بە بڕى هەشتا هەزار دۆلار بەشى ناوخۆيى يەكى كوڕان نۆژەنكرايەوە

ماوەى دە ساڵە باڵەخانەى بەشە ناوخۆيى يەك كە تايبەت بە مانەوەى خوێندكارانى كوڕ دروستكراوە، ئەمساڵ بە تەواوى نۆژەنكرايەوە و ئێستا لە دۆخێكى زۆر گونجاودايە بۆ مانەوە.

بە مەبەستى بينيى ئەنجامى ماندوبوونى شەش مانگ كاركردنى گروپێك لە كارمەندانى زانكۆمان، ڕۆژى سێ شەممە ٢٢ / ١٢ / ٢٠١٥ كاتژمێر ٩ى بەيانى بەڕێزان سەرۆكى زانكۆ و ئەندامانى ئەنجوومەنى زانكۆ و بەڕێوەبەرايەتييەكانى تەندروستى و سەلامەتى و ئەندازە و پرۆژەكان و ڕاگەياندن ، پرۆژەكەيان بەسەركردەوە و تەواوى باڵەخانەكە و شوێنەكانى كاركردنيان لە نزيكەوە بينى؛ وردەكارى و زانيارى پتريشيان لە بەڕێزان بەڕێوەبەرى بەشە ناوخۆييەكان و ئەندازە و پرۆژەكان وەرگرت. هەروەها بە سەركەوتوويى كارەكە دڵخۆش بوون بە دابينكردنى شوێنێكى گونجاوتر بۆ خوێندكارانى زانكۆمان .

بەڕێز ئەندازيار بۆتان ئەنوەر بەڕێوەبەرى ئەندازە و پرۆژەكانى زانكۆ دەڵێت " تيمێكى بەڕێوەبەرايەتى ئەندازە و پرۆژەكان بە هاوكارى بەشى چاككردنەوەى زانكۆمان پرۆژەى نۆژەنكردنەوەكەيان جێ بە جێ كردووە بە بڕى هەشتا هەزار دۆلار لە ماوەى شەش مانگدا بە شێوەيەكى ئەندازەيى ڕێك و پێك و سەركەوتووانە"

بەڕێز د.دەريا جەمال حەوێزى بەرێوەبەرى بەشە ناوخۆييەكان سەبارەت بەم بەشى ناوخۆييە دەلێت "زياتر لە دەساڵە ئەم بەشە ناوخۆييە دروستكراوە و پێويستى بە نۆژەنكردنەوەيەكى تەواوەتى هەبوو بۆ پاراستنى باڵەخانەكە و فەراهەم كردنى دۆخێكى گونجاوتر بۆ خوێندكاران" وتيشى لە ئێستادا نزيكەى ٥٧٠ خوێندكار لەم باڵەخانەيە نيشتەجێ بۆتن، ئەمەش ژمارەيەكى نموونەييە لە بارودۆخێكى وەهادا.

زانكۆى كۆيە خاوەنى پێنج باڵەخانەى گەورەى بەشەى ناوخۆييە، دوويان تايبەتە بە كچان و سێ باڵەخانەش تايبەتن بە كوڕان . لە ئێستادا زياتر لە ٣٤٠٠ خوێندكار لە بەشى ناوخۆيى دەمێننەوە.

ئامادەكردنى : ژوورى هەواڵ

وێنەكان : كاردۆ محەمەد