خولى ڕێگاكانى وانە وتنەوە و پەرەپێدانى تواناكان دەستيپێكرد

News #04, Issue 19, July 2016 | Núcey #04, Jhimarey 19, Mangí 7 Sallí 2016 | نوچەی 4، ژمارەى 19 مانگی 7 ساڵی 2016

بە گوێرەى ڕێنماييەكانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژينەوەى زانستى، لە زانكۆى كۆيە خولى ڕێگاكانى وانە وتنەوە و پەرەپێدانى تواناكان دەستى پێكرد.

ڕۆژى سێ شەممە ٢٠١٧/٧/٢٦ لە هۆڵى كتێبخانەى ناوەندى زانكۆدا، بە ئامادەبوونى بەڕێزان سەرۆكى زانكۆ و ياردەدەرى سەرۆكى زانكۆ بۆ كاروبارى زانستى و خوێندنى باڵا، كاتژمێر ٩ى بەيانى خولى ڕێگاكانى وانە تنەوە و پەرەپێدانى تواناكان دەستيپێكرد.

سەركردەى بەهێز و متمانە بەخۆ دروست دەكەين

سەرەتا بەرێز سەرۆكى زانكۆ وتى "ئەم خولە، خولێكى ئەزموونييە، لەبەر ئەوەى بە گوێرەى ڕێنمايي نوێ كراوەتەوە" لە ميانەى وتەكەيدا بەڕێز سەرۆكى زانكۆ ئەزموونى ٢٥ ساڵ كارى زانكۆيى و مامۆستايى بۆ بەشداربووان خستە ڕوو، بە مەبەستى پێدانى بەرچاو ڕوونى لەسەر كارى وانەبێژى و مامۆستايى و شێوازى وانە وتنەوە، لەو چوارچێوەيەشدا ژمارەيەك چيرۆكى خۆى گێرايەوە.

هەروەها سەرۆكى زانكۆ تيشكى خستە سەر گرنگيى خولەكە و پەرەپێدانى تواناكانى مامۆستايان كە بەشدارن لە خولەكەدا بۆ ئامادەكردنى سەركردەى بەهێز و متمانە بەخۆ لە پرۆسەى وانە وتنەوە و توێژينەوەدا. هەر بۆيە ئاماژەى بەوەدا پێويستە مامۆستايان ئەم خولە بە دوا وێستگەى خۆ پەروەردەكردن نەزانن و بەردەوام بن لە زيادكردنى ڕۆشنبيرى و پەرەپێدانى زياترى تواناكانيان.

ڕوانگەى زانكۆى كۆيە بۆ خولى ڕێگاكانى وانە وتنەوە

دواتر بەڕێز پ.ى.د.حەيدەر لەشكرى ياريدەدەرى سەرۆكى زانكۆ بۆ كاروبارى زانستى و خوێندنى باڵا تيشكى خستە سەر بەشەكانى خولەكە و فەلسەفەى خولى رێگاكانى وانە وتنەوە، جگە لە خستنە ڕووى ڕوانگەى زانكۆى كۆيە بۆ ئەم بابەتە.

بەڕێز لەشكرى وتى " خولەكە كاردەكات لەسەر بەرهەمهێنانى كاريگەرى زانكۆ لەسەر كۆمەڵگە و كاڵكردنەوەى سنوورەكانى نێوانيان، ئێمە دەمانەوێت ئەم بيرۆكەيە بە پراكتيك گەشەپێ بدەين و مامۆستايان بۆ ئەم بابەتە ئامادەبن، جگە لە ئامانجەكانى ترى پێشخستن و گەشەپێدانى تواناكان وەك مامۆستا لە هۆڵەكانى خوێندن و لە پرۆسەى توێژينەوەشدا، ئەمە بۆ ئێمە پرۆسەيەكى ئەزموونييە بۆيە زۆر ڕژدين لەسەر جێبەجێكردنى "

بەڕێز لەشكرى لە ميانەى قسەكانيدا تيشكى خستە سەر ڕێنماييەكانى پێدانى نازناوى زانستى، كە بەشداريكردن لە خولى ڕێگاكانى وانە وتنەوە و پەرەپێدانى تواناكان يەكێكە لە مەرجەكان.

دواتر بەڕێز د.جوان نورى سەرپەرشتيارى خولەكە تيشكى خستە سەر شێوازى بەڕێوەچوونى خولەكە و دابەشكردنى بابەت و كاتژمێرەكان

خولى رێگاكانى وانە وتنەوە و پەرەپێدانى تواناكان

بەرێز د.جوان نورى سەرپەرشتيارى خولەكە بە نووچەنامەى وت " ئەم خولە بەگوێرەى ڕێنماييەكانى وەزارەتى خوێندنى باڵايە، ١٢٠ كاتژمێر دەخايەنێت و پرۆسەيەكە بۆ ئامادەكردنى مامۆستا بۆ كردارى وانەوتنەوە لە زانكۆكان و يەكێكە لە مەرجەكانى وەرگرتنى نازناوى زانستى."

لەم خولەدا نزيكەى ٥٠ خاوەن بڕوانامەى ماستەر و دكتۆرا بەشدارن.

خولى رێگاكانى وانە وتنەوە

ئەم خولە بريتييە لە گەشەپێكردن و پەرەپێدانى تواناى مامۆستايان تاوەكو زياتر پەرە بە ڕەفتارى مامۆستايەتى بدەن لەناو پۆلدا. خولەكە چەندين بابەتى پەروەردەيى، دەروونى، تەكنيكى لە خۆدەگرێت بەتايبەت تەكنيكەكانى توێژينەوەن بەڕێوەبردنى پۆل، پەرەپێدانى تواناكان، گەشەپێدانى كەسايەتى، IT

ڕێبين حمد فەرمانبەرى زانكۆى ڕاپەرين، كە پسپۆرى لە جوگرافياى ئابووريە و توێژينەوەيەكى هەيە دەڵێت " ئەمرۆ يەكەم وانەمان خوێند، دەربارەى ئەتەكێت، سوودى باشمان لێ وەرگرت" هەروەها ڕێبين ئاماژەى بەوەدا سەرۆكايەتى زنكۆى كۆيە ئاسانكارى و ڕێوشوێنى پێويستى بۆ خولەكە دابين كردووە.

ئامادەكردنى : محەمەد مەغديد

وێنەكان : كاردۆ محەمەد