ئەنجامەکانی خولی دوهەمی پرۆژەی مرحبا ڕاگەيێندرا و زانكۆى كۆيە زۆرترين كورسى مسۆگەركردووە

News #09, Issue 18, June 2016 | Núcey #09, Jhimarey 18, Mangí 6 Sallí 2016 | نوچەی 9، ژمارەى 18 مانگی 6 ساڵی 2016

ڕۆژی پێنجشەممە 26 مانگی پێنجی 2016 ئەنجامەکانی خولی دوهەمی پرۆژەی مرحبا ڕاگەيێندرا.

خوازیارانی زانکۆی کۆیە وەکو خولی پێشوو توانیان بە ڕێژەیەکی بەرز جێگايەک بۆ خۆیان بەدەست بێنن.

بەڕێز د دیلان مجید رۆستەم بەرپرسی پرۆگرامی مرحبا لە زانکۆی کۆیە لە لێدوانێک بۆ نووچەنامەی زانکۆ ئاماژە بەوە دەکات کە بە "گوێرەى ڕاگەيەندراوى پرۆگرامى مرحبا، زانكۆى كۆيە توانيويەتى ١١ سكۆلەرشيپ لە خولی ئەمساڵ بۆ خۆی مسۆگەر بكات، ئەمەش بە گشتی دەستکەوتێکی پڕباشە بۆ زانکۆی کۆیە. ئەم دەستکەوتە ئاستی خۆ باوەڕی و شییاوی خوێندکارانی ئێمە دەردەخات. ئەمە هاوکات لە لايێکی ترەوە ئامادەکاری و لە بەردەست بوونی زانیاری بەسوود، پشتگیری تیمی هاوکار لە لایەنی ئێمە ڕۆڵێکی کارا لە پرۆسەی پێشکەش کردنی خوازیارانی پرۆژەی مرحبا لە زانکۆی ئێمە پێشان دەدات.

ئەمە لە کاتی ئەو قەیرانە داراییەی کە هەرێمی کوردستان بە خۆی گرتووە پاڵنەرە بۆ بەرزکردنەوەی ورەی نامانجی ئاکاديمی لە زانکۆکەمان. من زۆر سوپاسی ئەو بەشانە دەکەم کە بە جددی پاڵپشتيان لە خوێندکارانی خۆیان کردوودە کە بەشداری لە پرۆژەکە بکەن."

هەروەها بەڕێز ڕۆشانى دەڵێت " هیوادارم لە خوڵی داهاتوو هەموو ئەوبەشانە کە توانایی زانستیان هەیە و لەگەڵ پرۆگرامەکانی پێشکەش کراوی زانکۆکانی ئۆروپی بەشداربووی پرۆژەکە ڕێک دەکەون، هانی خوێندکانی خۆیان بدەن کە داخوازنامە پێشکەش بکەن. ئەمە دەرفەتێکی باشە بۆ گۆڕینی کولتوری ئاکاديمی ئێمە لە سەر بنەما جێهانیەکان ."

هەروەها بەڕێز د. ديلان وردتر دەڵێت " زانکۆی کۆیە توانیويەتى لە چەند ساڵی ڕابردوو لە ئاستی هەرێمی و جیهانی خۆی دەربخات، بەڵام بەردەوامی لەم هەنگاوانە پێویستی بە مرۆڤی کارامە و بە توانایی بەرزی ئاکاديمی هەیە کە پاڵپشتی پرۆسەکان بێت. من ئەم کەسانە کە لەم پرۆگرامە دەرفەتیان بەدەست کەوتووە وەکو سەرمایە بۆ داهاتووی زانکۆ دەبینم. شاری کۆیە دەتوانێ لە ڕێگای بەرزبوونەوەی ئاستی زانکۆى کۆیە بێتە شارێکی زانکۆیی باش (University City) و پێگەی خۆی لە روی پەروەردەیی، هەر وەکو مێژووش دەڵێت، دەربخات".

پرۆژەى مەرحەبا چى يە؟

ئيراسمۆس مۆندس ناسراو بە مەرحەبا، پرۆژەيەكى ئەكادميە لە لايەن يەكێتى ئەوروپاوە پشتيوانى دارايى دەكرێت، لە بازنەى مەرحەبادا ١٨ زانكۆى جيهان بەشدارن، ئەم پرۆژەيە بە مەبەستى ئاڵوگۆڕى كلتور و پەرەپێدانى خوێندن و فێركردن لە زانكۆ بەشداربووەكاندا ڕاگەيەندرا، بۆ زانيارى زياتر لەسەر مەبەستەكان و ئامانجەكانى ئەم پرۆژەيە كليك لێرە بكە.

زانكۆى كۆيە يەكێكە لە چوار زانكۆى هەرێمى كوردستان كە بەشدارن لە پرۆژەى مەرحەبا بۆ ئاڵوگۆركردنى كانديدى خوێندن لە نێوان هەژدە زانكۆى جيهان بە مەبەستى ئاڵوگۆڕى كلتورى و پەرەپێدانى خوێندن و فێركردن لەو وڵاتانەى زانكۆكانيان بەشدارە ، ئەم پرۆژەيە لە لايەن يەكێتى ئەوروپا پشتيوانى دارايى دەكرێت .

دواى كردنەوەى دەرگاى پێشكەشكردن و ڕاگەياندنى سكۆلەرشيپەكان، خوێندكاران و توێژەرانى زانكۆى كۆيە بەشدارييان كرد لە پركردنەوەى فۆرمى پرۆگرامەكە لە مانگى ١١ى ساڵى ڕابردوو تاوەكو ٢٥/١/٢٠١٦ . دواى شۆرت ليست كردنى ناوى كانديدەكان و وردبينيكردن تێيدا، ئەنجامى پرۆژەكە ڕاگەيەندرا.

بە گوێرەى ڕاگەيەندراوى پرۆگرامەكە، زانكۆى كۆيە توانيويەتى ١١ سكۆلەرشيپ لە پێشبڕكێكەدا مسۆگەر بكات، ئەمەش زۆرترين ڕێژەى سكۆلەرشيپە كە زانكۆيەك لە كوردستان دەستەبەرى كردبێت. سكۆلەرشيپە براوەكانى زانكۆى كۆيە بەم شێوەيەيە (٨ كورسى بەكالۆريۆس، دوو ئاڵوگۆڕكردنی ستاف و يەك پۆست دكتۆرا)، ناوى كانديدە براوەكان لە ڕێگەى ئيمەيڵەوە بۆ خاوەنەكانيان نێردراوەوە و پێويستە چاودێرى ئيمەيڵەكانيان بكەن بۆ ئەنجامدانى ڕێوشوێنەكانى ديكە.

وەفدێكى پرۆگرامى مەرحەبا سەردانى زانكۆى كۆيەيان كرد

بە مەبەستى بينينى توانا ئەكاديميەكانى زانكۆى كۆيە و ژێرخانە زانستيەكەى لە تاقيگە و سەنتەرەكانى توێژينەوە، وەفدێكى زانكۆى سانتیاگۆ دی کۆمپۆستێلای ئیسپانی سەردانى زانكۆى كۆيەيان كرد، وەك زانكۆيەكى سەرەكى و بەشدار لە پرۆژەى مەرحەبا ئيراسمۆس مۆندۆس. بۆ زانيارى پتر، كليك لێرە بكە.

ئامادەكردنى : ژوورى هەوال