د. صلاح الجابري لەبارەى ديدارى هاوبەشى زانكۆى كۆيە و زانكۆى بەغدا دەدوێت
News #14, Issue 52 , Apr 2019 | Núcey #14, Jhimarey 52, Mangí 04 Sallí 2019 | نوچەی 14، ژمارەى 52 - مانگی 04 ساڵی 2019
د.صلاح الجابري ڕاگرى كۆلێژى ئاداب لە زانكۆى بەغدا و ئەندامى ليژنەى ئامادەكارى ديدارەكە ديدارى زانستى هاوبەشى زانكۆى كۆيە و زانكۆى بەغداد كە ڕۆژانى ٢٨ و ٢٩ى نيسانى ٢٠١٩ لە زانكۆى كۆيە بەڕێوەچوو بە ناونيشانى (ڕۆشنبيرى و دۆزى بەيەكەوە ژيانى هاوبەش لە چوارچێوەى ديالۆگى عەرەبى كوردى لە عيراقدا و بە پێويستمانى زانى چەند پرسيارێكى ڕووبەڕوو بكەينەوە بۆ زياتر ئاشنابوون بە بيرو بۆچوونيان و ئەجێنداى كارو توێژينەوەكانيان لە ديدارەكەدا.
ژورى هەواڵ: هۆكارى ئەنجامدانى ئەم ديدارە بۆچى دەگەڕێننەوە؟
صلاح الجابري: ئەم ديدارە ئەكاديمى زانستييە كەلەلايەن زانكۆكانى بەغدا و كۆيە بەهاوبەشى ڕێكخراوە، لەپێناو ڕەخساندنى كەش و هەوايەكى لەبارە بۆ لەيەكترى تێگەيشتن و ديالۆگى ڕۆشنبيرى ڕاستەقينە بەتايبەت لەگەڵ هەبوونى كۆمەڵێك ناكۆكى و جياوازى لە بۆچوونى سياسى. هەربۆيەش بە پێويستمان زانى كاربكەين لەسەر لەيەكترى نزيك بوونەوەوزياتر ئاشنابوونى پێكهاتەكانى گەلى عيراق و هەروەك پێمان وايە دەبێت ڕۆشنبيران ژێرخان و بنەمايەكى ڕۆشنبيرى دابڕێژن بۆ ئەم جۆرە ديدار و گفتو گۆو دانيشتنانە لە پێناو بەدەستهێنانى ئەنجامى ڕاستەقينەو سياسەتێكى تەندروست.
هەموو ئەمانەش بەوەدەكرێن هەموو تاكێك هەست بەوە بكاتبەشێكە لەم وڵاتەو ماف و ئەركى هاوبەشى هەيە و هەركاتێك گەلى كورد هەستى كرد بەرژەوەندييەكانى بەستراوەتەوە بە عيراق و گەلى عەرەب، ئەوا پەيوەندييەكە توندو تۆڵ دەبێت و ئەمەش بەوە دەكرێت وابكرێت كورد هەست بەوە بكات لە ژينگەيەكى هەمەڕنگ و فرەكەلتور و فرە نەتەوە دەژيت و ئەم سيستم و وڵاتە ناسنامەو مافەكانى دەپارێزێت. هەر بەم جۆرە عێراق دەبێتە فاكتەرێك بۆ ڕاكێشانى گەلى كورد و وابەستەبوونى نەك دووركەوتنەوە و دابڕانى.
يەك پارچەيى عێراق بەوە دەپارێزرێت پێكهاتە ئايينى و نەتەوەييەكانى ئايندەيان پارێزراوبێت و دەوڵەت بە دەستور مافەكانيان دابين بكات بەپێچەوانەوە لەبەر يەكترى هەڵدەوەشێتەوە.
گەلى كورد درووستكەرى شارستانيەت و ڕۆشنبيرى عێراقە بەر لە ئيسلام و لەسەردەمى ئيسلام و تائێستاش هەميشە پێكهاتەيەكى پێكهاتەيەكى سەرەكى ئەم وڵاتە بووەو دەشبێت. درووستكردنى ڕەگەزو فاكتەرى پەيوەست بوون و هاوسۆزى و بەيەكەوە ژيان لەلايەن حكومەتى ناوەندەوە زۆر پێويستە و ئەويش بەبەخشين و دابين كردنى سەرجەم مافەكانى هاووڵاتى بوون دەبێت.
