شاندێكى زانكۆى كۆيە سەردانى زانكۆكانى وڵاتى ئێرانى كرد
News #04, Issue 22, Sep 2016 | Núcey #04, Jhimarey 22, Mangí 9 Sallí 2016 | نوچەی 4، ژمارەى 22 مانگی 9 ساڵی 2016
شاندێكى زانكۆى كۆيە بە مەبەستى دروستكردنى پەيوەندى ئەكاديمى لەگەل چەند زانكۆيەك سەردانى ولاتى ئێرانى كرد و ژمارەيەك ياداشتنامەى لێكگەيشتنى واژۆكرد لەگەل زانكۆ بەناوبانگەكانى ئەو وڵاتە.
دەسپێكى سەردان!
ڕۆژى هەينى ٢٨/ ١٠/ ٢٠١٦ شاندەكەى زانكۆى كۆيە بەسەرۆكايەتى بەڕێز پ.ى.د.وەلى محمود حەمەد سەرۆكى زانكۆ گەيشتنە وڵاتى ئێران، ئەجێنداى سەردانەكە بينين و گفتوگۆلە خۆدەگرێت لەگەڵ بەرپرسانى چەند زانكۆى وڵاتى ئێران.
رۆژى شەممە ١٠/٢٩ زانكۆى كۆيە و زانكۆى فيردەوسى مەشهەد ياداشتنامەى لێكگەيشتنيان واژۆ كرد لە لايەن هەردوو سەرۆكى زانكۆوە. زانكۆى فيردەوسى مەشهەد يەكێكە لە گەورەترين زانكۆكانى وڵاتى ئێران، كليك لێرە بكە
سەردانەكەى وەفدى زانكۆى كۆيە لە چوارچێوەى دەستپێشخەرى زانكۆى مەشهەد بوو، كاتێك وەفدێكى زانكۆى ناوبراو سەردانى زانكۆى كۆيەيان كرد بۆ بونيادنانى پەيوەندى ئەكاديمى لە نێوان هەردوو زانكۆدا، بۆ زانيارى پتر كليك لێرە بكە.
يەكێك لە تەوەرەكانى سەردانى زانكۆى مەشهەد بريتى بوو لە هەماهەنگى بۆ كردنەوەى سەنتەرێكى فێربوونى زمانى فارسى، لە نێوان سەنتەرى فێربوونى زمانى فارسى زانكۆى مەشهەد و فەكەڵتى پەروەردەى زانكۆمان لێكگەيشتنێكى تايبەت واژۆ كرا، بە مەبەستى هەماهەنگى و هاوكارى بۆ كردنەوەى سەنتەرى فێربوونى زمانى فارسى لە زانكۆى كۆيە كە بتوانرێت تاقيكردنەوەى باوەڕپێكراوى تێدا ئەنجام بدرێت لە چوارچێوەى رێنماييەكانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژينەوەى زانستى. يەكێك لە كارەكانى ديكەى سەنتەر بريتى يە لە كاركردن لەسەر بابەتە هاوبەشەكانى نێوان زمانى كوردى و زمانى فارسى.
دواى ئەم ياداشتانە وەفدەكەى زانكۆى كۆيە كە پێك هاتبوون لەچەند مامۆستاى زانكۆمان تەواوى بەشەكانى كۆلێژى زانست و پاشان پەرتوكخانەى زانكۆكەى بەسەركردەوە.
دوو مژدە بۆ مامۆستايان و توێژەرانى زانكۆى كۆيە
بەڕێز پ.ى.د.وەلى مەحمود حەمەد سەرۆكى زانكۆى كۆيە بە نووچەنامەى زانكۆى ڕاگەياند " لەئەنجامى سەفەرى شاندى زانكۆمان بۆ زانكۆى فيردەوسى مەشهەد، دواى واژۆكردنى ياداشتنامە لە نێوان هەردوو زانكۆ ئەم دوو مژدەيە دەدەينە مامۆستايان و توێژەرانى زانكۆمان :
يەكەم / لە ئێستاوە پرۆفيسۆر و پرۆفيسۆرى بەشدار و پرۆفيسۆرى ياريدەدەرى زانكۆى فيردەوسى مەشهەد، هاوكارى و بەشدارى دەكەن لە هەڵسەنگاندنى توێژينەوەكانى زانكۆى كۆيە بۆ گۆڤارى زانستيى ئارۆ و پرۆسەى بەرزكردنەوەى پلەى زانستى.
دووەم / لە ١١/١ بەدوا بۆ هەر كۆنفرانسێكى زانستى زانكۆى فيردەوسى مەشهەد دوو مامۆستاى زانكۆى كۆيە كە بە توێژينەوە بەشدارى لە كۆنفرانسەكانيان دەكەن (ساڵانە زانكۆى فيردەوسى مەشهەد نزيكەى دە كۆنفرانسى نێودەوڵەتى ئەنجام دەدات ) هيچ پارەيەك نادەن و بێ بەرامبەر بەشدارى دەكەن، تەنها تكتى فڕۆكە دابين دەكەن كە ئەويش زانكۆى كۆيە لە ئەستۆى دەگرێـت.
سەردانى زانكۆى صەنعەتى شەريف
لە چوارچێوەى سەردانەكاندا، ڕۆژى ٢٠١٦/١١/١ وەفدى زانكۆى كۆيە سەردانى زانكۆى صەنعەتى شەريفيان كرد لە شارى تارانى پايتەخت، وەفدەكە لە لايەن پ.د.مەحموود فتوحى سەرۆكى زانكۆوە پێشوازيكران بە ئامادەبوونى بەڕێزان د.عەلى موقر بەرپسى پەيوەنديە نێودەوڵەتييەكان، د.محمد جعفر سەرۆكى فەكەلتى ئەندازيارى كيميا و نەوت، د.حسين ئەسەدى بەڕێوەبەرى ئەزمايشكاى تحقيقاتى.
دواى گفتوگۆكان هەردولا لەسەر واژۆكردنى ياداشتنامەيەكى لێكگەيشتن ڕێككەوتن، دواتر وەفدەكە سەردانى چەند بەشێكى كرد لەگەل سەنتەرێكى توێژينەوەى زانكۆكە و كۆتايى بە سەردانەكە هێنا.
سەردانيكردنى پەيمانگاى باستور بۆ توێژينەوەى زانستى
لە دوايين ڕۆژى سەردانەكەدا ئەمرۆ چوار شەممە ٢٠١٦/١١/٢ وەفدى زانكۆى كۆيە سەردانى پەيمانگاى باستور بۆ توێژينەوەى زانستيان كرد. پەيمانگاى باستوور يەكێكە لە پەيمانگا پێشكەوتووەكانى وڵاتى ئێران و ناوچەكە بەتايبەت لە دروستكردنى ڤاكسين و توێژينەوە بايۆتەكۆلۆژيەكان. وەفدەكەى زانكۆى كۆيە ژمارەيەك تاقيگە و بەشى پەيمانگاكەى بەسەركردەوە و لە كۆتاييشدا ياداشتنامەى لێكگەيشتن لە نێوان زانكۆى كۆيە و پەيمانگاى باستور واژوكرا بە مەبەستى هاوكارى و هەماهەنگى زانستى لە نێوانياندا.