كۆبونەوەى سەرۆكى زانكۆ
News #27, Issue 04, April 2015 | نوچەی 27، ژمارەی 4، مانگی 4 ساڵی 2015 | Núcey #27, Jhimarey 04, Mangí 4 Sallí 2015
سەرۆكى زانكۆ لەگەڵ كتێبخانەى ناوەنديى زانكۆ كۆبۆوە
بە مەبەستى لە نزيكەوە ئاگاداربوون و چارەسەركردنى كێشە و گرفتەكان, سەرۆكى زانكۆ لەگەڵ ستافى كارمەندانى كتێبخانەى ناوەنديى زانكۆ كۆبۆوە
رۆژى چوارشەممە ٢٩/ ٤/ ٢٠١٥ كاژێر ٩ى بەيانى بەرێز د.وەلى مەحمود حەمەد سەرۆكى زانكۆ بە ئامادەبونى بەرێز م.كاكەخان نەسرەدين بەرێوەبەرى كتێبخانە, لەگەڵ ستافى كارمەندانى كتێبخانەى ناوەنديى زانكۆ كۆبۆوە.
لەسەرەتادا سەرۆكى زانكۆ گرنگترين كێشەكانى كارگێڕى و دارايى و دۆخى ئێستاى زانكۆى بۆ فەرمانبەران ڕوون كردەوە و ئاماژەيدا بە كاريگەريە نەرێنيەكانى ئەو دۆخە لەسەر زانكۆى كۆيە, لە هەمان كاتيشدا ڕۆڵى كارمەندانى دڵسۆز و ماندووى بەرزنرخاند.
بەرێز سەرۆكى زانكۆ وتى"من هاتووم بۆ بەروپێش بردنى دۆخى كارگێڕى و زانستيى زانكۆى كۆيە و بۆ ئەمەش پێويستم بە هاوكارى و يارمەتى هەموو لايەك هەيە و ڕۆڵى ئەوانە ون نابێت و من ڕۆڵى گرنگى ئەوانە لەبەر چاو دەگرم".
لە ميانى قسەكانيدا تيشكى خستە سەر كتێبخانە و رۆڵى كتێبخانەى زانكۆ لە پرۆسەى فێربوون و ئاستى زانستى زانكۆ و ڕێنمايى پێدان كە كارەكانيان لەسەر بنەماى پسپۆڕێتى و شارەزايى و متمانە بەرێوەببەن.
پاشان لە لايەن بەرێز م.كاكەخان بەرێوەبەرى كتێخانەى زانكۆ, تيشكى خستە سەر دۆخى واقعى كتێبخانە و فەرمانبەران و كێشەكانيان و هەوڵەكانيان بۆ چارەسەركردنى و داواشيكرد لە بەرێز سەرۆكى زانكۆ هاوكاريان بێت لە چارەسەركردنى كێشەكانيان.
دواتر لە كۆبوونەوەكەدا فەرمانبەران سەرنج و تێبينى و كێشە و گرفتەكانيان خستە بەردەم سەرۆكى زانكۆ و بەرێزيشيان وەڵامى سەرجەم فەرمانبەرانى دايەوە.