كۆبوونەوەيەك لە بارەى دڵنيايى جۆريەوە بەڕێوەچوو

News #12, Issue 18, June 2016 | Núcey #12, Jhimarey 18, Mangí 6 Sallí 2016 | نوچەی 12، ژمارەى 18 مانگی 6 ساڵی 2016

بەڕێوەبەرايەتى دڵنيايى جۆرى دوايين كۆبوونەوەى خۆى لەگەڵ سەرۆكى بەش و برياردەرەكان ئەنجامدا دەربارەى پرۆسەى دڵنيايى جۆرى لە زانكۆى كۆيە.

ڕۆژى دووشەممە ٢٧/ ٦/ ٢٠١٦ كاتژمێر ١٠ى بەيانى لە هۆڵى سەرۆكايەتى زانكۆى كۆيە، بە ئامادەبوونى بەڕێزان سەرۆكى زانكۆ و ياريدەدەرى سەرۆكى زانكۆ بۆ كاروبارى زانستى و خوێندنى باڵا و ڕاگرى فەكەڵتييەكان، بەڕێوەبەرايەتى دڵنيايى جۆرى بە ناونيشانى (پرۆسەى دڵنيايى جۆرى لە زانكۆى كۆيە : قۆناغى دووەم) دوايين كۆبوونەوەى خۆى لەگەڵ سەرۆكى بەشەكان و برياردەرى بەشەكان و بەرپرسى دڵنيايى جۆرى فەكەڵتييەكان ئەنجامدا.

سەرەتا بەڕێز پ.ى.د.وەلى مەحمود حەمەد سەرۆكى زانكۆ، وتەيەكى پێشكەش كرد و وتى " بە بۆنەى كۆتايى هاتنى پرۆسەى خوێندنى ساڵى ٢٠١٥- ٢٠١٦ سوپاسى مامۆستايانى ئازيز و وانەبێژانى خۆشەويست دەكەم و سەربڵندم پێيان، من لە كۆبوونەوەكانى وەزارەتدا ستايشى مامۆستاكانى زانكۆى كۆيەم كردووە" هەروەها وتى " لە كۆبوونەوەكاندا بەردەوام باسى چارەسەرى گرفتى دارايى زانكۆكانم كردووە و وتوومە كە دامەزراوە زانستى و پەروەردەييەكان بەم دۆخە داراييەوە ناتوانن بەردەوام بن و ئەنجامى مەزن بەدەست بهێنن"

لە بارەى پرۆسەى ريزبەندى زانكۆكانيشەوە وتى " ئەمساڵ ڕيزبەندى و ڕانكينگى زانكۆكان زۆر قورسترە و هەر زانكۆيەك لە پێشبركێيەكى بەهێزدا دەبێت، ئێمە لە زانكۆى كۆيە پيرۆزبايى لە هەر زانكۆيەك دەكەين كە لە ڕێزبەنديدا لە پێشەوە بێت بە مەرجێك لەسەر بنەما زانستييەكان بێت و پێوەرەكان ڕەچاوكرابن، لەبەر ئەوەى ئەم ڕێزبەنديە يارمەتيدەرێكى مەزنە بۆ پێشكەوتنى زانست لە كوردستان "

بەڕێز سەرۆكى زانكۆ وتيشى " بەشداريكردنم لەم كۆبوونەوەيەدا لە چوارچێوەى گرنگيدانە بە چارەسەركردنى كەموكورتييەكان و هۆكارى بەدەمەوە نەچوونى ئەو كێشە و گرفتانەى كە هەبوون. بە داخەوەم كە بەشێك لە بەرپرسان و مامۆستايان پابەند نەبوون بە جێبەجێكردنى كارەكانى خۆيان بە تايبەت لە بارەى دڵنيايى جۆرى"

سەبارەت بە خوێندنى باڵا، بەڕێز سەرۆكى زانكۆ وتى "داوا دەكەم بە ديدێكى كراوە مامەڵە لەگەڵ خوێندنى باڵا بكەين و چيتر زانكۆكان تەنها شوێنێك نەبن بۆ وەرگرتنى بڕوانامە، پێويستە ڕوانگەكان بگۆڕين بۆ خوێندنى باڵا و بەديدێكى سەردەميانە مامەڵە لەگەڵ ئەو بابەتە بكەين و چەندايەتى جێگەى چۆنايەتى نەگرێتەوە، ئەمە بۆ بابەتى توێژينەوەش بەهەمان شێوەيە."

پاشان بەڕێز پ.ى.د.سەڵاح ئيسماعيل يەحيا بەڕێوەبەرى دڵنيايى جۆرى، سمينارێكى پێشكەشكرد دەربارەى (دڵنيايى جۆرى لە زانكۆى كۆيە: قۆناغى دووەم) كە تێيدا تيشكى خستە سەر چۆنيەتى بەڕێوەچوونى هەنگاوەكانى دڵنيايى جۆرى لە كۆتايى ساڵى ئەكاديميدا و ئەم بابەتەى ڕوونكردەوە بۆ ئامادەبووان.

لە كۆتاييدا گفتوگۆكرا لەبارەى گرفتەكان و بەڕێوەچوونى دڵنيايى جۆرى لە كۆتايى ساڵدا.

ئامادەكردنى : ژوورى هەواڵ

وێنەكان : حاجى دڵشاد