ژورى هەواڵ: پێتان وايە ئەم جۆرە ديدار و ديالۆگانە كاردەكاتە سەر بڕيار و بيرو بۆچوونى سياسييەكان؟
صلاح الجابري: ئەم ديدارە ڕێكخراوە لەگەڵ زانكۆى كۆيە بە هاوبەشى ڕێكخراوە لەسەر بنەماو مەبدەئى ديالۆگ بەجۆرێك كاتێك باسى ئەم مەبدەئە دەكەيت ، دەبێت دەستبەردارى ئايديۆلۆژيا و ئينتماى سياسى و هەندێك لە بۆچوونەكانت بيت، بۆئەوەى بچيتە ناو ديالۆگێكى ڕۆشنبيرى ڕاستەقينەو سەركەوتووانە لێى دەربچيت.
كاتێك گفتوگۆ دەكەين پێويستە گوێ لە ڕاوبۆچوونى لايەنى بەرانبەر بگرين و لەمەبەست و خواست و ئامانجەكانى تێبگەين و هەموو ناكۆكى و ململانێ وبۆچوونە جياوازەكان وەلا بنێين و حوكمێكى پێش وەخت نەدەين كە وابەستەى يادو يادەوەرييە ناوەكى و بايۆلۆژى و دەرەكييەكانمان بێت.
گەلى كورد تۆمار و يادەوەرى خراپ و ناخۆشى هەيە لەگەڵ ڕژێمى پێشووى عيراق بەهۆى جينۆسايد و كۆمەڵكوژى و ئەو نەهامەتيانەى بەسەرى هات، بەڵام هاوكات گەلى عەرەبيش لە باشور دووچارى هەمان كارەسات بۆوە و بەمەش دەتوانين بڵێين خاڵى هاوبەش لەنێوان هەردوو لادا بوونى هەيە پێويستە بيكەينە بنەمايەك بۆ نزيك بوونەوە لەيەكترى تێگەيشتن.
من كاتێك ديالۆگ لەگەڵ كورد دەكەم لەسەر ئەو بنەمايە نايكەم كە من عەرەبم ئەويش كوردە! بەڵكو لەو ڕوانگەيەوە كە هەردووكمان لە يەك وڵاتدا وە برا و هاوبەش لەسەر يەك خاك دەژين و مێژوو و بەرژەوزەندى هاوبەش كۆمان دەكاتەوە.
ژورى هەواڵ: دواى ڕيفراندۆم گرژى و ئاڵۆزى نێوان كورد و عەرەب گەيشتە ئاستى دژايەتى و ململانێى تاكەكانى كۆمەڵ لەهەردوولا! دواى ديدار و ديالۆگە پڕۆژەتان چييە بۆ ئەوەى لێك تێگەيشتن درووست ببێت و ئەم گرژى و ناكۆكييانە لە بيربكرێن؟
صلاح الجابري: ئەم گرژييانە ڕەنگدانەوەى هەڵوێستە سياسييەكان بوون و چارەسەرى ئەمەش بە هاتنە پێشى ڕۆشنبير و ئەكاديمييەكان دەبێت بۆئەوەى بەپێى كات مەبەستم لەگەڵ بەسەرچوونى كات، گرژييەكان كاڵ بكرێنەوە.
ژورى هەواڵ: هيچ پڕۆژەيەكتان هەيە بۆ چاپكردنى چەند كتێب و بڵاوكراوەيەك لەم بارەوە و لەدواى كۆتايى هاتنى ئەم ديدارە؟
صلاح الجابري: بەڵێ توێژينەوەكانى ئەم ديدارە چاپ و بڵاو دەكرێنەوە و بەرنامەى ئەوەشمان هەيە ديدارى داهاتوو لە بەغدا سازبكرێت و ئامادەكارى بۆ دەكەين ديالۆگ سازبكەين لە پێناو لەيەكترى تێگەيشتن نەك ديالۆگ لەپێناوى هيچ.
