ڕیزبەندی نیشتمانی زانکۆکانی کوردستان و گرفتەکانی ئەمساڵی خوێندن لە زانکۆی کۆیە

News #05, Issue 25, Jan 2017 | Núcey #05, Jhimarey 25, Mangí 1 Sallí 2017 | نوچەی 5، ژمارەى 25 مانگی 1 ساڵی 2017

لە وتارێكدا بەڕێز پ.ى.د.وەلى مەحمود حەمەد سەرۆكى زانكۆى كۆيە گرفتەكانى زانكۆى كۆيە لەمساڵى خوێندندا دەخاتە ڕوو.

بفەرموو تەواوى بابەتەكە بخوێنەوە

ڕیزبەندی نیشتمانی زانکۆکانی کوردستان و گرفتەکانی ئەمساڵی خوێندن لە زانکۆی کۆیە

هەموو لایەک دەزانین لە (٢) دوو ساڵی ڕابردوو پڕۆسەیەکی یەکجار گرنگ لە وەزارەتی خوێندنی باڵاوە بڕیاری لەسەردراوە، ئەویش پڕۆژەی ڕیزبەندی نیشتمانی زانکۆکانە. هەموو لایەك کۆك بووین لەسەر ئەوەی کە ئەو بابەتە گرنگە و لە ئەنجامیشدا وردە وردە پێویستی بە چاکسازیە.

پڕۆسەکە زانکۆ حکومیەکانی لە زانکۆ ئەهلی و تایبەتەکان جیا کردۆتەوە، واتە (بەهەمان پێوەر) مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت بەڵام ڕاگەیاندنەکەیان واتە ڕیزبەندیەکە ناخرێتە ناو هەمان لیست. هەندێك زانکۆ هەیە دوو ساڵە لەپێشی پێشەوەن وە زانکۆش هەیە کەوتۆتە خواری خوارەوە. لەم بابەتە دەمەوێ لەسەر چەند خاڵێکی هەڵوەستە بکەم کە لە ساڵانی ڕابردوو لەلام گەڵاڵەبووبوون لەسەر تەواوی پڕۆسەکە، زانکۆ حکومیەکان هەموویان وەك یەك لەڕووی پارە و یارمەتی حکومی و ڕایی کردنی کارەکان و پێدانی مافە دارایی و شایستەکانی مامۆستایانیان وەک یەک مامەڵەیان لەگەڵ نەکراوە، وەك:-

١- هەندێك زانکۆ هەرگیز لە ڕووی (نثریە و پارەی وانەی زێدەکی و کڕینی پێداویستی) کەموکوڕیان نەبووە و دەست بەڕوویانەوە نەنراوە. کەچی لەولاشەوە بە بڕو بیانوی جیا جیا پارە لە بانك نیە و ئەو پارەیە لەسەریەك زۆرە و ..... هتد بۆ زانکۆیەکی تر خەرج نەکراوە. (ئەوەش ناعەدالەتی دروست دەکات).

٢- لە هەندێك زانکۆ کۆمەڵێك مامۆستا بە گرێبەست کاردەکەن (هەندێكیان بیانین) وە پارەیەکی باشیش وەردەگرن و گرێبەستەکان بۆیان نوێ کراوەتەوە و دەکرێتەوە، کەچی مامۆستای میلاك موچەکەی لەوان زۆر کەمترە، ئەم بابەتە کاریگەری نەرێنی لەسەر مامۆستای میلاک دروستکردوە، چونکە گرفتەکانی گیرفان کاریگەری خراپی داناوە لەسەر توانست و چالاکی و چالاکی توێژینەوەش. بەڵام مامۆستای گرێبەستی (بیانی) ئەم گرفەتەی نیە و لە چالاکی و توێژینەوە بەردەوامە. کە زانکۆیەکی تری حکومیش داوای گرێبەست دەکات زۆر زەحمەتە و بۆی ناکەن. (واتە لەهەمان سەرچاوەی دارایی حکومەت بە دوو پێوەر مامەڵە دەکرێت لەگەڵ دوو زانکۆکە و یەکیان عقوبە دەدرێت و ئەوی تریان پاداشت. بەمەش ناعەدالەتیەک لە ڕیزبەندی دروست دەبێ).

٣- هەندێك زانکۆ پارەیەکی باشیان بۆ خەرجکراوە بۆ دروستکردنی باڵەخانە و تاقیگە و لەهەمان کات کڕینی کەلوپەل و پەرتوک و سەرچاوە و شتی تری پێویستی زانکۆ. بەهەمان پێوەر بۆ زانکۆیەکی تر نەکڕاوە.

٤- ژمارەیەکی زۆر زانکۆی ئەهلی و تایبەت درووست کراون ئەمەش بۆتە هۆکاری ئەوەی بەشێکی بەرچاو لە مامۆستایانی میلاکی زانکۆ حکومیەکان ڕوو لەم زانکۆیانە بکەن. وە لەبەرئەوەی هەم پارەی باشتر لەوێ ەست دەکەوێت هەم نەبوونی پارە و مووچە و (مافەداراییەکانی تر) هۆکاری ئەوەیە کە مامۆستایان زانکۆ حکومیەکان بکەنە کاری لاوەکی و زانکۆ تایبەتەکان بکەنە شوێنی بژێوی. کاریگەریەکی زۆر خراپی لەسەر زانکۆکان داناوە بەتایبەتیش زانکۆ تازەکان کە لە سەنتەری شارەکان دوورن و هاتنی مامۆستا خەرجی زیادەی بۆ دروستکردوون. ئەم بابەتەش بەبێ ویست و دەسەڵاتی زانکۆ حکومیەکان دەبێتە خاڵێکی بێ هێزی بۆیان و کاریگەری لەسەر ڕیزبەندی و بەرهەمی زانستی دادەنێ.

