issue 64 (2)

لە کەمپینێکی مامۆستایانی زانکۆی کۆیە، هەمو زانکۆکانی کوردستان سودمەند دەبن

د. هیوا سلام خالد مامۆستا لە بەشی کوردیی زانکۆی کۆیە، بە هاوکاریی زانکۆی کۆیە کەمپینێکی بۆ زیادکردنی زمانی کوردی بۆ سیستەمی گۆڤاری کراوە 'Open Journal System' ڕاگەیاند. دوای ئەوەی مامۆستای ناوبراو بە هاوکاری و پاڵپشتی بەشێک لە مامۆستایانی زانکۆکەمان ئەرکی وەرگێڕانی سیستەمەکەیان بۆ سەر زمانی کوردی لە ئەستۆ گرت، بەڕێوەبەرانی سیستەمەکە ڕەزامەندییان لەسەر زیادکردنی زمانی کوردی دەربڕی و لە چەند ڕۆژی ئاییندەدا و لە وەشانی نوێی سیستەمەکەدا، زمانی کوردی زیاد دەبێت. بەم شێوەیەش زۆرینەی گۆڤارە زانستییەکانی زانکۆکانی کوردستان لەم پڕۆژەیە سودمەند دەبن و دەتوانن زمانی شیرینی کوردی بۆ گۆڤارەکانیان زیاد بکەن، کە پێشتر بەردەست نەبو. پێشتر توێژینەوە کوردییەکان لەسەر سیستەمی عەرەبی بار دەکران و مامۆستایانی زانکۆکان و بەڕێوەبەرانی گۆڤارە زانستییەکانی زانکۆکانی کوردستان سودیان لە زمانەکانی دیکە بۆ بەڕێکردنی کارەکانیان دەبینی. بەڵام لە وەشانی 3.2.0-2 بۆ یەکەم جار زمانی کوردی زیاد دەبێت. بۆ ئەمەش پیرۆزبایی لە تەواوی خەمخۆرانی زانست و بە تایبەت زمانی کوردی دەکەین. ئەمانە بەشێکن لەو گۆڤارە زانستییانەی کە لەم خزمەتگوزارییە سودمەند دەبن:

گۆڤاری زانستیی ئارۆ – زانکۆی کۆیە

گۆڤاری زانستیی زانکۆی کۆیە بۆ زانستە مرۆڤایەتی و کۆمەڵایەتییەکان

گۆڤاری زانستیی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی

گۆڤاری زانستیی زانکۆی دهۆک

گۆڤاریی زانستیی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر

گۆڤاری زانستیی زانکۆی جیهان

گۆڤاری زانستیی زانکۆی گەشەپێدانی مرۆیی

گۆڤاری زانستیی زانکۆی کوردستان لە هەولێر

گۆڤاری زانستیی زانکۆی نەورۆز