وتارى سەرۆكى ليژنەى زانستيى كۆنفرانسى نێودەوڵەتى كۆيە لە ڕەوتى شارستانييەتدا
News #05, Issue 52 , Apr 2019 | Núcey #05, Jhimarey 52, Mangí 04 Sallí 2019 | نوچەی 05، ژمارەى 52 - مانگی 04 ساڵی 2019
گه‌ڕان به‌دوای ناسنامه‌ی شارێك
پ.ی. د. حه‌یده‌ر له‌شكری
ی. سه‌رۆكی زانكۆ بۆ كاروباری زانستی
سه‌رۆكی لێژنه‌ی زانستی كۆنفرانس
كۆیه مێژووی ناوچه‌كه‌ی له‌خۆگرتووه، ناسنامه‌یه‌كی كولتوری تایبه‌تی خۆی هه‌یه، ناسنامه‌یه‌ك، كه په‌یوه‌سته به ڕه‌وشی جوگرافی و پاشخانی مێژوویی شاره‌كه‌وه. ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئاستی پێشكه‌وتنی ئه‌و بارسته شارستانییانه‌یه، كه له ناوچه‌كه‌دا له ماوه‌ی درێژی مێژوویی‌دا ده‌ركه‌وتوون. بۆیه تێگه‌یشتن له پێگه‌ی كۆیه، هاوكارمان ده‌بێ له تێگه‌یشتنی باشتری مێژووی ناوچه‌كه به گشتی. ، به‌تایبه‌تیش پڕكردنه‌وه‌ی بۆشاییه‌كانی نێو ئه‌و مێژووه و روناك كردنه‌وه‌ی هه‌ندێك له تاریكییه‌كانی نێویدا.
له‌و كاته‌وه‌ی شاره‌كه ده‌ركه‌وتووه، له‌گه‌ڵ خۆیدا كه‌سێتی دانیشتوانه‌كه‌ی، به‌هاكانیان و نهریتهكانیانی ره‌نگڕێژ كردوه. شاره‌كه‌ش له نێو نه‌ریتی ڕابردووی خۆیدا نیشته‌جێ بووه. هێشتا ورده كولتوره‌كانی، كاریگه‌ریان به‌سه‌ر په‌یوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، خه‌یاڵدانی كۆمه‌ڵایه‌تی، چۆنییه‌تی خۆوێناكردن كۆییانهدا هه‌یه. له‌و كاته‌دا شار بەسەر دەرەوەی خۆیدا کراوە بووە و ئەوانیتر وەک سەنتەرێکی کولتوری بینیویانە و کۆییبوون ناسنامه‌یه‌كی خوازراو و ویستراو بووە. بنه‌ماڵه و كهشێتییه كاراكانی شار توانیویانە جێگەی خۆیانی تێدا بکەنەوە و قەبوڵکراو بن. ئەمانە ڕێگە پێدراو بوون ببنە هه‌ڵگری ناسنامه‌ی شار و شاره‌كه‌ش به‌وانه‌وه بناسرێ و لە هەمبەر بە پانتایی تری جوگرافیی - کولتوریی نوێنەرایەتی بکەن. حاجی قادر ده‌ڵێ:
هه‌روه‌كو شارانی تر كه‌س ئاشنای كۆیێ نه‌بوو
شوهره‌تی ئه‌بیاتی من خه‌ڵكی له‌سه‌ر كۆ كرده‌وه
هه‌ركه‌سێكیش چاودێری مێژووی دوو سه‌د ساڵه‌ی دوایی بكات، خۆی له‌به‌رده‌م كۆمه‌ڵێك گۆڕان ده‌بینێته‌وه، كه ئاڕاسته‌ی ده‌ركه‌وتنی مێژووییانه‌ی شاره‌كه‌یان كردووه؛ به نموونه پەڕینەوەی شارەکە لە سەنتەرەوە بۆ کەنار. وه‌ك ده‌زانین كۆیه، لە سەدەى هه‌ژده و نۆزدەدا، سەنتەرێکی سیاسی - كارگێڕیی گرنگ بووه، كە هەندێک لە گەورە شارەکانی ئەمڕۆ، سەر بە ئەو بوون. سه‌نته‌رێك، كه ئابورییه‌كی پتەوی لە پشتەوە بووه، سیستەمی باوی ئابوری ئەوکاتى لەسەر بونيادنرابوو، ئەويش كشتوكاڵ و ئاڵوگۆڕی بازرگانی بوو و له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانه‌وه گرنگی پێدراوه. هەروەها ئەلقەی پێکبەستی چیانشین و دەشتنشینان بوو. به‌ڵام، گۆڕانکارییە سیاسی و کارگێڕیی و دیمۆگرافییەکانی دواتر، لە ناوەڕاستی سەدەی بیست بەدواوە، ئەم سەنتەرگیرییەی نەهێشت. شارى دی گەشەیان سەند، بوونە سەنتەری ئابووری، ڕۆشنبیری، سیاسی. بەتايبەت هەولێر و سلێمانى. وراتی كۆیە چیدی سەنتەر نه‌ما، بووە کەنار. ئیدی مێشکە ڕۆشنبیرییەکانی کۆچیان کرد، سەرمايەدارەكانى پڕۆژە و سەرمایەکانیان بردە ئەو بنکە نوێیانە، سياسەتمەدارەکانی چاڵاکییان بۆ ئەوێ گواستەوە. لەوێ تایبەتمەندى تریان وەرگرت. ئيدى ئەوەی بەکۆیەیان دەبەستێتەوە هەستێکی نوستاليژیانە و هيچی تر نا.
