Issue 65 (1) هەماهەنگى نێوان زانکۆو تەندروستى بۆ دروستکردنى چەند ئامێرێکى هەناسەدانى دەستکرد

هەوڵدان بۆ دروستکردنى چەند ئامێرێکى هەناسەدانى دەستکرد

ڕۆژى یەک شەمە ڕێکەوتی ٣-٥-٢٠٢٠ لە سەرۆکایەتی زانکۆی کۆیە کۆبوونەوەیەک ئەنجامدرا لەگەڵ بەرێوەبەرایەتی نەخۆشخانەی شەهید د. خالید لە کۆیە، بە ئامادەبوونی بەڕێزان پ.د.وەلی مەحمود حەمەد سەرۆکی زانکۆی کۆیە و پ.ی.د. محەمەد حەسیب زەنگەنە راگری فاکەڵتی ئەندازیاری و د.دیار عمر کاکە مامۆستا لە بەشی ئەندازیاری دروستکردن و پیشەسازى بەڕێز (شڤان حکیم) دەرچووی بەشی ئەندازیاری دروستکردن و پیشەسازی لە زانکۆی کۆیە و کە لەکاتى ئێستادا خوێندکاری ماستەرە لە ولاتی پورتوگال، بە ئامادەبوونى هەریەک لە بەڕێزان د. کاوە سابیر بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شەهید د.خالید و د. عزیز تۆما پزیشکی پسپۆری سڕکردن و ی.پزیشک سەڵاح رەحمان یاریدەدەری پزیشکی سڕکردن.

کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە گفتوگۆکردن لەسەرتوانای دروستکردنی چەند ئامێرێکی هەناسەدانی دەستکرد لە لایەن فاکەڵتی ئەندازیاری بەشی ئەندازیاری دروستکردن و پیشەسازی بۆ نەخۆشخانەی ناوبراوو بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی کۆیە، هەردوولا ئامادەیی خۆیان دەربڕی بۆ هەماهەنگی کردنى زیاتر بە مەبەستی دروستکردن و پێشخستنی ئامێری ئاماژە پێکراو.

بۆ ئەم مەبەستە بڕیاردا مامۆستایانى بەشى ئەندازیارى دروستکردن و پیشەسازى و پسپۆرییە هاوبەشەکان ڕابسپێردرێن بۆ ئەوەى هەموو تواناى خۆیان بخەنەکار، بۆ ئەوە ى پەرە بە بیرۆکەو تواناى ئەو هەوڵەى کاک ( شڤان حیکم) بدەن بۆ ئەوەى ئامێرەکە بەشێوازێکى زانستى و ئەکادیمى تۆکمەتر بخەنە بەردەست.

شایانى باسە بەڕێز (شڤان حکیم) وەک دەرچووى بەشى ئەندازیارى دروستکردن و پیشەسازى لە فاکەڵتى ئەندازیارى زانکۆى کۆیە، ئامێرێکى هەناسەدانى دەستکردى دروستکردو لەم کۆبوونەوەیەدا ئامادەیی خۆى دەربڕى بۆ دروستکردنى چەند دانەیەکى تر لەم ئامێرە کە بۆ ئەمڕۆى بوارى تەندروستى گرنگى و بایەخى خۆى هەیە.