شاندێكى زانكۆى كۆيە دواى مانەوەى مانگێك لە زانكۆى فيردەوسيى ئێران، گەڕانەوە

News #07, Issue 32, Augest 2017| Núcey #07, Jhimarey 32, Mangí 8 Sallí 2017| نوچەی 7، ژمارەى 32 مانگی 8 ساڵی 2017

سەرۆكى زانكۆ لەگەڵ شاندى زانكۆى كۆيە كۆبۆوە كە ماوەى مانگێك لە زانكۆى فيردەوسى مەشهەد بوون بۆ فێربوونى زمانى فارسى.

لەسەر بنەماى لێكگەيشتنى هاوبەشى نێوان زانكۆى كۆيە و زانكۆى فيردەوسى مەشهەد بۆ هاوكارى زانستيى لە نێوانياندا شاندێكى زانكۆى كۆيە كە پێكهاتبوو لە مامۆستايان و خوێندكارانى بەشى زمانى كوردى سەردانى سەنتەرى فێربوونى زمانى فارسيان كرد لە زانكۆى فيردەوسى مەشهەد و بەشداريان كرد لە خولێكى يەك مانگى سەنتەرەكە بۆ فێربوونى زمانى فارسى.

رۆژى يەك شەممە ٢٠١٧/٨/٢٧ كاتژمێر ١١ى پێش نيوەڕۆ لە سەرۆكايەتى زانكۆ، بەڕێز پ.ى.د.وەلى مەحمود حەمەد سەرۆكى زانكۆ پێشوازيكرد لە شاندى زانكۆى كۆيە كە ماوەى مانگێك لە زانكۆى فيردەوسى مەشهەد بوون لە وڵاتى ئێران بە مەبەستى فێربوونى زمانى فارسى.

بەرێز د.هاوژين صڵێوە مامۆستاى بەشى زمانى كوردى و يەكێك لە ئەندامانى شاندەكە لە دەستپێكى كۆبوونەوەكەدا لە برى ئامادەبووان كورتەيەكى لەبارەى گەشتەكەوە باسكرد كە لە ماوەى مانگێك مانەوەيان چييان كردووە و چۆن پابەندبوون بە كۆرس و كاتەكانى فێربوون و كاراييان لە كۆرسەكەدا.

بەرێز صڵێوە ئاماژەى بە سوود و قازانجەكانى گەشتەكە كرد لە ڕووى ئەكاديمى، كۆمەڵايەتى، رۆشنبرى و كلتوريەوە.

ئەندامان جگە لە ئامادەبوونيان لە كاتى بەرێوەچوونى خولەكە، ژمارەيەك شوێنى شوێنەوارى و گەشتيارى شارەكەيان بينيوە بۆ تێكەڵاوبوونى زياتر لەگەڵ هاوڵاتيانى شارەكە، ئەمەش بە ئامانجى سوودوەرگرتنى باشتر لە خولەكە.

لە كۆتايى وتەكانيدا بەڕێز د.هاوژين و ئامادەبووانى تر ژمارەيەك پێشنيازيان خستە بەردەم سەرۆكايەتى زانكۆ بە مەبەستى سوود وەرگرتن لێيان لە گەشتەكانى ئاييندەدا.

دواى تەواوبوونى كۆڕسەكە بەشداربووان تاقيكردنەوەيان ئەنجامداوە و توانيويانە سەركەوتن بەدەست بهێنن.

پاشان بەڕێز سەرۆكى زانكۆ وێراى بەخێرهێنانەوە و هيواى سوودوەرگرتنيان لە خولەكەدا خۆشحاڵى پێشاندا بە سەركەوتنى بەشداربووان و تەواوكردنى كۆرسەكە بە سەركەوتوويى.

لە چوارچێوەى قسەكانيدا ئاماژەى بە سوودەكانى گەشتەكە كرد لە بەرژەوەندى زانكۆمان و شارەزايى خوێندكاران و مامۆستايان بۆ دەست ڕاگەيشتن بە سەرچاوەكانى فێربوونى زمانى فارسى.

شاندەكەى زانكۆى كۆيە لە سەنتەرى فێربوونى زمانى فارسيى زانكۆى فيردەوسى مەشهەد ژمارەيەك سميناريان پێشكەشكردووە و زانكۆى كۆيەيان بە ئامادەبووانى سەنتەرەكە ناساندووە.

هەموو ئامادەبووان جەختيان كردەوە لە سوودى ئەم جۆرە گەشتە ئەكاديميانە و بينينى ئەزموونى وڵاتانى تر بە ئامانجى وەرگرتنى ئەزموونى نوێ و بەرهەمهێنانەوەى لە زانكۆماندا.

ئامادەكردنى : ژوورى هەواڵ

وێنەكان : كاردۆ محەمەد