پۆستى ڕاگرى فەكەڵتى زانست و تەندروستى ئاڵوگۆڕ كرا

News #17, Issue 12, Dec 2015 | Núcey #17, Jhimarey 12, Mangí 12 Sallí 2015 | نوچەی ١٧، ژمارەى 12 مانگی 12 ساڵی 2015

دواى كۆتايى هاتنى ماوەى ياسايى بەڕێزان (ياريدەدەرى سەرۆكى زانكۆ بۆ كاروبارى كارگێڕى و دارايى ، ڕاگرى فەكەڵتى ئەندازيارى ، ڕاگرى فەكەڵتى زانست و تەندروستى) لە پۆستەكانيان ، وە دوا بە دواى ڕاگەياندنى ئەم سێ پۆستە لە ڕێگەى وێب سايتى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژينەوەى زانستى و پێگەى زانكۆمانەوە، ڕۆژى چوار شەممە ٧/ ١٠/ ٢٠١٥ لە سەرۆكايەتى زانكۆ بە ئامادەبوونى لێژنەى پەيوەنديدار بە گوێرەى فەرمانى وەزارى ژمارە (ن/١٠٩٩ لە ٢٣/ ٨/ ٢٠١٥ )، چاوپێكەوتن بۆ كانديدانى پۆستەكانى ئاماژەپێكراو لەسەرەوە بەڕێوەچوو؛ لەم چوارچێوەيەدا پۆستى ڕاگرى فەكەڵتى زانست و تەندروستى ئاڵوگۆڕ كرا.

ڕۆژى يەك شەممە ١٣ / ١٢ / ٢٠١٥ بە ئامادەبوونى بەڕێز پ.ى.د.وەلى مەحمود حەمەد سەرۆكى زانكۆ و بەڕێزان لە ئەنجوومەنى زانكۆ و سەرۆكى بەشەكانى فەكەڵتى زانست و تەندروستى، ئاڵوگۆڕ لە پۆستى ڕاگرى فەكەڵتى زانست و تەندروستى ئەنجامدرا.

بەهۆى كۆتايى هاتنى ماوەكەى و مانەوەى بۆماوەى چوار ساڵ وەك ڕاگرى فەكەڵتى زانست و تەندروستى، بەڕێز پ.ى.د.شوان كەمال ڕەشيد دەستى لەكارترازاند. بەڕێز د.شوان پسپۆرى مۆلیکولەر بایۆلۆجی و بایۆتەکنۆلۆجی (Molecular Biology and Pharmaceutical Biotechnology) يە و هاوكات سەرپەرشتيارى سەنتەرى توێژينەوەى جينات بووە لە زانكۆى كۆيە و خاوەنى چەند توێژينەوەى زانستى يە كە لە گۆڤارە خاوەن كاريگەرەكاندا (Impact Factor) بڵاوى كردۆتەوە. لە ئێستادا لە زانكۆى چەرمۆ وەك جێگرى سەرۆكى زانكۆ بۆ كاروبارى زانستى و خوێندنى باڵا كارەكانى ئەنجام دەدات.

لە هەمان ڕۆژدا بەڕێز پ.ى.د.تەها جەلال وەك ڕاگرى نوێ ى فەكەڵتى زانست و تەندروستى دەست بەكاربوو؛ بەڕێز د.تەها بۆ ماوەى زياتر لە ١٧ ساڵە مامۆستاى زانكۆيە، ساڵى ٢٠٠٣ ماستەرى لە زانكۆى سلێمانى وەرگرتووە و ساڵى ٢٠١٠ بڕوانامەى دكتۆراى لە زانكۆى كۆيە وەرگرتووە لە پسپۆرى كەڕووزانى - مايكۆلۆجى لە زانستى بايۆلۆجى، خاوەنى ٨ توێژينەوەى بڵاوكراوەيە و تەمەنى ٤٤ ساڵە.

لە ميانەى دانيشتنەكەدا بەڕێز پ.ى.د.وەلى مەحمود سەرۆكى زانكۆ لە وتەيەكى كورتدا وتى" دەستخۆشى لە بەڕێز د.شوان دەكەين و هەوڵ و ماندووبوونەكانى لە ماوەى ڕابردوودا لە زانكۆى كۆيە بەرزدەنرخێنين" هەروەها ئاماژەى بەوەدا زانكۆى كۆيە بە لايەوە گرانە دەستبەردارى بەڕێزيان ببێت، دواى گواستنەوەى ڕاژەكەشى داواى هاوكارى و هەماهەنگى لێدەكەين بۆ زانكۆمان. هەروەها سەبارەت بە بەڕێز ڕاگرى نوێ وتى "وێڕاى پيرۆزبايى لە بەڕێز د.تەها، هيوادارم هەموو لايەك بتوانين هاوكارى بكەين و بەڕوحيەتێكى نوێ كارەكانى پلانڕێژ بكات، وە پێويستە سەرۆك بەش و مامۆستا و ستافەكەى پاڵپشتى بن و هاوكاربن لەگەڵيدا" هەروەها هيواى سەركەوتنى بۆ خواست لە كارەكانيدا؛ پاشان هەريەكە لە بەڕێزان ڕاگرى پێشوو و نوێ وتەيەكى كورتيان پێشكەشكرد دەربارەى گرنگى ئاڵوگۆڕى پۆستە كارگێڕيەكان لە چوارچێوەى قازانجى زانستيدا، بۆ جێبەجێكردنى بيرۆكە و پرۆژە گەڵاڵەكراوەكان و كەڵك وەرگرتن لە ئەزموونە كۆكراوەكان.

لە كۆتاييشدا بەرێز سەرۆكى زانكۆ هيواى سەركەوتنى بۆ خواستن لە كارى نوێياندا.

دەربارەى فەكەڵتى زانست و تەندروستى :

فەكەڵتى زانست و تەندروستى يەكێكە لە فاكەڵتييە سەرەكيەكانى زانكۆى كۆيە، لە ساڵى ٢٠١٠ لە ئاوێتەكردنى كۆلێژەكانى زانست و كشتوكاڵ پێكهاتووە و حەوت بەشى گرنگى لەخۆگرتووە، بەشەكانى : بايۆلۆجى، كيميا، ماتماتيك، فيزيا، كلينيكەڵ سايكۆلۆجى، مێديكەڵ مايكرۆبايۆلۆجى. هەروەها سەنتەرى توێژينەوەى جينات ، بۆ زانيارى زياتر كليك لێرە بكە.

ئامادەكردنى : ژوورى هەواڵ

بۆ خوێندنەوەى نووچەى پتر، كليك لێرە بكە.