وتارى ليژنەى زانستى كۆنفرانسى دڵدار
News #09, Issue 38, Feb 2018| Núcey #09, Jhimarey 38, Mangí 2 Sallí 2018 | نوچەی 9، ژمارەى 38 مانگی 2 ساڵی 2018
له ئه‌ی ره‌قیبه‌وه!
قسه‌كردن له‌سه‌ر دڵدار
پ.ی.د. حه‌یده‌ر له‌شكری
سه‌رۆكی لێژنه‌ی زانستیی كۆنفرانس
له‌سه‌رده‌می قه‌یران و شه‌ڕوجه‌نگدا، ناسنامه، به كۆی ئه‌و حه‌كایه‌ت و سیمبولانه‌ی ناسنامه‌كه پێكدێنن، ده‌كه‌وێته ژێر پرسیاره‌وه،. هه‌رچی له ناسنامه‌ی كوردیش بڕوانێ، ده‌زانێ ’ئه‌ی ره‌قیبی‘ دڵدار ره‌گه‌زێكی دیار و سیمبولێكی به‌رچاویه‌تی. هه‌ر ئه‌مه‌یه وایكردوه دڵدار له فه‌زای ئێمه‌دا فه‌رامۆش نه‌كرێ و رۆژانه لێره و له‌وێ، به بۆنه و بێ بۆنه، خۆی بنوێنێ.
ناسنامه‌ی ناسیونالیستانه‌ی هه‌ر گرۆیه‌كی نه‌ته‌وه‌یی، بۆ ڕه‌وایه‌تی به‌خشین به هه‌بوون و به‌رده‌وامبوونی سه‌روو زه‌مه‌نییانه‌ی خۆی، له‌نێو سیمبوله‌كانیدا خۆی به‌یان ده‌كات. سرودی نه‌ته‌وه‌ییش ڕوونترین گوزارشتێكه له ناسنامه. له زۆربه‌ی باردا، تێزه ناسیونالیسته‌كانی تێدا به‌رجه‌سته ده‌بێ. ئه‌مه ڕێك سه‌ره‌ده‌ری گوتاری ناسیونالیستی كوردی بووه، له پرۆسێسی به‌سیمبولكردنی ئه‌ی ره‌قیبه‌كه‌ی دڵدار. پرۆسێسێك، كه نه‌ك ته‌نیا له ئاستی ده‌سته‌بژێری سیاسی و رۆشنبیرییه‌وه بووه، به‌ڵكو له نێو خه‌یاڵدانی ده‌سته‌جه‌معیی كوردیشدا، له كاتی خۆنواندن له هه‌مبه‌ر به ئه‌ویتره‌وه. به‌و مانایه‌ی ئه‌ی ڕه‌قیب هه‌ر له ئاستی گوتار نه‌ماوه‌ته‌وه، به‌ڵكو بۆته به‌شێكی پراكتیزه‌كردنی گوتاره‌كه‌ش، له زه‌مینه‌ی سۆسیۆ - سیاسی كوردیدا. نه‌ك هه‌ر ئه‌مه، ده‌قی ئه‌ی ره‌قیبیش، له‌به‌ر ناوه‌رۆكه‌كه‌ی، هه‌میشه گفتوگۆ و مشتومڕی له‌باره‌وه بكرێ؛ پیرۆزبوون و ناپیرۆزبوون، سنووربه‌زێن یان نه‌به‌زێن، شۆڤینیی یان نا، دژه دین یان شرۆڤه‌ی جیاواز بۆ وشه‌كانی.
ڕه‌نگه هه‌ر ئه‌مه وایكردبێ، كه زۆربه‌ی كات دڵدارناسیی ئێمه له سنووری ئه‌ی ڕه‌قیبدا مابێته‌وه. ئه‌و چڕكردنه‌وه‌ی ناسینی ئێمه‌ش بۆ ئه‌و، مۆدێلی خوێندنه‌وه‌ی كایه‌ی رۆشنبیری ئێمه‌یه بۆ كه‌سێتییه‌كه‌ی. له‌كاتێكدا ئه‌و، سه‌رباری ته‌مه‌نی كورتی، وا به‌ئاسانی چڕ ناكرێته‌وه. چونكه كه‌سێتییه‌كه‌ی فره‌ڕه‌هه‌نده‌و خوێندنه‌وه‌ی ئاوای، به‌مانای نه‌خوێندنه‌وه‌و نه‌بینینیه‌تی.
