بەکارهێنانى ڕێگاکانى تەندرووستى و سەلامەتى

News #11, Issue 00, Jan 2014 | Núcey #11, Jhimarey 00, Mangí 12 Sallí 2014 | نوچەی 11، ژمارەی 00، مانگی 12 ساڵی 2014

بەکارهێنانى ڕێگاکانى تەندرووستى و سەلامەتى لە وۆرکشۆپێکى فاکەڵتى زانست و تەندرووستى دا

کاژێر (9)ى سەرلەبەیانى ڕۆژى چوارشەممە (1/10/2014) لە هۆڵى سەرۆکایەتى زانکۆى کۆیە بە ئامادەبوونى (د. خدر مەعسوم) سەرۆکى زانکۆى کۆیە و د. دیلان ڕۆشانى یاریدەدەرى سەرۆکى زانکۆى کۆیە بۆ کاروبارى زانستى و خوێندنى باڵا و د. شوان کەمال ڕاگرى فاکەڵتى زانست و تەندرووستى و د. فوئاد محەمەد ڕاگرى فاکەڵتى ئەندازیارى و مامۆستاو فەرمانبەران و خوێندکارانى خوێندنى باڵا وۆرکشۆپێک لەژێرناونیشانى (بەکارهێنانى ڕێگاکانى تەندرووستى و سەلامەتى بۆ کارمەندانى زانکۆ لە تاقیگەکاندا) ئەنجامدرا.

لەسەرەتادا ڕاگرى فاکەڵتى زانست و تەندروستى لە وتەیەکدا تیشکى خستە هۆکارەکانى ئەنجامدانى ئەو وۆرکشۆبە بۆ زیادکردنى ئاستى پاراستنى مامۆستاو فەرمانبەرو خوێندکارانى زانکۆ لەناو تاقیگەکاندا. دواتریش سەرۆکى زانکۆى کۆیە لەوتەیەکدا ویڕاى دەستخۆشى بۆ ئەنجامدانى ئەو وۆرکشۆپە هیواى خواست ساڵانە بەردەوام کۆنفراس و وۆرکشۆپ و سمینارى جۆراو جۆر ئەنجام بدرێت بۆ ئەوەى هەمووان لەنزیکەوە ئاگادارى زیانەکانى تاقیگەکان بن.. لەبەشێکى وتارەکەیدا هیواى سەرکەوتنى بۆ سەرجەم و مامۆستاو فەرمانبەرانى زانکۆ خواست و وتى ئەمڕۆکە وەکو سەرۆکى زانکۆ دواهەمین ڕۆژە لەگەڵتانم، بەڵام هەمیشە وەکو مامۆستاو هاوڕێیەک هەمیشە لەگەڵتان دەبم....

وابڕیارە ئەم وۆرکشۆپە (2) ڕۆژ بخایەنێت و (13) سمینار لە بوارەکانى چۆنیەتى خۆپاراستن لە بەکارهێنانى کۆمپیوتەر، مەترسیەکانى نەخۆشیە دەروونییەکان، ڕێنماییەکانى کارکردن لە تاقیگەکانى (فیزیا، کیمیا، بایۆلۆجى، مایکرۆبایۆلۆجى.... هتد) پێشکەش بکرێن. سەرجەم بڕیارو ڕاسپاردەکانیش بدرێتە لایەنى پەیوەندیدار بۆ ئاگاداربوون لەو مەترسیانە.

ئامادەکردنى: بەڕێوەبەرایەتى ڕاگەیاندنى زانکۆى کۆیە (گەڕانەوە بۆ لاپەڕەى سەرەكى)