ديالۆگى سياسييەكان تەواو جياوازە لەم جۆرە ديدارە زانستيانە. ئەوان مەبەستم سياسييەكان بيرو بۆچوونى خۆيان هەيە و بەسەر بەرانبەرەكەيانى دەسەپێنن. بەڵام من و تۆى ڕۆشنبير، دەمانەوێت بەرچاو ڕوونى بدەين بەيەكترى بەوەى كە خاوەنى مێژوو و كلتورى هاوبەشين و دەمانەوێت وەك برا بژين بەيەكەوە لە ژينگە و وڵاتێكى فرە ڕەنگ و فرە كلتور و نەتەوەى دەوڵەمەند بە هزرو ڕۆشنبيرى و ئابورى بەهێز.
گەلى كورد لەسەردەمى ڕژێمى ديكتاتۆرى پێشوودا ڕووبەڕووى دووجۆر جينۆسايد و سەركوتكردن بۆتەوە.
يەكەميان: جينۆسايدى جەستەيى لەشێوەى كيميا باران و ئەنفال و زيندە بەچاڵكردن.
دووەميان: جينۆسايدى كلتورى و فەرهەنگى، بەوەى كە لە زمان و كلتورى خۆيان بێبەش كرابوون و لێيان قەدەغەكرابوو و منيش لەم بارەوە نووسيومە و بڵاوم كردۆتەوە.
ئێستا ئێمە بەتاسەوەين گوێمان لە زمان و ئەدەب و شيعرى كوردى بێت و لە زانكۆى بەغداش بيرمان لەوە كردۆتەوە چۆن بتوانين چەند مامۆستايەكى زمانى كوردى بهێنين كە كوردى زمانى دايكيان بێت و لە زانكۆكەمان لە بەغدا وانە بە خوێندكارەكانمان بڵێنەوە لە بەشى زمانى كوردى و منيش وەك ڕاگرى كۆلێژى ئاداب هيوادارم بتوانم بەشى زمان و ئەدەبى كوردى لە كۆلێژەكەمان بكەمەوە واش پێويستە هەموومان فێرى بين و بيخوێنين وەك ئەوەى زمانەكانى سۆمەرى و بزمارى دەخوێنين لەبەشى شوێنەوار.
لەكەنەدا زمانەكانى ئينگليزى و فەرەنسى دەخوێنن و لەئەنجامدا هەمووان زمانى يەكترى دەخوێنن و دەيزانن. لە هەرێمى كوردستان زۆرێك لە خەڵكى بە عەرەبى قسەدەكەن، بەڵام بەداخەوە لە بەغدا كەم كەس كوردى دەزانن.
ئەو ڕێگايەى كە لەبەغداوە بە وشكانى پێيدا هاتين بۆ هەولێر، ڕێگايەك نييە لە وڵاتێك كە بيەوێت يەك پارچەبێتو يەكێتى خاكەكەى بپارێزێـت. ئەم ڕێگايە گوزارشت دەكات لە پەيوەندييەكى سياسى لەبەريەك هەڵوەشاوە ، چونكە ڕێگاكە لەبەر يەك هەڵوەشاوەتەوە.
ئەگەر حكومەتى بەغدا بيەوێت پەيوەندييەكان لەگەڵ هەرێمى كوردستان باش بكات، ئەوا پێويستە سەرەتا باشترين ڕێگاو بان درووست بكات بۆئەوەى پەيوەندى سياسى و ئابورى و بازرگانى و ڕۆشنبيرى دوولايەنە پتەوبێت. بەڵام كە نايكەن لەبەر بوونى ململانێى ململانێى سياسييە.
لە كۆتاييدا هيوادارين ئەم ديدارە ئەكاديمى ڕۆشنبيرييە بونياتنەربێت وئەنجامى ئەرێنى بەدواوە بێت بۆ ديالۆگێكى سەركەوتوو و ئايندەيەكى گەش.
چاوپێكەوتن و وەرگێڕان : سامان نەسرەدين