كۆبوونەوەيەك لەبارەى پلانەكانى ساڵى ئاييندە
News #02, Issue 19, July 2016 | Núcey #02, Jhimarey 19, Mangí 7 Sallí 2016 | نوچەی 2، ژمارەى 19 مانگی 7 ساڵی 2016
بەڕێزان سەرۆكى زانكۆ و جێگرى سەرۆكى زانكۆ بۆ كاروبارى كارگێڕى و دارايى لە كۆبوونەوەيەكدا ڕوانگەكانيان دەربارەى پلانى ساڵى ئاييندە دەخەنە ڕوو.
ڕۆژى دووشەممە ١٨/ ٧/ ٢٠١٦ كاتژمێر ١١ى پێش نيوەڕۆ، لە هۆڵى سەرۆكايەتى زانكۆ بەڕێزان پ.ى.د.وەلى مەحمود حەمەد سەرۆكى زانكۆ و پ.ى.د.سەعيد ساڵح حەمەدەمين جێگرى سەرۆكى زانكۆ بۆ كاروبارى كارگێڕى و دارايى لەگەڵ ستافى بەڕێوەبەرايەتى بەكارخستن كۆبوونەوە.
بەڕێز سەرۆكى زانكۆ لەبارەى كۆبوونەوەكەوە وتى " ئێستا زانكۆمان لە قەيرانێكى سەختى داراييدايە، بۆيە پێويستە هەماهەنگى بەهێز لە نێوان سەرجەم كارمەندانى بەڕێوەبەرايەتيەكان هەبێت و بەڕێوەبەرايەتى چاككردنەوەى زانكۆش كۆڵەگەى بەپێوە وەستانى زانكۆيە "
لە ميانەى قسەكانيدا سەرۆكى زانكۆ تيشكى خستە سەر چۆنيەتى ئەنجامدانى كارەكان و وتى " وردەكارى و لێزانى مەرجى سەركەوتنى كارەكانە، لە ئێستادا دۆخى دارايى دەزگاكانى دەوڵەت لە خراپترين دۆخدايە، هەر بۆيە پێويستە كارمەندان بتوانن بەو توانايانەى لە بەردەستدان بە باشترين شێوە كارەكانيان ڕايى بكەن و بير لە ڕێگەى گونجاو بكەنەوە بۆ ئەنجامدانى كارەكانيان"
هەروەها بەڕێز سەرۆكى زانكۆ وێڕاى دەستخۆشى لە كارمەندان كە كارەكانيان بە ڕێكوپێكى ئەنجامداوە، وتيشى " بۆ ئاييندە پێويستمان بە تواناكانتانە و ئێوە لە كەسانى پێشەنگى زانكۆن، كارەكانتان زمانحاڵتانە و ئێوە دەتوانن لە ڕووى داراييەوە هاوكاريەكى ناوازەى زانكۆ بكەن"
بەڕێز سەرۆكى زانكۆ جەختى لە هاوكارى و هەماهەنگى كردەوە لە نێوان كارمەندان، چونكە كارەكانى يەكتر تەواو دەكەن و پێويستە بە يەك تيم كارەكان ئەنجام بدەن.
لاى خۆشيەوە بەڕێز پ.ى.د.سەعيد ساڵح حمدامين جێگرى سەرۆكى زانكۆ بۆ كاروبارى كارگێڕى و دارايى وتى " ئەم كۆبوونەوەمان بۆ ئەوە نيە لێپێچينەوە لەكەس بكەين ، تەنها ئامانجمان هۆشيار كردنەوە و لێكترى گەيشتنە ، دەمانەوێ لە مەبەستى پەيامەكەى سەرۆكى زانكۆ بگەن ، دەمانەوێ پردى پەيوەنديەكانمان بە تينتر بكەين"
لەو ڕوانگەوە بەڕێز ئەندازيار سەركەوت حمد بەڕێوەبەرى چاككردنەوەى زانكۆ روونى كردەوە كە پێويستە بۆ لەمەو دوا هەوڵى دابين كردنى وەرشەيەكى باش بدەين و شوێنێك بێت بۆ رايىكردنى كارەكانمان ، لەهەمان كات داواى ئەوەى كرد كە خەلكانێكى خاوەن بڕوانامە شارەزا هەن لە هەندێك شوێنى زانكۆ دەكرێ كۆيان بكەينەوەو سوود لە ئەزموون و تواناكانيان ببينين .
لە كۆتاييدا بريار درا كە هەماهەنگيەكان پتەوتربكرێن و سوود لە توانا ناوخۆييەكان وەربگيرێن بۆ پەرەپێدانى پرۆژەكانى زانكۆ.
ئامادەكردنى : محەمەد مەغديد
وێنەكان : كاردۆ محەمەد