايين ڕێزبەندى جيهانيى زانكۆكانمان كرد كە زانكۆى كۆيە لە سەر ئاستى هەرێمى كوردستان لە پێشەنگى زانكۆكانە، هەر بۆيە زانكۆى كۆيە بە مافى خۆى دەزانێت وەزارەت گرنگى بەو بابەتە بدات تاوەكو زانكۆى كۆيە و زانكۆكانى تريش لە كێبركێى ئەكاديمى دانەبرێن و پاداشتى زانكۆى كۆيە بدرێتەوە "