وەزارەتى دارايى دەرماڵەى مانگى ٥ى خوێندكارانى نەناردووە
News #2, Issue 11, 2015 | Núcey #2, Jhimarey 11, Mangí 11 Sallí 2015 | نوچەی ٢، ژمارەى ١١ مانگی ١١ ساڵی 2015
بەڕێز پ.ى.د.وەلى مەحمود حەمەد سەرۆكى زانكۆى كۆيە ڕايگەياند بە هۆى دابين نەكردنى پارە بۆ زانكۆى كۆيە لە لايەن وەزارەتى دارايى و ئابوورى حكومەتى هەرێمى كوردستان ، بەهۆيەوە زانكۆمان ناتوانێت دەرماڵەى مانگى (٥)ى خوێندكاران دابەش بكات.
لەبارەى بەرپرسيارێتى زانكۆى كۆيە ، سەرۆكى زانكۆ وتى" گشت بەرپرسيارێتييەكانى زانكۆمان لە ئامادەكردنى ليستى ناوى خوێندكاران و وردبينى كردن تێياندا ئامادەيە و ئاڕاستەى وەزارەت كراوە، بەڵام بە هۆى نەبوونى پارە لە بانكى زانكۆدا نەمانتوانيوە دەرماڵەى خوێندكاران دابەش بكەين، بۆيە خوێندكارانى ئازيز و خۆشەويستى زانكۆ ئاگادار دەكەمەوە كە گشت ڕێككارەكانى دابەشكردنى دەرماڵە لە لايەن زانكۆمانەوە تەواو بووە، بۆيە لەم ڕووەوە هيچ بەرپرسياريەتێك لە ئەستۆى زانكۆماندا نييە"
بەڕێز سەرۆكى زانكۆ وتيشى "داوا دەكەين لە بەڕێز وەزارەتى دارايى و ئابوورى بۆ دابين كردنى دەرماڵەى خوێندكارانى زانكۆمان، وە خوێندكارانى ئازيزيش دڵنيا دەكەينەوە هەر كاتێك وەزارەتى دارايى پارەى دابين كرد بەڕێوەبەرايەتى دارايى و ژمێريارى و ليژنەكانى دابەشكردنى دەرماڵە لە زانكۆمان ئامادەييان هەيە بۆ دابەش كردنى دەرماڵە و ، زانكۆ هيچ كەمتەرخەميەك ناكات لە دابەشكردنى".