٥- پێوەری ڕێژەیی ژمارەی مامۆستا بەرامبەر ژمارەی خوێندکار کە لە ڕیزبەندی نیشتمانی خاڵی لەسەرە دوو لایەنە سەیری دەکرێت، لەلایەک لە وەزارەت و ناوەندی وەرگرتنەوە ژمارەکە دەستکاری دەکرێت و پلانی زانکۆکان وەک پێویست کاری لەسەر ناکرێت و لە لایەکی تریش توشی داشکاندنی خاڵ و لێپێچینەوە دەبێت لە ڕیزبەندی.

٦- هەموو لایەک دەزانین ئەمساڵی خوێندن لە زۆربەی زانکۆکانی دەڤەری سەوزی پێشوو بایکۆت و دەوام نەکردن لە ئارادایە. وە هەندێك مامۆستا تەنها ڕۆژێک یان دوو ڕۆژ دەوام دەکەن (واتە تەنها ئەو کاتژمێرانەی کە بەپێی پلەی زانستی بۆیان دیاریکراوە ئامادە دەبن) پێم ناڵێی ئەدی کوا کاتی توێژینەوە و چالاکی زانستی و کۆنفڕانسی زانستی کە ئەو بەڕێزانە بەشداری تیا بکەن. هەر ئەو مامۆستا بەڕێزانەش دوو ڕۆژ یاخود سێ ڕۆژ لە زانکۆ تایبەتەکان وانە دەڵێنەوە (بەمەش پێوەری ڕیزبەندی لاسەنگیەکی زۆری تیا دروست دەبێ).

٧- لە کۆتاییدا ئەوەندە دەڵێم لە ساڵی (٢٠١٧) لە ڕاگەیاندنی ڕیزبەندی نیشتمانی زانکۆکان ئەم کاریگەریانە بەدیار دەکەون بەسەر زانکۆ حکومیەکانەوە وە زانکۆیەکی وەک زانکۆی کۆیە مامەڵەیەکی توندی دارایی لەگەڵ دەکرێت لە لایەک:

‌أ- پارەی وانەبێژی زێدەکی (٧) مانگی ساڵی خوێندنی (٢٠١٥ – ٢٠١٦) ی بۆ خەرج نەکراوە کە سەرجەم زانکۆکانی کوردستان بۆیان خەرج کراوە هەموو پارەکەش نزیکەی (٣٠٠) سێ سەد ملیۆن دینارە بەڵام کاریگەری نەرێنی لەسەر مامۆستایان دروستکردووە لەمساڵی خوێندن.

‌ب- پارەی هاوینی (٢٠١٥)ی مانگەکانی (٧ و ٨ / ٢٠١٥)ی سەرجەم زانکۆکانی کوردستان خەرجکراوە تەنها زانکۆی کۆیە نەبێت کە نزیکەی (١٢٠) سەدو بیست ملیۆن دینارە، خەرج نەکراوە بۆمان.

‌ج- هەندێك استحقاق و پارەی زانکۆ هەبووە لە بانکەکانی هەولێر دانراوە کەچی دەستی بەسەردا گیراوە ساڵێکە هەوڵ دەدەین کە ئەو بڕە پارەیە (منحە) بووە بۆ ڕاپەڕاندنی کارەکان بەڵام لە هەولێر دەستی بەسەردا گیراوە.

‌د- زانکۆی کۆیە باڵەخانەی (سەنتەری ڕۆشنبیری)یەکەی کە (٥٠٪)ی کارەکانی تەواو بووە هیچ پارەیەک بۆ بەڵێندەر خەرج نەکراوە بۆ ئەوەی ڕێژەکەی تری تەواو بکرێت کە زانکۆ سوودی زۆری لێ وەردەگرێت بۆ کۆنفڕانس و چالاکی زانستی.

بۆیە ئەم (٤) چوار گرفتەی کە باسم کردن لەگەڵ چەندین گرفتی تر کاریگەری نەرێنی توندیان هەیە لەسەر زانکۆمان کە هیچ خەتایەك و کەمتەرخەمیەکی زانکۆمانی تێدا نیە سەرەڕای گرفتە گشتیەکانی تری زانکۆکانی حکومی کە زانکۆی کۆیەش بەشی خۆی تیا بەردەکەوێت. داواکارم لە خەمخۆرانی زانکۆکان و زانکۆی کۆیە بەدەنگمانەوە بێن بۆ چارەسەرکرنیان.

ئەم بابەتە لە ڕۆژنامەى كوردستانى نوێ بڵاوبۆتەوە لە ژمارە (٧١٧٢)ى رۆژى ٢٠١٧/١/١٩