وتارى سەرۆكى زانكۆى كۆيە لە كۆنفرانسى ژينگەدا

News #12, Issue 16, April 2016 | Núcey #12, Jhimarey 16, Mangí 4 Sallí 2016 | نوچەی 12، ژمارەى 16 مانگی 4 ساڵی 2016

بەشى جوگرافيا لە فەكەڵتى پەروەردەى زانكۆمان، لە رۆژى ژينگەى كوردستاندا، كۆنفرانسێكى ژينگەيى ڕێكخست، لەو كۆنفرانسەدا بەڕێز سەرۆكى زانكۆى كۆيە وتەيەكى پێشكەش كرد، ئەمەى خوارەوە دەقى وتەكەيە:

بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان

ئامادەبووانی بەرێز

خوێندکاران و مامۆستایانی خۆشەویست

خۆشحالم کەوا ئەمرۆ هەموو لێرە لە زانکۆی کۆیە لە رۆژێکی وا گرنگ کەوا هەمووان خاوەنین و هیچ حیزب و لایەن و تاقمێک بە تەنیا خاوەنی گرنگی پێدان بەم رۆژە نیە، کۆبووینەوە.

من خۆشحالتر دەبووم ئەگەر کارەکان و بیرۆکە و چالاکییەکانی ئەمڕۆمان لە ئاستێکی بەرزتر و شیاو بوونایە بە زانکۆ، بەڵام بەداخەوەین کە قەیرانی دارایی و باری لاری زانکۆمان بووە کە یەکێک لە لەمپەرەکانە کە نەتوانراوە کارەکانمان لە ئاستێکی بەرزتر بن. هیوادارم هەم ئێوە بمانبەخشن و هەم لێژنەی پێکهاتوو بۆ ئەم کارە لە ساڵی ئایندە بە هەماهەنگی خەڵکی تری ناو زانکۆ و دەرەوەی زانکۆ، کاری باشتر و چاکتر و زۆرتر ئەنجام بدەن.

وشەی ژینگە واتە ئەو شوێنەی شیاوە بۆ ژیان بۆیە هەر لە سەرنج دان لە وشەکە تێدەگەین کە دەبێ ئەو شوێنەی لێ دەژین (شیاو بێ بۆ ژیان و بۆ تەندروستی و تا دەکرێت جوان بێت و پاك رابگیرێت، بەڵام وەک دیارە لەگەڵ بوونی ژیان و زۆربوونی مرۆڤەکان و زۆربوونی پێداویستیەکان بەردەوامیان و تەواوبوونی شتە سروشتیيەکان، کەل و پەلە دروست کراوەکان دەبنە پێداویستیەکانی ژیان کە بەداخەوەم بە دەستی مرۆڤەکان دروست کراون، بەڵام هۆکاری سەرەکی و گەورەن بۆ پیس کردن و پیس بوونی ژینگە، بەڵام دوای ئەوە مرۆڤ گەیشتە ئەو راستیەی کە دەبێ بە هەموو توانایەکیان رووبەرووی ئەم تێکدانەی ژینگە ببنەوە.

سەدان و هەزاران پلان و یاسا و رێنمایی و کردار و لێکۆڵینەوە لە سەرتاسەری جیهان دەستی پێ کردووە، و ساڵانە بودجە و خەرجی زۆر دەکرێت بۆ دەست گرتن بە زیاتر پیس نەبوونی ئەم ژینگەیە کە بریتیە لە خاک و زەوی و ئاسمان.

ئامادەبووانی بەرێز:

ژینگەی کوردستان تا ئێستاش لە ژینگە پاکەکانە، بەڵام بەو واتایەش نیە کە پیس بوون بەرێوە نیە و ئەوەی لێمان دیارە لە هۆکارەکانی پیس بوون ئەمانەن:

١_ سەرەتای بەکارهێنانی مەوادی نایلۆنی و پلاستیکی بە شێوەیەکی بەربڵاو. (و لە ماڵەوە لە گەشتەکانمان باش و گونجاو مامەڵەی لەگەڵ ناکەین) وە لە دونیا و دەرەوە یان وازیان لێ دێنین یاخود باش کۆی بکەنەوە.

٢_ پرۆسەی پیترۆکیمیاویاتی کوردستان هەر لە دەرهێنان و ناردن و تارادەیەک پاڵاوتن و شێوازی مامەڵە کردن لەگەڵ دووکەڵ و پاشەرۆکانی، خەریکی ژینگە پیس کردنن.

٣_ بێ پلانی لە دانانی شوێنی کارگە و پاڵاوگە و باش جێ بەجێ نەکردنی یاساکانی پەیوەست بەم بابەتە و رێنماییەکانی دەستەى ژینگە.

٤_ خاشاک و ئاوەرۆی شارەکان بە تایبەت گەورەکان کاریگەری خراپیان هەیە لەسەر پیس بوونی ژینگەکەمان.

بۆیە ئەگەر بە خێرایی و بەدڵسۆزی و بوێری بەرەوڕوو ببنەوە و پلانی خێرا دابنێین دەتوانین تا رادەیەکی باش کۆنترۆلی پیس بوونی ژینگەی کورستان بکەین.

من لەم رۆژەدا نامەوێ زیاتر قسە بکەم بەڵام بە خێرایی چەند پێشنیارێکی تایبەت بە شاری کۆیە دەخەمە بەردەستی قائم مقام و شارەوانی و پسپۆرانی زانکۆمان بۆ کارکردن لەسەری.

یەکەم: کۆمپانیان پاپاگروپ وەک لە گرێبەستەکەی دا هەیە کارگەی (recycling)ە کە دابنێ و چیتر ئەو بابەتە دوا نەخرێت.

دووەم: چونکە کۆیە لە زۆربەی هەرە زۆری شارەکانی کوردستان لە رووی ئاوەڕۆوە باشە و بەرزی و نزمی شارەکەش گونجاوە، پرۆژەی (معالجەی میاە الشغیلە) و سوود وەرگرتن لە ئاوەکە دووبارە بۆ سەوزکردنی شار بخاتە پلانی ئایندەی.

سێیەم: لەگەڵ کۆمپانیای (TTopco) بکەوێتە گفتگۆ کە لە قەرەبووی دووکەڵ و پیس کردنی ژینگەی شار و شەقاماکان پارکی هەواوان و شەقاماکانی تەواو بکات و هیچ دواخستن و ئەنجام نەدان قبوول نەکات.

و داواکارم لە پسپۆرانی زانکۆشمان دەست بکەن بە توێژینەوەی ژینگەی کۆیە لە هەموو روویەکەوە لە لایەک و لە لایەکی تریش خەونێکی بەندە بهێننە دى كەهەر لە سەرەتای دامەزرانی زانکۆی کۆیە داوام کرد کە کۆلێژی زانستی ئەوکات دوای بەشەکانی کیمیا و بایۆلۆجی و فیزیا، بەشی Environment بکرێتەوە واتە ژینگە بۆیە پرۆپۆزێلی ئەم بەشە کاری لەسەر بکرێت.

سپاس بۆ گوێگرتنتان