(6) سەرۆکى تۆڕى لێکۆڵینەوەى عێراقى – سویدى سەردانى زانکۆى کۆیەی کرد

ئەمڕۆ ڕێکەوتی ١٩/ ١/ ٢٠١٩ بەڕێز د. سمیر الجبوری سەرۆکى تۆڕى لێکۆڵینەوەى عێراقى – سویدى سەردانى زانکۆى کۆیەی کرد.

تۆڕى لێکۆڵینەوەى عێراقى – سویدى یەکێکە لە پاشکۆکانى سەنتەرى سەرەکیى سەنتەرى لێکۆڵینەوەکانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست، کە ئەویش سەر بە زانکۆى (لۆند)ى باشوورى وڵاتى سویدە، ئەو زانکۆیە یەکێکە لە زانکۆ بەناوبانگەکانى جیهان و لە پلەى (163)دایە لە ڕیزبەندى زانکۆکانى جیهان.

دواتر لە کۆبوونەوەیەکى ئاساییدا لە نوسینگەى بەڕێز سەرۆکى زانکۆ بە ئامادەبوونى هەردوو بەڕێزان و هەر یەکە لە بەڕێزان پ.ى.د. حەیدەر لەشکرى (ی.سەرۆکى زانکۆ بۆ کاروبارى زانستى و خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى)، پ.ى.د. ڕۆستەم سەلام عەزیز (ی. سەرۆکى زانکۆ بۆ کاروبارى کارگێڕى و دارایی)، بەڕێز د.هاوکار باپیر بەکر (بەڕێوەبەرى پەیوەندییەکان)، بەڕێز پ.ى.د. دەریا جەمال حەوێزى (بەڕێوەبەرى ڕاگەیاندن) و بەڕێز پ.ى.د. ڤیان سلێمان حەمەسەعید (سەرۆکى بەشى کارگێڕى) ئامادەى کۆبوونەوەکە بوون.

لە دەستپێکى کۆبوونەوەکەدا بەڕێز پ.د. وەلى مەحمود حەمەد کورتەیەکى لە بارەى زانکۆى کۆیە پێشکەش کرد و ئاماژەى بەوە کرد: لە زانکۆمان چەند بەشێک هەیە، کەوا لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان و عێراق بەشى لەم شێوەیە نییە، یان ئەگەر هەشبێت لەو ئاستە ئەکادیمییە بەرزەدا نین، بۆ نموونە بەشى ئەندازیاریى نەوت، بەشى ئەندازیاریى کیمیایی، بەشى ئەندازیاریى دروستکردن، هەروەها بەشى (کلینیکەڵ سایکۆلۆجى) کەوا تا ئێستا بەشى هاوشێوە لە زانکۆکانى هەرێمدا نییە.

سەرۆکى زانکۆى کۆیە ئامادەییی زانکۆى دەربڕى بۆ پێشوازیکردن لەهەر مامۆستایەک لە زانکۆکەیانەوە، ئەگەر بیەوێت وەک مامۆستاى سەردان لە بەشێکى زانکۆمان وانەبڵێتەوە.

دواتر لەنێوان زانکۆى کۆیە و تۆڕى لێکۆڵینەوەى عێراقى – سویدى لێکتێگەیشتنێکى هاوبەش واژۆ کرا، کە ئامانج لەم لێکتێگەیشتنە دروستکردنى پەیوەندیى ئەکادیمییە.

ئامادەکردن: بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندن

وێنە: دڵشاد کاکەڕەش