ئەنفال يادەوەرييەكى لەياد نەچوو
News #15, Issue 04, April 2015 | نوچەی ١٥، ژمارەی 4، مانگی 4 ساڵی 2015 | Núcey #15, Jhimarey 04, Mangí 4 Sallí 2015
زانكۆى كۆيە، ساڵيادى ئەنفالى كردەوە
دواى ئەوەى حكومەتى بەعسى عێراق، لە ٢٩ی ئازاری ١٩٨٧ بڕیاری ژمارە ١٦٠ی دەرکرد و بە پێی ئەو بڕیارە ئەنفال لە ناوچە كوردييەكان ئەنجامدرا، حكومەتى هەرێمى كوردستانيش لە هەموو ساڵێكدا ١٤/ ٤ كردووە بەڕۆژى ئەنفال، لەم ڕۆژەشدا چەندين بۆنە و يادەوەرى دەگێڕدرێنەوە.
بۆ ئەم مەبەستە ڕۆژى سێشەممە ١٤/ ٤/ ٢٠١٥ كاژێر ١٠:٣٠ بەيانى لە هۆڵى مامۆستا تاهير بەكر بەشى كوردى فاكەڵتى پەروەردى زانكۆى كۆيە سمينارێكى زانستى لەژێرناونيشانى (ئەنفال يادەوەرييەكى لەياد نەچوو) بۆ خوێندكار (لەيلا فايەق) خوێندكارى قۆناغى دووەم كە خۆى گەرميانە و كەس و كارى ئەنفالكراوە بۆ مامۆستا و خوێندكارانى بەشەكە ڕێكخست.
لەسەرەتادا تيشكى خستە سەر ئەو بريارەى كە حكومەتى بەعس دەريكرد بۆ ئەنفالكردنى بەشێكى خاكى پيرۆزى كوردستان، بەجۆرێك بەر لە دەستپێکی پڕۆسەکە ھێزەکانی سوپای عێراق بەبەردەوامى تۆپبارانی ئەو ناوچانەيان دەكرد کە رژێم بڕيارى دابوو ئەنفال بكرێن. هەر بۆيە بەر لەئەنجامدانى پرۆسەكە ژمارەيەكى زۆرى هاولآتيانى كوردستان شەهيد و برينداربوون.
دواتريش باسى لە قۆناغەكانى ئەنفال كرد كە بە هەشت قۆناغ بەڕێوە چوو . كە بە ئەفالكردنى ناوچەكانى سەرگەڵو و بەرگەڵو لە ٢٣/ ٢ بۆ ١٩ /٣/ ١٩٨٨ دەستپێكرد و بە ئەنفالكردنى بادینان ٢٥/ ٨ بۆ ٦/ ٩/ ١٩٨٨ كۆتايى هات.
دواتريش باسى لەو قوربانيانە كرد كە لە هەر هەشت قۆناغەكە كورد تێيدا زەرەر مەند بوو بەجۆرێك ١٨٢٠٠٠ هەزار ڕۆڵەى ئەم گەلە بوونە قوربانى و چوونە ژێر گڵ.
(گەڕانەوە بۆ لاپەڕەى سەرەكى Press Room و زانينى هەواڵى زياترى زانكۆى كۆيە)