له یه‌كه‌م هه‌نگاوه‌وه، بینینی دڵدار به ته‌واوی ڕه‌هه‌نده‌كانییه‌وه، مه‌به‌ستی سه‌ره‌كی پشت سازدانی ئه‌م كۆنفرانسه‌یه له زانكۆماندا؛ كه‌سێتی و بنه‌ماڵه‌كه‌ی، پێگه‌یشتنی هزریی و سیاسییانه‌ی، په‌ره‌سه‌ندنی ئه‌ده‌بییانه‌ی، پێگه‌ی شیعرییانه‌ی له دوتوێی نه‌خشه‌ی ئه‌ده‌بی كوردیدا و…هتد.
هه‌موومان ده‌زانین دڵدار ئه‌ی ره‌قیبی نوسیوه، به‌ڵام زۆر كه‌ممان دڵدار ده‌ناسین وه‌ك كه چۆن ژیاوه. له‌و كه‌مه‌شمان به‌ده‌گمه‌ن ئاگاداری ئه‌وه‌ین، كه ئه‌و كوڕی قۆناغی دابڕانه‌كانه له مێژووی كوردیدا؛ دابڕان له نێو هزری سیاسی له‌لایه‌ك و له نێو ئه‌ده‌ب و زمانی نوسینی كوردی له‌لایه‌كی دییه‌وه.
دابڕان له هزری سیاسی، ته‌شه‌نه‌كردنی بیری چه‌پگه‌رایی بوو، له ده‌می شكستی سه‌ربازییانه‌ی بزوتنه‌وه‌ی كوردی و به‌رفره‌بوونی ناسیونالیزمی ده‌سته‌بژێرانه، كه حزبێكی وه‌ك هیوا نوێنه‌رایه‌تی ده‌كرد. دڵدار دیارترین نموونه‌ی ناسیونالیستێكی چه‌پگه‌ر بووه؛ چه‌پێك ئیش بۆ گرێدانی چه‌وساندنه‌وه‌ی چینایه‌تی و چه‌وساندنه‌وه‌ی كورد ده‌كات.
لێره‌وه ئه‌و نوێنه‌رایه‌تی چه‌پێكی واقیعی ده‌كرد نه‌ك خه‌یاڵی، پێی وابووه گۆڕانی ڕه‌وشی باو، په‌یوه‌سته به گه‌شه‌سه‌ندنی ئاگاییه‌وه. وه‌ك چه‌په په‌ڕگیره‌كان نه‌بووه - بۆ نموونه - وا شرۆڤه بكات، كه جوتیاربوون و چه‌وسانه‌وه له خۆیدا، به‌س بێ بۆ بیركردنه‌وه له گۆڕینی ڕه‌وشی باو، ئه‌و ده‌یبینی كه جوتیاری كورد نه‌زان و نه‌خونده‌وارن و چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌ی لێناكرێ به باشی له‌خۆی بگات؛ نامۆبوون ناسنامه‌یه‌تی و ڕێگه‌ی ئه‌وه‌ی نه‌داوه گۆڕان له‌لاییدا ببێته بابه‌ت.