ئه‌مه‌یه ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ی، كه ده‌خوازین لێكۆڵینه‌وه‌ی وردی له‌باره‌وه بكرێ، تا بتوانین باشتر له چۆنییه‌تی دروستبوون و پوكانه‌وه بگه‌ین، له رۆڵی شارستانییانه‌ی شار بگه‌ین و كۆیه نموونه‌ی كاره‌كه‌مان بێ. گرفتی ئه‌و توێژینه‌وه زانستییانه‌ی كراون له‌وه‌دایه، كه وورد بونیادی شاریان نه‌خوێندۆته‌وه، هه‌ر له پێكهاته‌ی شار و ململانێی نێوان هێزه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی ناو شار و په‌یوه‌ندییه‌كانی به ده‌ره‌وه‌ی خۆی، تا ئه‌و سروشته كۆمه‌ڵایه‌تیی - ئابورییه‌ی ستراكتۆری شاره‌كه‌ی داڕشتووه.
لێره‌وه، په‌یامی بنه‌ڕه‌تی ئه‌م كۆنفرانسه ناسینه‌وه‌ی زانستییانه‌ی كۆیه‌یه، كێشانی وێنه‌یه‌كی گشتی دروستبوون و پلانی شار و داموده‌زگا كۆمه‌ڵایه‌تی، زانستی، كارگێڕیهكانییهتی. ئه‌مه‌ش له میانه‌ی خوێندنه‌وه‌ی مێژووه شارستانییه فره ڕه‌هه‌نده‌كه‌ی، له كۆنترین سه‌رده‌مه‌كانه‌وه تا سه‌رده‌می هاوچه‌رخ. له‌مه‌دا، ئێمه وه‌ك لێژنه‌ی زانستی كۆنفرانس، چوارچێوه‌یه‌كی گشتیمان دیاری كردبوو، تێیدا دیسپلینه فرهچهشنهكان ده‌یانتوانی كاری خۆیان، چ له بواری خۆیان و چ به هاوبه‌شی، بكه‌ن. تا له ناسینه‌وه‌ی شارستانییانه‌ی شاره‌كه‌دا به‌شدار بین. بۆ ئه‌وه‌ی بچینه‌وه سه‌ر ناسنامه‌كه‌ی شار و ڕۆڵمان له نوژه‌نكردنه‌وه‌ی ڕه‌هه‌نده دیار و نادیاره‌كانیدا هه‌بێ، هه‌ر له خوێندنه‌وه‌ی كه‌سێتی كۆییانهوه بگره تا شێواز و ستایلی تهلارسازییانهكهی شار.
ئه‌مه به‌و مانایه نایه‌ت، كه ئه‌و كۆنفرانسه توانیویه‌تی، ئامانجه‌كانی بپێكێ. به‌داخه‌وه ئێمه له سه‌رده‌می قهیارنهوه ده‌ستمان پێكرد و ده‌زانین ئه‌مه كاریگه‌ری به‌سه‌ر چۆنییه‌تی و چه‌ندێتی توێژینه‌وه‌كانه‌وه هه‌بووه، رێگریش بووه له‌به‌رده‌م ئه‌وه‌ی توێژینه‌وه‌ی دی بنوسرێ و توێژه‌ری زێتر له كۆنفرانسه‌كه‌دا، به‌شدار ببن.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، ئه‌وه‌ی توێژینه‌وه‌كانی كۆنفرانسه‌كه‌ی ئێمه جودا ده‌كاته‌وه، پشت به‌ستن بوو، به هه‌ڵكۆڵین و دۆزینه‌وه شوێنه‌وارییه‌كان، كه ده‌مانخه‌نه به‌رده‌م پێكهاته‌ی مێژوویی ناوچه‌كه، له ڕووی به‌رده‌وامێتی و گۆڕانه‌كانی شاره‌كه و ده‌وروبه‌ری. به‌هه‌مان شێوه، به‌ڵگه‌نامه و سه‌رچاوه مێژووییه‌كان، به‌تایبه‌ت هی سه‌رده‌می عوسمانی، چۆنییه‌تی فۆرمه‌له‌بوونی شاره‌كه‌مان ڕوونتر بۆ ده‌رده‌خه‌ن. به‌تایبه‌ت گۆڕانی دیمۆگرافی، پێگه‌یشتنی ئایینی - زانستی، گۆڕانه كارگێڕییه‌كان. ئه‌مه سه‌رباری لێكۆڵینه‌وه جوگرافی و ته‌لارسازییه‌كان، كه پشتیان به نوێترین مێتۆد و ته‌كنۆلۆژیای بواره‌كانیان به‌ستووه، له خوێندنه‌وه‌ی ره‌هه‌ندی جوگرافی و خه‌سڵه‌ت و تایبه‌تمه‌ندی مێژووییانه‌ی ته‌لارسازی شاره‌كه.
