سەرۆكى زانكۆ سەردانى بەشەكانى خوێندنى ئێواران دەكات
News #18, Issue 13, Jan 2016 | Núcey #18, Jhimarey 13, Mangí 1 Sallí 2016 | نوچەی ١٨، ژمارەى ١٣ مانگی 1 ساڵی 2016
بە ئامانجى چاوپێكەوتنى مامۆستايان و خوێندكارانى بەشەكانى خوێندنى ئێواران، بەڕێز پ.ى.د.وەلى مەحمود حەمەد سەرۆكى زانكۆ، بە ئامادەبوونى بەرێز پ.ى.د.سەعيد ساڵح حەمەدەمين سەردانى هەريەك لە بەشەكانى ياسا و خوێندنى بنەڕەتى كرد.
ڕۆژى چوارشەممە ٢٠ / ١ / ٢٠١٦ كاتژمێر ٥:٣٠ خولەكى ئێوارە سەردانى بەشى خوێندنى بنەڕەتى ئێوارانى كرد و لەلايەن بەڕێزان سەرۆكى بەش و مامۆستايانەوە پێشوازيكر، دواتر لە هۆڵى سمينارات لەگەڵ خوێندكارانى قۆناغى يەكەم چاوپێكەوتنى كرد.
بەڕێز سەرۆكى زانكۆ بە خوێندكارانى وت "بارودۆخى ئێوە جياوازە لەگەڵ خوێندكارانى ديكەى زانكۆمان، ئێوە پسپۆرى و كارى داهاتووتان ديارە و بەرپرسيارێتى گەورەتان لەسەر شانە، ئێوەى بەڕێز نابێت بەتەنها بۆ بەدەست هێنانى بڕوانامە بێنە زانكۆ، بەڵكو ئامانج لە كردنەوەى بەشى ئێواران، بەرزكردنەوەى ئاستى زانستى مامۆستايانە، پاشانيش هى پرۆسەى پەروەردە و فێركردن، ئەمەش لە پێناوى جێبەجێكردنى باشترين شێوازى پەروەردەكردنى ڕۆڵەكانى كۆمەڵگەكەمان، هەر بۆيە نابێت خۆتان لەو بەرپرسيارێتيە بێ بەرى بكەن"
لە بارەى پابەندبوون بە دەوامەوە، بەڕێز سەرۆكى زانكۆ وتى "داواتان لێدەكەين پابەندى تەواوبكەن بە كاتى دەوامەوە و بەردەوام بن لە پرۆسەى خوێندن، چونكە كەرتى پەروەردە پێويستيەكى زۆرى پێتانە و گرنگە بە ئاستێكى بەرز زانكۆ تەواو بكەن" هەروەها وتى "بۆ بەديهێنانى ئامانجەكانى كردنەوەى بەشى خوێندنى بنەڕەتى هەموومان بەپرسيارانە مامەڵە دەكەين و هاوكارى يەكتر دەكەين كە بتوانين خوێندنێكى سەركەوتووتان بۆ دابين بكەين"
پاشان بەرێز پ.ى.د.سەعيد ساڵح ياريدەدەرى سەرۆكى زانكۆ بۆ كاروبارى كارگێڕى و دارايى، دەربارەى كێشە و گرفتەكان گفتوگۆى لەگەڵ خوێندكاران كرد و ئاماژەيدا بە دابينكردنى كەشێكى گونجاوى خوێندن بۆيان.
دواتر بەڕێزان سەرۆكى زانكۆ و جێگرەكەى سەردانى بەشى ياساى ئێوارانيان كرد لە باڵەخانەى فەكەڵتى زانستە مرۆڤايەتى و كۆمەڵايەتييەكان. بەڕێز سەرۆكى زانكۆ بە خوێندكارانى وت"زانكۆى كۆيە بەڵێنى خۆى دەباتە سەر لە بارەى كرێى خوێندنتان لە زانكۆ و بەهەموو شێوەيەك داكۆكيتان لێدەكەين، لەگەڵ ئەوەى داشكانێكى ناوازە بۆ كرێى خوێندن كراوە"
هەروەها وتى "ئێستا زانكۆى كۆيە يەكێكە لە زانكۆ پێشەنگەكانى هەرێمى كوردستان و ئێوە خۆش بەختن كە لە زانكۆى كۆيەدا خوێندنى زانكۆييتان تەواو دەكەن". لە بارەى پابەندبوونيان بە كاتى دەوامەوە وتى "ئێوە خوێندكارى بەشى ياسان، پابەندبوونتان بە دەوامەوە دەتانكاتە پارێزەر و مافناسێكى سەركەوتوو و شارەزاى ياسا" لە كۆتاييشدا هيواى سەركەوتنى بۆ خواستن لە خوێندنيان لە بەشى ياسا.
وێنە: كاردۆ محەمەد