بوونی كۆمه‌ڵایه‌تییانه‌ی تاك جێگه‌ی سه‌رنجی ئه‌وه، كه وا لێی تێگه‌یشتووه له سه‌رووی هه‌بوونی تاك له‌خۆیدایه. ئه‌و ئه‌م بوونه له‌چوارچێوه‌ی خوێندنه‌وه‌ی بۆ كه‌سێتی كورد، شرۆڤه ده‌كات، به‌تایبه‌ت سروشتی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌نه‌ی كه‌سێتییه‌كه: ((هه‌ر فه‌ردێكی له‌كورد بیگری زۆر حه‌ز له "ته‌سه‌لوت"و لێ ترسان ده‌كات. ئه‌مه‌ش ئاشكرایه، كه هه‌ر كامێكیان ده‌ستی بوو له‌م ناحیه‌وه درێغی ناكات. ئه‌م خود په‌سندیه‌ی كه‌باسم كرد، ئه‌م ره‌وشته‌ی كه له‌ده‌شته‌كی هێناوه‌ته وجوود له‌ده‌سه‌ڵاتداره‌كان به‌غرور وغه‌در به‌دیار ئه‌كه‌وێ، له‌بێ ده‌سه‌ڵاته‌كانیش حه‌ساده‌تی پێ به‌خشیون...به‌رامبه‌ر به‌پیاوێك، كه لێی بترسن وه‌یا ئه‌مه‌لی شتێكی لێ بكه‌ن پیاوی زۆر سه‌خی وچاوتێرن، بۆ باقیتر قابیلی چرووك وده‌ست قووچاون ))
ئه‌و واقیعه كۆمه‌ڵایه‌تییه، دڵداری به ئاڕاسته‌ی قوتابخانه‌ی ریالیزم بردوه؛ سه‌رسامییه‌كانی مرۆڤ و مه‌ینه‌تییه‌كانی ده‌بنه بابه‌تی شیعریی، له قالبێكی نوێی ئه‌ده‌بیدا دایڕشتۆته‌وه. بۆیه له ڕووی ناوه‌ڕۆكه‌وه به ئاڕاسته‌ی ژیانی رۆژانه‌ی خه‌ڵك و خه‌مه‌كانیان بووه و گوزاره‌ی له هه‌ڵوێستی خۆی به‌رامبه‌ر به ده‌وروبه‌ره‌كه‌ی كردوه. ئه‌م گۆڕانی نا‌وه‌ڕۆكه‌ش گۆڕانی بونیادی شیعری له‌گه‌ڵدا هاتوه و زمانی شیعریشی به ئاقارێكی جیاوازدا بردووه.
توێژینەوەکانی ئەم کۆنفرانسە، ئه‌م بوارانه و بواری دی هەمە چەشن لەخۆ دەگرن، لە ژیان و ڕۆڵی سیاسی دڵدارەوە بگرە، تا بەرهەمی ئەدەبی و شارەزایی لە کایە ئەدەبییەکان و مه‌سه‌له‌ی شیعرییەت. ئه‌مه سه‌رباری ئەی ڕەقیبەکەی و بە سیمبولبوونی..
بەداخەوە هێندێک بواری کاری دڵدار لای بەلادا نەکراوەتەوە، به‌پێی سه‌رچاوه‌كان بێ دڵدار ئابوریناس و ئایینناس و تەنانەت هزرڤانیش بووه. ئەوەی لەمانەش گرنگتر بوو له‌م كۆنفرانسه‌دا قسەی له‌باره‌وه بکرێ بینینی دڵدار بوو لە خۆیدا؛ سایکۆلۆژیای دڵدار و دەرکەوتەی لە کۆی کار و چاڵاکی و بەرهەمەکانیدا. مه‌به‌ستم ئەو ڕەهەندەی دڵداره، کە کەسێکی وەک مەسعوود محه‌مەدیشی سەرسام کردووە و نەیتوانیوە باش تێی بگات. بە ووتەی ئەو؛ کردنەوەی دەرگا داخراوەکانی ئەو ژێرزەمینە، کە کەسێتی دڵدار بوو، كارێكی ئه‌سته‌م بووه. کەسێتییەک، کە لەوەدەچێ هەمیشە هەوڵی شاردنەوەی حەقیقەتی خۆی دابێ. بۆیه دەشێ لێکۆڵینەوەی وورد لە نوسینەکانی و گرێدانی دەق بە خودی نوسەر بەهانامانەوە بێ، بۆ تێگەیشتنی باشتری یونسی مەلا ڕەئوفە فەندی خادیمولسوجاده، ناسراو بە دڵدار.