به‌ڕێزان!
شاری مێژوویی ده‌بێ چه‌شنێك له هارمۆنیای له‌گه‌ڵ نوێبوونه‌وه‌ی شارستانییانه‌دا هه‌بێ، كۆڵه‌گه‌ی كولتوری ئه‌وتۆی هه‌بێ، بتوانێ نه‌ریته كه‌له‌پورییه‌كانی بپارێزێ. تا پاشخانه مێژووییه‌كه‌ی رێگه بۆ سیاسه‌تی پێشڤه‌چوونی مه‌ده‌نییانه‌ی شاره‌كه دیاری بكات. هه‌ناگاوی هه‌ره گرنگیش به‌م ئاڕاسته‌یه ڕاگه‌یشتنه به‌سه‌ر ده‌ركه‌وته‌كانی ناسنامه‌ی شار، له سه‌رووی هه‌مووشیانه‌وه، كولتوره تهلارسازییهكهیهتی. ئێمه له‌و كۆنفرانسه‌دا دركمان به‌مه كردووه و چه‌ندین ته‌وه‌رمان بۆ رۆڵی مێژوویی و ڕه‌وشی ئێستای ئه‌م كولتوره ته‌رخان كردووه.
ئێمه، وه‌ك ده‌زگایه‌كی ئهكادێمی، ئاگاداری ئه‌وه‌ین كولتوری ته‌لارسازی مێژوویی شار به‌ره‌و داڕمان ده‌چێ. ئه‌گه‌ر زوو ئاوڕی لێ نه‌درێته‌وه، ئه‌و مانا شارستانییه‌ی هه‌یه‌تی و ئه‌و رۆڵه‌ی له داڕشتنی ناسنامه‌ی شاردا هه‌یبووه، له‌ده‌ستی ده‌دات. بۆیه مامه‌ڵه‌ی زانستییانه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ماوه‌ته‌وه و به‌كارهێنانی شێوازه زانستییه‌كان له نوژه‌نكردنه‌وه‌ی، ناسنامه‌ی شاره‌كه‌مان بۆ ده‌پارێزێ. بێگومان ئه‌مه‌ش به‌ر له هه‌ر كه‌س و لایه‌ن و ده‌زگایه‌ك، به‌رپرسیارێتی ده‌زگا ئهكادێمییهكانه ئیشی له‌سه‌ر بكات؛ به‌رپرسیارێتی زانكۆی كۆیه‌یه.
بۆیه له‌و كۆنفراسه‌دا ده‌خوازین، هه‌ر هیچ نه‌بێ بابه‌ته‌كه بوروژێنین: گرنگی ئه‌و كولتوره ده‌وڵه‌مه‌نده ته‌لارسازییه نیشانبده‌ین، سودیش له ئه‌زموونی پسپۆڕان و ئه‌زموونی شار و ناوچه‌ی تری جیهان وه‌ربگرین، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌نگاوه‌كانی كاركردنمان تۆكمه و ئه‌نجامه‌كانیشی دروست بێ، تاوه‌كو ستایل و شێوازی بیناسازی شار وه‌ك چۆن هه‌بووه بپارێزرێ.
ئێمه پێمانوایه كارێكی قورسمان ده‌ستپێكردووه، ڕه‌نگیشه نه‌توانین ده‌ره‌قه‌تی بێین. چونكه ئه‌وه ده‌زانین، تاكه كۆنفرانسێك به‌س نییه بۆ ڕاگه‌یشتن به‌سه‌ر پێگه‌ی شارستانییانه‌ی شارێك. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌وه‌ی كردوومانه، ده‌روازه‌كه‌یه بۆ باشتر ناسینی ئه‌و شاره‌ی تێیداین. تێگه‌یشتن له ناسنامه‌ی مێژووكردی شارێكی وه‌ك كۆیه قورسه، هه‌ڵكۆڵینی زۆری پێویسته. به‌ڵام ئیشكردن له‌سه‌ریشی پڕ له سه‌ركێشی و ئه‌نجامه‌كانیشی سه‌رنجڕاكێشن، لایه‌نی كه‌م ڕه‌نگه هاوكارمان بێ باشتر له‌وه بگه‌ین، كه كۆیی و خۆیی چ مانایه‌كی هه‌یه.